گرەو لەسەر ئێران گرەوە لە سەر ئەسپی دۆڕاو

گرەو لەسەر ئێران گرەوە لە سەر ئەسپی دۆڕاو
گومانی تێدانیە کەوا ئێران, نەک ھیچ وڵاتێکی تر, یاریکەری سەرەکی و بەھێزە لە بەدەست گرتنی جڵەوی کاروباری عێراق دوای ڕوخانی ڕژیمی دیکتاتۆری, وە بە توانا سەرسوڕھێنەرەکانی کلیلەکانی دەسەڵاتی لەو وڵاتە گرتۆتە دەست, ھەر لێرەوەش خۆی خزاندۆتە زۆر ناوچەو کاریگەریەکانی پێشوتری بۆ دەست خستنە ناو کاروباری وڵاتانی تر زیاتر پەرە پێداوە.
وە ھیچ کاتێک ئێران ئەوەی نەشاردۆتەوە کە عێراق بە سنووری سیاسی ئێستای لە ناو قوڵایی ستراتیجی ھەوڵە فراوان خوازیە کۆن و نوێکەیدایە و بە ھەموو توانای ھەوڵی مانەوە و زیاتر خستنە ژێرڕکێفی ئەو وڵاتە دەدات, وە سڵ لە سوتاندنی تەڕو ووشک ناکاتەوە ئەگەر ھەست بکات بەرژەوەندیەکانی کەوتونەتە بەردەم ھەڕەشە و مەترسی.

شتێکی بەڵگە نەویستە کە ھەردوو ڕەھەندی ئایینی و نەتەوەیی پاڵنەری ئەو ھەڵپە فراوان خوازیەی ئەو وڵاتەن, ھەر لە زانینی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامی ئێران بە ڕابەری تەواوی موسڵمانانی جیھان و ھەوڵدانی ھەمیشەیی بۆ ھەناردەکردنی شۆرشی ئایەتوڵلا خومەینی بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە و گێڕانەوەی شکۆی ڕابردووی ئیمپڕاتۆریەتی ساسانی.


ئەم دەستکەوتە زۆر و ئاسان و خێراییانەی ئێران بۆتە ھۆی ئەوەی ھەندآ دەسەڵاتی ناوچەکەش ھەست بە مەترسی بکەن و ھەوڵی ڕووبەڕوو بونەوەی ئەو پاوان خوازیە بدەن و خۆیان بە جێگرەوەی ڕاستەقینەی ئەو وڵاتە بزانن . ئەو ڕووبەڕوو بوونەوەیەش ھەموو ئاستە سیاسی و ئابوری و ڕاگەیاندن و شەڕی بریکاری تێپەڕاندوەو لە سەر لێواری شەڕی ڕاستەوخۆدایە.

وێدەچآ دوای ئەو بە ئاگا ھاتنەوەی وڵاتانی دژ بە بەرەی ئێران ئەو فراوان خوازیە چیتر بە ئاسانی ڕێگەی پێنەدرآ و کەوتۆتە بەر مەترسی جددی و نەک ھەر پێشی لێگیراوە بەڵکو لە پاشەکشەی بەردەوام دایە و ئەو بەرەیەش لە زۆر ڕووەوە بە ھێزترە بە تایبەتی لە رووی ئابووری و جیۆپۆلێتیکی.

چارەنووسی کوردستانی باشوور و لایەنە سیاسیەکانی ھیچ کات گرینگیەکی زۆریان بۆ ئێران نەبووە و تەنیا لە ڕووی ئاسایشی سنوورەکان و لە چوار چێوەی عیراقدا سەیری کراوە و کاروبارەکەی سپێردراوە بە قەرارگای ڕەمەزان و سوپای قودس, وە ئێران نایەوآ دان بەوەدا بنآ کە کوردیش بۆتە ژمارەیەک ھەرچەندە بچوکیش بێت و کاریگەریەکەی زۆر نەبێت, بەڵام گومانی تێدانیە کە لە ھاوکێشە ئالۆزەکەی ناوچەکە دەتوانآ تەرازوەکە بە سوود یان بە زیانی ئێران لاسەنگ بکات و ناکرآ وەکو ڕابردوو سەیری بکرآ .


Top