پراگماتیزم لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی

پراگماتیزم لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی
داوای کورد لە بەشێک لە کوردستان روون و ئاشکرا بووە، ئەوەش باشوورە، بەوواتایە کە ئێستا بە کردەیی لە مەیدانی نێو خۆ و ناوچە و نێو نەتەوەییدا کاری بۆ دەرکرێت،ئەوەش سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەولەتی کوردستانە.
لە باکووردا، یەکەم، بار و دۆخی تورکیا بە گشتی وەک ولات نەگەیشتوە بەو ئاستە ، دووهەم، حەرەکەی کوردیی چەند بەشە و لایەنی بە هێز ی باکوور کە پارتی کرێکارانی کوردستانە بۆ چوونی جیاوازی بۆ ئەم پرسە هەیە و خوازیاریی – خۆسەریی دێمۆکراتیکە-.
لە رۆژئاوا دا بەرەو فێدرالی دەرۆین ئەوەش نەک هەر کورد بەلکوو گشت ولات بەرەو چارەسەرییەکی لەم نۆعە هەنگاو دەنێت، ئەگەر بێتو چارەسەریی بێت ، وەک نموونەی عێراق کە دەریخست فێدرالیزمیش چارەسەری نییە. ئەمە لە لایەک و لە لایەکی ترەوە هەم ناکامێل بوونی حەرەکە خۆی گرفتە و هەمیش شەری باکوور کارتێکەریی راستە وخۆی نێگاتیڤی لە رۆژئاوا دا هەیە.
لە رۆژهەلاتدا، جارێ ولات گیرۆدەی دیکتاتۆرییەتی سەدەی پێشووە و حەرەکەی کوردیش دابەش و پەیرەوی بۆچوونی دێمۆکراسی و فێدرالییە ،هەر چەند رەوتی رووداوەکان ئەم حەرەکەیە بە رەو هەر دوولا دا پاڵ دەنێت، یانی هەم دێمۆکراسی خوازیی بۆ ئێران و هەمیش بەرەو سیاسەتێکی زیاتر نەتەوەیی،بەلام رەوتی گشتی ناوچە کە رەنگە زیاتریش لێمان روون بێتەوە لە دوای شەری داعەش و هەلبژاردنەکانی ناوەندی بە هێزی بریار کە ئامریکایە، حەرەکەی کوردیی لە رۆژهەلاتدا زیاتر بەرەو داخوازیی سەروەریی نەتەوەیی رادەکێشێت.
لە کات و ساتێکی لەم جۆرە دا مەعقوولە گەورەترین پشتیوانی و تەرخان کردنی هێز رووی لە باشوور بێت و سیاسەت وا دابرێژرێت کە بە هەموو لایەکەوە بتوانین ئەم پرۆژە نەقدەی بەر دەستمان بە ئەنجام و سەرکەوتن بگەینین.
نابێ رێگا بدەین کە جیاوازی لە شیعارات کەلێن بخاتە نێوانمان و درز ئامادە بکات بۆ دەخالەتی ناحەزان. ئەم کارە عەمەلییە و دەکرێ. پراگماتیزم لە سەر بنەمای بەرژەوەندیی نەتەوەیی و نەک پارچە پارچە بوونی کورد کلیلی دەرباز بوونە لەو مەرحەلە حەساسەوە.

حوسێن کوردنەژاد
2016/10/04
Top