تراژیدیای بەتاڵكردنەوەی خەونێكی شوم!

تراژیدیای بەتاڵكردنەوەی خەونێكی شوم!
وەڵامێک بۆ مامۆستاکەی عبدارزاق شەریف

بەرپرسی راگەیاندنی بزووتنەوەی گۆڕان لە ناو جەنجاڵی سیاسەت و ململانێكانی مێژوودا نەژیاوە، تا باس لە ڕووداوە سیاسییە مێژووییەكان بكات، بۆیە ئەوەی لە سایتەكەیاندا نووسیویەتی، ئایدیای نەوشیروان مستەفایە، كە بریتییە لە بێ ئومێدبوون لە هەموو گەلەكۆمەكێ و فرت و فێڵ و پیلانگێڕانیان. ئەوەی نووسراوە، مەدلوولەكەی تەنها یەك شتە: جوینەوە و كاوێژكردنەوەی خواردنێكی ئێكسپایەر و لێدانەوەی سەدان جارەی قەوانە سوواوەكەی نەوشیروان و هاوبیرەكانیانە!
سەردانی سەرۆك بارزانی و شاندی یاوەری بۆ بەغدا، نەوشیروان و هاوپەیمانەكەی تووشی بارێكی دەروونی ڕووخێنەر كردووە، لە بەر هیچ نا، تەنها لە بەر ئەوەی ئەمانی لەگەڵ نەبوون و هەمیش ئیشەكەشیان لێ بوو بە بەردەكەی سیزیف!
پرەنسیپی لە سیاسەتدا، (نە دۆستی تاسەرو، نە دوژمنی تا هەتایە هەیە بەرژەوەندی هەیە) لە هەموو دنیادا ڕێڕەوی خۆی بەرنەداوە و بەردەوامە، بۆ كوردیش هەقە و، بۆ سەرۆك بارزانییش ڕەوایە، كوردستان ناكۆكیی لەگەڵ بەغدا هەیە، لێ دوژمنایەتیی نییە، بۆیە دانوستان ومانۆڕی سیاسی وەكو هەموو سیاسەتوانێكی دیكەی دنیا، هەقی بارزانییە، بەتایبەت لە دۆخێكی وەك ئەمڕۆدا كە كوردستان بە بارێكی گرانی ئابووری و گرفتی گەورەدا تێپەڕ دەبێت.
بەرپرسیارێتیی بارزانی لە هەرێمی كوردستاندا، جگە لە حزبایەتی و هەموو ئیعتیبارێكی دی، لە سەرووی هەموو بەرپرسیاریەتیەكانی دیكەوەیە و لە هەموشیان گەورەترە، لە بەر ئەوە بارزانی بە پلەی یەكەم بەرپرسیارەو خۆیشی بە بەرپرسیار دەزانێت و، بەرپرسیارانەش لەبەردەم مێژوودا و راستگۆیانەش بۆ مێژوو شانی داوەتە بەر ئەم باری بەرپرسیارەتییە مێژووییە، بۆ ئەوەی ئەگەر ئێستاش خەڵكێكی بێ ئەمەك هەر پێی نەزانن، ئەوا نەوەی دواڕۆژ بزانن سەرۆكەكەیان هەموو توانای خۆی خستە گەڕ بۆ ئەوەی ئیتر ئەوان پێویستیان نەبێ چیتر قوربانی بدەن، بەڵكو بحەسێنەوە و هاوكات، لەو سۆنگەیەوە دەریش بكەوێ كێن ئەوانەی دەیانەوێ ئاگر بە خەرمانی خەبات و قوربانیدانی كوردەوە بنێن.
مێژووی پێڕەوانی ڕێبازی بارزانی دەورێكی كاریگەریان لە ژیانی سیاسی و كۆمەڵایەتی كوردستاندا هەبووە و لە داهاتووشدا ڕۆلی كاریگەرتریان دەبێت
هەموو ئەو سازش و فیداكاریانەی لە مێژوودا بارزانی لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و دەستەڵاتدارانی ناوچەكەدا كردویەتی، خۆشبوون بووە لە هەقی پارتی و بنەماڵەو شەخسی خۆیدا، هەر بازدانێكیشی بەسەر نەیارو هەندێ حزب و كەسانی وەكو نەوشیروان مستەفادا بێ، بۆ ڕێگرتن و بەتاڵكردنەوەی پیلانگێڕی و سیناریۆ مەترسیدارەكان بووە، لە پێناوی پاراستنی خەڵك و خاكی كوردستاندا بووە.
ئێستا بارزانی كوردستان بەرەو سەربەخۆیی دەبات، لەگەڵ عێراق داخڵی قۆناغێكی نوێی لێكتێگەیشتن بووە، وەك عادل عەبدولمەهدی دوێنێ نووسیویەتی، ئەو سەربەخۆییەی بارزانی باسی دەكات، پێویستە هەموو عێراقییەكان لێی تێبگەن و بە عەقڵ و مەنتیق تێی بڕوانن، ئەگەر بەم هەنگاوەشی بارزانی، دارێكی جەوهەرداری بە ڕۆحی نەوشیروان و هاوپەیمانەكانی داهێنابێ و ریسەكەی لێكردبنەوە بە خوری، ئەمە تاوانی خۆیانە كە پەندو عیبرەت لە مێژوو وەرناگرن!
لە ڕاستیدا ئەم میدیاكارە بنووسەی گۆڕانیش، یەكێكە لەو هەزاران كەسەی كە بەلاڕێیدا براوە، بۆیە ئێمە ئەو بنووسەمان بەلاوە گرینگ نییە، بەڵام مامۆستا دوورە وڵاتەكەیمان بەلاوە سەیرە! كە دوای پتر لە حەفتا ساڵ تەمەنی هێشتا خەون بە تێكدان و لێكترازان و وێرانكردنی وڵاتەكەی خۆی دەبینێ؟!
بارزانی بە ڕاشكاوی لە هەموو دەرگایەكی دیپلۆماسیی مومكین دەداو هەوڵ دەدا كە هاوپەیمان و دۆستی پێشوەختە بۆ دۆزی ڕەوای گەلەكەی پەیدا بكا. بەڵام پرسیاری جیددی ئەوەیە، ئەی ئێوە خەریكی چین .؟
Top