نیگه‌رانی به‌ره‌ی مالکی له‌ گرنگی سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی بۆ به‌غدا

نیگه‌رانی به‌ره‌ی مالکی له‌ گرنگی سه‌ردانه‌که‌ی بارزانی بۆ به‌غدا
دوای زیاتر له‌ سێ ساڵ، به‌هۆی تاکڕه‌وی مالکی له‌ ده‌سه‌ڵات و سیاسه‌تی هه‌ڵه‌ی به‌‌رامبه‌ر کوردستان و دواتریش بڕینی قوتی خه‌ڵک و بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان، که‌لێنێکی گه‌وره‌ که‌وته‌ نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
لەکاتێکدا ئەمریکا و وڵاتانی هاوپه‌یمانی له‌ شه‌ڕی دژی داعش و چه‌ند وڵاتێکی ئیقلیمی به‌رده‌وام لە هه‌وڵی ئەوەدابوون به‌ سه‌ردانێکی سه‌رۆک بارزانی بۆ به‌غدا کۆتایی بەو دابڕانه‌ زۆرە بهێنرێت و په‌یوه‌ندییه‌کان ئاسایی بکرێنه‌وه‌ و به‌سته‌ڵه‌کی نێوانیان بشکێندرێت، ئه‌مه‌ش به‌هۆی ئه‌وه‌ی‌ له‌ ماوه‌ی ئه‌و دووری و دابڕانه‌دا، مالیکی و هاوبیره‌کانی لە بەغدا و لایه‌نه‌ دۆسته‌کانی له‌ کوردستان، ئه‌وانه‌ی له‌ سلێمانی فه‌رشی سوریان بۆڕاخست و ئامێزیان بۆ کرده‌وه‌ و به‌رده‌وام خۆیان و نوێنه‌ره‌کانیان له‌ به‌غدا سه‌ردانیان ده‌کرد و ستایشیان ده‌کرد و دروشمیان له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ده‌وته‌وه‌، ئەو که‌لێنه‌ی نێوان هه‌ولێر و به‌غدایان بۆ به‌رژه‌وه‌ندی خۆیان قۆسته‌وه‌ و به‌ پیلانڕێژی و هاوکاری مالکی بۆکۆسپ خستنە به‌رده‌م ڕێگا چارەسەرییەکان بەردەوام بوون.
ته‌نانه‌ت به‌ چوونه‌ به‌ره‌ی کوتله‌ی مالکی له‌ په‌ڕله‌مانی عێراق ده‌یانویست شکست به‌ کابینه‌که‌ی عه‌بادی بهێنن، چونکه‌ ده‌یانزانی هه‌وڵه‌کانی سه‌رۆک بارزانی و نێچیرڤان بارزانی و کۆبوونه‌وه‌کانیان له‌گه‌ڵ سه‌رۆک وه‌زیرانی عێراق،ده‌ستکه‌وتی باش و هه‌نگاوی نوێ و ئامانجی گرینگی به‌دواده‌هات.
دوابه‌دوای سه‌ردانه‌که‌ی سه‌رۆکی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان بۆ به‌غدا و به‌ڕاشکاوی باس کردنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی له‌گه‌ڵ عه‌بادی و سه‌رکرده‌ شیعییه‌کانی عێراق و گفتوگۆ کردن له‌سه‌ر دوباره‌ هه‌نارده‌ کردنه‌وه‌ی نه‌وتی که‌رکوک به‌ ڕێگای بۆڕییه‌ نه‌وتییه‌کانی کوردستان، عه‌بادی داوای له‌ نێچیرڤان بارزانی کردبوو که‌وا سه‌رۆک بارزانی سه‌ردانی به‌غدا بکات.

پاش گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆک بارزانی له‌ فه‌ڕه‌نسا، به‌ شاندێکی باڵای سه‌رکرده‌ حیزبیه‌کانی کوردستان سه‌ردانی بەغدای کرد، له‌م سه‌ردانه‌دا که‌ له‌ماوه‌ی یه‌ک ڕۆژدا چه‌ندین کۆبوونه‌وه‌ و دیداری له‌گه‌ڵ عه‌بادی و عه‌مار حه‌کیم و کوتله‌ی سه‌در و عه‌لاوی و زۆربه‌ی لایه‌نه‌ گرینگه‌کانی عێراق جگه‌له‌ مالکی ئه‌نجامدرابوون، سه‌رۆک بارزانی له‌ هه‌موو کۆبوونه‌وه‌کان زۆر به‌ ڕاشکاوی باسی سەربەخۆیی کوردستان و زۆر پرسی دیکه‌ی وەک: پلانی شەری موسڵ و دوای ئازادکردنەوەی موسڵ کە قۆناغێکی چارەنوسسازه‌ بۆ کوردستان یه‌کلاکردووته‌وه‌، هه‌روه‌ها لەباره‌ی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا کە کێشەی قورسن گفتوگۆ کراوه‌ که‌ دەبێت کۆتاییان پێبێت و چاره‌سه‌ر بکرێن.

له‌ سه‌رجه‌م کۆبوونه‌وه‌کان به‌ پێویست زانرابوو که‌ کوردستان و عێراق له‌م ئاسته‌ باڵایه‌ بەفەرمی لەگەڵ یەکتر دانیشن و کێشە هه‌ڵپه‌سێردراوه‌کانی نێوانیان نەهێڵن، و هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی هەنگاوەکانیان خێرا بکەن و کاری جدی بکرێت بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان، ئه‌مجاره‌ له‌ به‌غدا و به‌ ئاماده‌بوونی زۆربه‌ی سه‌رکرده‌ باڵاکانی کوردستان، سه‌رۆک بارزانی بەتایبەت لە پرسی سەربەخۆیی کوردستان دەستی بە قۆناغێکی نوێ لەگەڵ عێراق کرد.

هه‌ر بۆیه‌ دوای گەڕانەوەی سه‌رۆک بارزانی لەبەغدا، کورده‌کانی به‌ره‌ی مالکی که‌ ئه‌نجامه‌ گرینگه‌کانی ئه‌م سه‌ردانه‌ ڕێسه‌کی لێ کردنه‌وه‌ به‌ خوری قەڵس و نیگەران بوون و نه‌ک نه‌یانتوانی دۆڕانه‌که‌یان له‌و یارییه‌ی که‌ پێیان کرابوو بشارنه‌وه‌ به‌ڵکو هه‌ر زوو ئەو نیگەرانیه‌یان وایکرد له‌ ڕێگای میدیاکانیان و نوێنه‌رانیان له‌ به‌غدا و نوسه‌ره‌کانیان بەهەر شێوەیەک بووبێت لە گرنگی قۆناغە نوێیەکەی سه‌رۆک بارزانی و سەردانه‌که‌ی بۆ بەغدا کەم بکەنەوە.
سه‌ردانێک که‌ هه‌ر له‌ ده‌ستپێکیدا هەریەک لە جێگری سەرۆکی ئەمریکا و نوێنەری ئەوروپاو نوێنه‌ری تایبه‌تی ئۆباما بۆ شه‌ڕی داعش وڵاتانی دراوسێ بە گرنگییەکی زۆرەوە قسه‌یان له‌سه‌ر کردبێت و سه‌رکرده‌ کورده‌ به‌شدار بووه‌کانی شاندی یاوه‌ری به‌و په‌ڕی گرنگیه‌وه‌ باسی ناوه‌ڕۆکی کۆبوونه‌وه‌کان و قسه‌کانی سه‌رۆک بارزانی بکه‌ن، ئیتر چه‌واشه‌کاریی میدیایی و قسه‌پوچه‌کان و بیانووهێنانه‌وه‌ بۆ شکستی سه‌رکرده‌ی هه‌ندێک لایه‌نی کوردی به‌ره‌ی مالکی کای کۆن به‌ با کردنه‌وه‌ و هیچ قیمەتێکیان نیه‌ و ده‌بێ له‌وه‌ش تێبگه‌ن که‌ هیچ کاتێک ناتوانن ببنه‌ ڕێگر له‌ به‌رده‌م هه‌نگاوه‌کانی سه‌رۆک بارزانی و هه‌ر کاتێک بیه‌‌وێت پیلان و خه‌ونه‌کانیان بۆ ڕێگە گرتن لە کاروانی سەربەخۆی و دروستبوونی دەوڵەت له‌ گۆڕ ده‌نێت و ئه‌و سه‌ردانه‌ش بۆ به‌غدا دەسپێکی ئایندەیەکی گەش و سەربەخۆبوونی کوردستانه‌.
Top