خوێندنەوەیەك بۆ ئاژانس و رۆژنامەگەری ئابووری
October 1, 2016
وتار و بیروڕا
لێرەدا پرسیارە گرنگەكە ئەوەیە؛ چی بكەین بۆ ئەوەی نوخبەی سیاسی و بەڕێوەبەرانی ئەم هەرێمە دەوڵەمەند بن لەمەعریفەو هۆشیاری ئابووری؟ رەنگە بپرسن بۆچی باسی هەموو هاوڵاتیانم نەكرد چونكە بەخۆرسكانە مرۆڤ كەسێكی ئابووریی یەو شارەزایی بەرزی هەیە، ئەوەندە بەسە خودای گەورەو میهرەبان مرۆڤی كردوەتە خەلیفەی خۆی لەسەر زەوی. باشە لەكاتێكدا مرۆڤ خۆرسكانە بەهرەمەندو هۆشیار بێت ئەی بۆچی لەكۆمەڵگە هەژارو تازەپێگەیشتووەكاندا ئاستی هۆشیاری ئابووری كزو لاوازە ؟ هۆكارەكەی بۆ نوخبەی سیاسی و حزبە كوردستانیەكان و كەناڵەكانی راگەیاندن دەگەڕێتەوە كە لەم سەردەمەی ناسراوە بە(سەردەمە گۆڕانكارییە خێراو بەردەوامەكە ) كەچی میدیای ئابوورییان پشتگوێخستووە و كەناڵەكانی راگەیاندنیش جگە لەچەند هەواڵ و بڕگەیەكی ئابووری كە لەناو چوارچێوەی هەواڵ و راپۆرتە سیاسیەكان ئاخنراوە خاوەنی پەیام و بەرنامەیەكی بەهێزی ئابووری نین. كەواتە لەم دۆخە دژوارە كە رووبەرووی كەناڵەكانی میدیاش بووەتەوە گرنگە وەرچەرخانێك لەپەیامی میدیایی كەناڵەكان دروست بێت و پشكی شێر بەر میدیای ئابووری بكەوێت ، كەچی لەكوردستان دۆخەكە پێچەوانەیە و وەكو پێویست لەگرنگی میدیای ئابووری تێنەگەیشتووین و هەرچی هەوڵێكیش هەیە لەم بوارەدا لە حەز و خولیای تاكەكەسی دەرنەچووە لەمەشدا خودی كەناڵەكانی راگەیاندن یا دەزگا و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی هۆكاری سەرەكی بەپەراوێزخستنی میدیای ئابوورین هەربۆیە كەمێك لەرۆژنامەنووسەكان خولیاو حەزیان بۆ تێكەڵبوون بەناو دنیای راگەیاندنی ئابووری هەیە. لەسیستەمی دیموكراسی پەیوەندییەكی توندوتۆڵ لەنێوان میدیاو باری ئابووری هەیە بەڵام بەنەفەسی حزبایەتی و ویستی شەخسی نا، بەڵكو دەبێت میدیا كاریگەری هەبێت لەسەر گۆڕانكاری لەعەقڵەكانی بەكارهێنەرو چین و توێژەكانی تری وەكو بازرگان و پیشەسازیكارو بیزنسكارو وەبەرهێنەرو جوتیارو تادوایی كە لەكۆتایی دا ئۆتۆماتیكی رۆڵی لەگەشەی ئابووری و گواستنەوەی دۆخەكە دەبێت بەو پێیەی میدیا مافی گەیاندنی هەیە و ، لەرێگەی بەرنامە تایبەتە ئابوورییەكانەوە یا وتارو لێكۆڵینەوەكانەوە بەهاوكاری ئابووریناس و كەسە شارەزاكان بگەڕێن بەدوای چارەسەرەكاندا. لەشوێنەوارو بەهێز جێبەجێ بكرێت ئاژانس و رۆژنامەگەری ئابووری بدەینەوە. چونكە كوردستان لەچەندین لایەنەوە ئەمجۆرە راگەیاندنانە هەڵگری خواست و ویستی گۆڕانكاری و چاكسازییە ئابوورییەكانن، هاوكات دژی دواكەوتوویی و مافیاو گەندەڵی و ناشەفافیەت و ناعەدالەتین، هەربۆیە زۆر لەفەرمانڕەواو بگرە حزبە نادیموكراتەكان بەتوندی رووبەرووی ئەمجۆرە راگەیاندنانە بوونەتەوەو حەزیان پێی نەبووە ، چونكە رۆڵی چاودێرو پاسەوانیان لەسەر حزب و حكومەت و تەنانەت دەزگای تەشریعی پەرلەمان و دادگا هەیە، هەربۆیە پێویستیان بەتەمویل و پاڵپشتیكردنی زیاترە ئەوەتا ئاژانسی ئەمەریكی بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی بەبەردەوام پارەی لەپێناو پاڵپشتیكردنی كەناڵی راگەیاندنی ئابووری خەرج كردووە، كەچی لای خۆمان زۆر لەو گۆڤارو بەرنامە ئابوورییانەی هەشبوو داخران ( پێشتریش میدیا لەرووی ژمارەوە لەگەشەدا بووە نەك لەرووی كوالێتییەوە )، لەكاتێكدا خەڵكی كوردستان لەهەموو كات زیاتر پێویستیان بەگۆڤارو رۆژنامەو كەناڵ و بەرنامەی ئابووری هەیە نەك ئەو هەموو شەڕە جنێوو ناوسڕاندن و پێنەو بەردە حزبی و سیاسییە ، واتا میدیا لە فەوزادایە و بەپێی بەرژەوەندییە گشتی و نەتەوەییەكان هەڵسوكەوت ناكات و بەرپرسیارێتی دۆخەكەی نەخستۆتە سەر شانی، بەپێچەوانەوە ئەوەندەی كار لەسەر سۆزو وروژاندن و دژایەتیكردنی نێوان حزب و خەڵكەكە دەكات ئەوەندە بەلایەوە گرنگ نییە چۆن بەزمانێكی نەرم و زانستیانە كار لەسەر دۆزینەوەی چارەسەرو هێوركردنەوەی دۆخەكە بكات ، لەهیچ وڵات و نەتەوەیەكی پێشكەوتوو نەبووە میدیای ئابووری بكرێتە پاشكەوتەی میدیایەكی سیاسی لەكاتێكدا چەمكی ئابووری وەكو ئەو ئەسپە وایە كە كالیسكەی سیاسەتی پێ رادەكێشرێت تاوەكو نەتەوە بگەیەنێتە مەنزڵگەی خۆی. یەكێك لەو گرفتانەی ئەمڕۆ میدیای ئابووری بەدەستیەوە دەناڵێنێت ئەو جیددی و ناپرۆفیشناڵێتییە یە كە كەسە رۆژنامەنووسە ئابوورییەكە دروستی دەكات واتا یا زۆر بە زانستی و بەكوردەواری خۆمان بەوشكێتی بابەتە ئابوورییەكە روماڵ دەكات یا زۆر بەحزبایەتی و ویست و بۆچوونی ئایدیۆلۆژیای تەسكەوە مامەڵەی لەگەڵ دەكات، ئەمەش زۆرجار بۆ خوێنەران و بیسەرو بینەرانی ئەو كەناڵە دەگەڕێتەوە كە رۆژنامەنووسەكە خۆی پێوە دەبەستێتەوە بەڕادەیەك لە نووسین و بۆچوونە ئابوورییەكان بەروونی دەردەكەوێت كە سەر بەچی بیروباوەڕو ئایدیۆلۆژییەتی تەسك و حزبێك بیر دەكاتەوە. كەواتە دەرئەنجام ئەوەندەی كێشەو گرفتەكە لەخودی كەناڵەكانی راگەیاندندایە ئەوەندە بۆ هۆكارە بابەتیەكان و بارودۆخەكە ناگەڕێتەوە، بەمشێوەیە ناتوانرێت لەكەناڵەكانی راگەیاندن رۆژنامەنووسی ئابووری بەهرەدار دروست بكرێت هەروەكو چۆن لە بەشی ئابووری كۆلێژەكانی كارگێڕی و ئابووری كە لە زۆربەی زانكۆ حكومی و ئەهلیەكاندا بوونیان هەیە كەسانێكی شارەزایان لەمبوارەدا پێنەگەیاندووە، ئەوەی ئەمڕۆ لەناو میدیای كوردی لەبواری ئابووری كار دەكات بۆ حەزو خولیای كەسێتی دەگەڕێتەوە .
ئەمڕۆ لەهەموو كات زیاتر میدیای كوردی پێویستی بەوە هەیە بابەتیانەو پرۆفیشناڵانە لەچوارچێوەی ئەخلاقی پیشەیی دا كار بكات و رۆڵی لەرووبەرووبوونەوەی ئەو هەموو تەحەددا ئابوورییە هەبێت كە وایكردووە گەنجەكانمان بەلێژاو رووەو هەندەران بكەن و بازاڕو كار لەهەرێمی كوردستاندا رووەو پوكانەوە چووەو چەندین بازرگان و بیزنسكار لەئاكامی دۆخە سیاسی و ململانێكان كارو پرۆژەو وەبەرهێنەكانیان ڕاگرتووە، دەرئەنجام هەرێمی كوردستان یەكێك لەخەسڵەتە سەرەكیەكانی خۆی كە خاوەنی ژینگەیەكی لەباری وەبەرهێنان و كاركردن بوو لەدەست دەدات، هەموو ئەو تەحەدییانەی ئەمڕۆ لەئاكامی شەڕی داعش و ململانێی بەغدا لەگەڵ هەرێم و پەككەوتنی پرۆسەی ئاشتی لەتوركیاو گرفتی سەرۆكایەتی هەرێم و ململانێ توندەكانی نێوان حزبە كوردستانیەكان ئەوە دەخوازێت بایەخ و گرنگیەكی زیاتر بە راگەیاندنی ئابووری بدرێت.