ترازانی حزبە سیاسییەكان و تێكچوونی سەقامگیریی وڵات مەرام و ویستی كام وڵات جێبەجێ دەكات؟
September 26, 2016
وتار و بیروڕا
لە كوردستان تەنیا مسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان بەدەستهێنەری ئەو پێوەرانەیە و دەكرا هەموو لایەنەكانی دیكەش وەك ئەم سەركردەیە و پارتەكەی پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە لە كێبڕكێی خزمەتكردنی دۆزی نەتەوەكەمان بوونایە، خۆ دەشكرا و ئاسانیش بوو پارێزەری ئاسایشی نەتەوەییمان بن، نەك بۆ نمایشكردنی بەردەم میدیاكان ئەوەی نەدەبوو بوترێ، وترا و دوژمنانی نەتەوەی كوردمان پێ خۆشكرا، تەنانەت كار گەیشتە ئەوەی پلان و مەرامی دوژمنكارانە جێبەجێ بكرێت و پێشوازی و ژێر بەژێر مامەڵە لەگەڵ كەسانێكدا بكرێت كە دەستیان لە بڕینی مووچەو بژێوی ژیانی خەڵكدا هەبووە! پێشوازیكردن لە مالیكی و حزبی دەعوەو حەنان فەتلاوی و دوژمنە تەقلیدییەكانی وڵاتانی دەوروبەر چ مانایەكی هەیە لەمە زیاتر؟! ئێمەی گەلی كورد خاوەنی مێژوویەكی پڕ لە سەروەری و خەباتین و لە هەمان كاتیشدا خاوەنی مێژوویەكی تاڵی زەرەرمەندین كە بە هۆی لەیەكترازان و لەیەك تێنەگەیشتن زۆر جار گەیشتۆتە خوێنڕشتن و ماڵوێرانی و زەرەرمەندی یەكەم و كۆتاییش هەر گەلی كورد خۆی بووە، هەروەكو چۆن لەشەڕی ناوخۆ گەورەترین كارەسات بەسەر خەڵكی كوردستاندا هات. هەر لەو ساتانەوە و تا ئێستا دوژمنانی نەتەوەكەمان وەك نمایشكارانی نێو فیلمێكی دوور و درێژ تەماشامان دەكەن و بەدوای درزێكدا دەگەڕێن كە كەسانێكی بەرژەوەندیخواست و كورتبین تووشی ئەم میللەتەی دەكەن و ئامانجیان هەڵقوڵاوی كۆنە قین و ئیرەییە بەسەركەوتنەكانی پێشمەرگەو بەرەو پێشچوونی دیپلۆماسیەتی كوردستانی و دەركەوتنی خۆری سەربەخۆییە، كاتێكیش نزیك دەبینەوە لەیەكتر ئەوان زۆر دڵتەنگ دەبن، چونكە ئەوان تەنیا بە لەیەكترازان و ئاژاوەكانی نێوانمان پێكەنینەكانیان هێندە زۆر دەبێت فرمێسكی شادی بە چاوەكانیاندا دێنێتەخوار..
پرسیاری من و هەزاران كەسی وەك من كە خەمخۆری خاكی كوردستان و كورد بوونن، ئەوەیە بۆ ئێمە ئەو نمایشكارە بین و تاكەی ڕێگە بە خۆمان بدەین ئەم كۆمیدیایە بۆ دوژمنانی نەتەوەكەمان لە نمایشدا بێت؟! هیچ نەتەوەیەك لە جیهاندا بە لەیەكترازان نەگەیشتوونەتە ئامانج و هیچ كام لەو وڵاتە پێشكەوتووانە و بەهێزانەی ئەمڕۆ بە ناكۆكی و یەكدی ناشیرین كردن نەبوونەتە ئەو وڵاتە و هەموو كات وانەیان لە ئازار و تاڵییەكانی پێشوویان وەرگرتووە، بەتایبەت لە پاش جەنگی دووەمی جیهانی. بۆ نموونە وڵاتی فەرەنسا بە یەكڕیزی و تەبایی خۆیان توانییان وڵاتی خۆیان ڕزگار بكەن لە دەستی نازییەكان كە فەرەنسایان داگیركردبوو، وڵاتی ژاپۆن بە یەكڕیزی و تەبایی لەپاش لە دەستدانی دووسەد و دە هەزار ژاپۆنی كە بە بۆمبی ئەتۆمی نەمان و گیانیان لە دەستدا، گەیشتوون بەم وڵاتەی كە لە ئێستادا هەموو جیهان سەرسامیانەو بە هەسارەی ژاپۆن ناسراوە. ئێمەی گەلی كورد دەبێت بۆ گەیشتن بە لوتكەی سەركەوتن و ئامانجی سەربەخۆیی ئەم وڵاتە، تەبایی لە ناو یەكدا بكەینە نموونەی زێڕین و بە هەنگاوەكانماندا بڕۆینەوە، نەك نمایشكارە كۆمیدییەكە بین بۆ دوژمنانمان و فرمێسكڕێژ و ناخكوڵاوەكە بۆ خۆمان بین. هیچ كات دیموكراسییەت مانای ئەوە نەبووە لەم سەر دنیا تا ئەو سەری كە هەر شتێكت بە دڵی خەڵكی ئەو وڵاتە نەبێت، بڕژێنە سەر شەقامەكان و هەوڵ بدەن كۆمەڵێك خەڵكی ئاژاوەگێڕ كۆبكەنەوە و شار و وڵات كاول بكەن بەناوی بەدەستهێنانی ماف، یان ئەو داواكارییانەی كە دەیكەنە بیانوو. زۆر جار دیموكراسییەتی ڕەها دەبێتە هۆكار بۆ تێكچوونی سەقامگیریی وڵات، یان هەرێمێك، بۆیە هەمیشە زمانی نەرمی گفتوگۆ و پێكەوەدانیشتن و لەیەكنزیكبوونەوە، هێماكانی سەركەوتن بوون. هیچ كاتێك لەیەكترازان سەركەوتن دروست ناكات، كە لەیەكترازانیش نەما گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی زۆر بارێكی ئاسانە.
ئێمەی رۆشنبیران و ئەكادیمییەكان پێویستە بە بەردەوام ئەو پرسیارە بكەین: ئایا جگە لەگفتوگۆ چ بژاردەیەكی دیكە لەكۆمەڵگەی دیموكراسی هەیە؟ ئایا لەم قۆناغە هەستیارەدا لێدانی وەزیرێكی كورد بەدەستی زۆر لەپەرلەمانتارە كوردەكانی حزبەكانی بەرامبەر، چ خزمەتێك بەدۆزی كورد دەكات؟ كاتێك میللەت دەكەوێتە مەترسییەوە لەناوچەیەكی وەكو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كە هەموومان رۆژانە بەدیار تیڤی-یەكانەوە ئازار و نەهامەتیی گەلانی سووریاو عێراق و كوردانی باكوورو رۆژهەڵات دەبینین، چ مەغزاو مانایەك هەڵدەگرێت ئێمەش بەهەمان نمایشی پشێوی و بێسەروبەرییەكانی بەهاری بەناو عەرەبیەوە دەمانگەیەنێتە چی؟ دنیا دیتی بە شەو و ڕۆژێك چۆن سیاسەت بەرامبەر كوردستانی رۆژئاوا قڵپ بووەوە، رۆژانە كورد لەباكوور و لە رۆژئاوا لەئازارو ئەشكەنجەی دوو زلهێزی شەڕكەرن كە خەمی میللەتەكەیان نییە و هەر لایەنێك بەدوای دەستكەوت و ناوبانگی خۆیەوەیە. لێدوانی پەرلەمانتارەكان و زۆر لە رۆشنبیرانی ناو حزبەكان خۆشكردنی ئاگرێكن كە ئەگەر هاتوو هەڵگیرسا، وابەئاسانی كپناكرێتەوە. ئەم دۆخە لە رۆژە سەخت و پڕ نەهامەتییەكانمانە و كاتی ئەوە هاتووە سەركردەی وڵات بڕیاری بوێرانە بدات و بانگهێشتی سەرانی حزبە سیاسییەكان بكات و پێیان بڵێت چیتر نمایش بە مەینەتییەكانەوە مەكەن، وەرن با پێكەوە چارەیان بۆ بدۆزینەوە و فرمێسكی رەش و رووتەكانی منداڵێكی بێنازی شەهیدی ئەم نەتەوەیە بسڕینەوەو رێگەچارەسەری گونجاو بۆ قەیرانەكان بدۆزینەوە، نەك ببینە پاڵەوانی سەر شاشەی تیڤی-یەكان! پێم سەیرە كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان بانگهێشتی حزبەكان دەكات، كەچی ئەوان بەچكە بەناو سیاسەتمەداری وا دەنێرن، هێشتا كۆبوونەوەكە تەواو نەبووە، لەدژی رادەوەستێتەوە! كاكە ئەمە سیاسەت نییە، ئەمە شەڕی ساردەو ئەنجامەكەشی هەر یەك لایەن ناسووتێنێت، بەڵكو میللەتێكی مەزڵووم دەسووتێنێت، هەربۆیە پێویستە هەڵوەستەی لەسەر بكەین، چونكە كاریگەری لەسەر بەرەكان و سەنگەرەكانی پێشەوەی پێشمەرگەش دەبێت. هیچ نەتەوەیەك نییە لەشەڕدا بێت و پیلان و مەرامی ژێر بە ژێری حزب و گرووپ و تاقمە گومانلێكراوەكان قبووڵ بكات .