بیزنس و نیشتمانپەروەریی لەم كوردستانەدا دوو بواری جیاوازن و بەدەگمەن پەیوەندییان بەیەكەوە هەیە، بەو پێیەی بەدەگمەن سەرمایەدارێكی كورد یاخود كوردستانی دەبینیت روو بكاتە پرۆژەیەكی خێرخوازیی و مرۆیی، ئەوان زیاتر سەرقاڵی بەدەستهێنانی گەورەترین و زۆرترین دەستكەوت و بەرژەوەندی ماددین، بەرادەیەك كۆمەڵگایان كردۆتە كۆمەڵگایەكی بێ بەرهەم و هەرێمی كوردستانیان كردۆتە سەبەتەیەك بۆ پڕكردنەوەی خۆراكی ئیكسپایەرو نزم كوالێتی و بێ كەڵكی وڵاتانی دەوروبەرو چین، ئەی ئەوە نییە لەكۆی زیاتر لە 27 هەزار كۆمپانیا كە تۆماركراوە تەنیا ژمارەیەكی كەمیان لەبواری پیشەسازی و كشتوكاڵی كاردەكەن و ئەوی تر هەمووی تایبەتە بەبازرگانی بەرادەیەك قەبارەی ئاڵووێری بازرگانیان گەیاندۆتە زیاتر لە 17 ملیار دۆلار بەمەش وڵاتانی دەوروبەر كە زۆرترین قەبارەی بازرگانی لەگەڵ ئەواندایە ملیۆنەها دۆلاریان قازانج كردووە ، هاوتەریب نەبوونی ناردن و هێنانی كاڵاو كەلوپەلەكان وایكرد چەند مانگێك بەرگەی ئابڵوقەی ئابووری حكومەتی ناوەندی نەگرین ئەگەر بهاتایەو وڵاتانی دەروبەریش گەمارۆی ئابوورییان لەسەر كوردستان دابنایە رەنگە تەماتەو خەیارو میوەو هیچ بەرووبوومێكی كشتوكاڵی و كەرەستەیەكی بیناسازیی و سەدان پێداویستی تر لەم هەرێمەدا بوونی نەدەما. ملیۆنێرە كوردستانیەكان كە لەم هەرێمە بچووكەدا سامانەكانیان لە 5 ملیۆن دۆلار تێپەڕی كردووە ژمارەیان لە 11هەزار و 500 كەس زیاترە تەنانەت لەناویاندا سەرمایەدار هەیە سامانەكەی لەماوەیەكی كەمدا هەڵكشاوە بۆ سەرووی 3 ملیار دۆلار لەناویانیشدا 15 كۆمپانیاو كەسایەتی هەیە ماڵ و موڵكیان لە 10 ملیار دۆلار تێپەڕی كردووە كەچی لەماوەی ساڵێكدا نەیانتوانی یەك دوو پرۆژەی خێرخوازی و نیشتمانی و بۆ نەتەوەكەیان جێبەجێ بكەن، شاری سلێمانی و هەولێرو دهۆك بەقەد وڵاتێكی ئاسیایی نەك ئەفریقی دەوڵەمەندو سەرمایەداری هەیە ، كەچی لەچەند پرۆژەو كارێكی كەمی خێرخوازی و مرۆیی بەدەگمەن نەبێت سەرمایەدارێك نییە ئاوڕێك بداتەوە لەو هەموو لەشكرەی كەمئەندام و منداڵی نەخۆش و سەنتەرەكانیان ، یاخود سەنتەرێكیان بۆ دابنێ یا پێداویستییەكانی تێدا دابین بكات ، لەكاتێكدا ژمارەی منداڵە پەككەوتەو كەمئەندامەكانی پارێزگایەكی وەكو هەولێر لە 60 ، لەو لاشەوە وەزیری پەروەردە داوای دروستكردنی قوتابخانەیان لێدەكات ئاخر زۆربەی بازرگان و دەوڵەمەندەكانی ئێمە بازاڕیان گرتێبەرداوەو گەمەیەكی بێویژدانانە لەگەڵ هاونیشتمانیانی خۆیاندا دەكەن . لەبەرامبەریشدا هێشتا وەزیری پەروەردە خەون بە عەلی بۆسكانی دەبینێت كە لەشاری سلێمانی لەحەفتاكاندا قوتابخانەی دروست كرد یا میدیای كوردستانی سەرقاڵی ئەنجامدانی دیمانەو چاوپێكەوتنە لەگەڵ ئەو سەرمایەدارانەی كە نەیانتوانیوە بەهاوشێوەی كەریمی عەلەكە كارێكی خێرخوازی بكەن ئەو كەریمی عەلەكەیەی كە بازرگانێكی مەسیحی بوو خەڵكی سلێمانی سلێمانی لەخۆشەویستیدا پێیان دەوت (كەریم – واتا بەخشندە ) ئەو لەقاتوقڕییەكەی سلێمانی دا هەرچی دەغڵودانی هەبوو بەنرخێكی كەم بەسەر هەژاراندا دابەشی كرد بگرە لەبەردەم ماڵەكەیدا بە مەنجەڵی گەورە شیوی بۆ هەژارو برسیەكانی شارەكەی لێدەنا، ئێمە تازە بەتازە دوو قوتابخانەی حكومی و ئەهلی دادەنێین قوتابخانەی هەژاران و قوتابخانەی دەوڵەمەندەكان راستەوخۆ كۆپی كۆمەڵگە پێشكەوتووەكانمان بۆ دەهێنن وازانن میللەتەكە ئەوەندە كەسی لێزان و ووریایی تێدا نییە گەمەكەی نادادپەروەریی ئاشكرا بكات ، برا كەرتی پەروەدەو تەندروستی كاتێك كەرتی تایبەتی بۆ دادەنرێت كە توانای چاودێری و بەدواداچوون و رێكوپێكی قوتابخانەو نەخۆشخانەكان ئەوەندە بەرز بێت چیتر هانا بۆ خێرخوازان نەبەین با سوود لە ئەزموونەكان وەربگرین نەك كۆپی كردنی . من دەزانم لێرەو لەوێ چەند دەوڵەمەندو سەرمایەدارێك هەیە لەسنووری كاری خێرخوازی جێگە بەنجەیان دیارە بەڵام لەو باوەڕەدام نوێنەرانی چین و توێژەكانی بارزگان و پیشەسازیكارو بیزنسكاران و وەبەرهێنانیش لەگەڵ ئەو بۆچوونەی مندا هاوڕان كە هێشتا كاری نیشتمانپەروەریی و نەتەوەیی لەلای سەرمایەداری كورد نەبۆتە دیاردەو كلتوور. بەداخیشەوە ئەزموونی وەبەرهێنان و ئابووری لەم هەرێمەدا فرسەتی خۆدەوڵەمەندبوونی خێرای لەسەر حسابی زۆرینەو هاووڵاتیانی كەم دەرامەتی زامن كردووەو تەنیا لەبواری عەقاراتدا هەزارەها سەرمایەدارو دەیان گەورە كۆمپانیا هەڵتۆقین ئەمەش نەك تەنیا لەسەر حسابی خەڵكە رەشو رووتەكە بەڵكو لەسەر حسابی ئەو دەوڵەمەندانەش كە لەبازاڕدا بەیاساو داپونەریتە مرۆیی و ئەخلاقیەكە كار دەكەن، ئەمڕۆ شەهیدبوونی دەیان قارەمانی گەلەكەمان و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆن و نیوێك كوردو كوردستانی لێكەوتۆتەوە كەچی گەمەیەكی بێ ئەندازە بەنرخ و بەهای خۆراك و پێداویستیەكان لەبازاڕدا دەكرێت بەرادەیەك كاڵا هەیە دوو هێندەی نرخی خۆی قازانجی خراوەتە سەر لەبەرامبەردا بەدەگمەن دەوڵەمەندو سەرمایەدارێك دەدرێتە دادگا بەتۆمەتی سەر سەرپێچی و وێرانكردنی بازاڕ و نغرۆكردنی بازاڕەكانمان بەكەلوپەل و خۆراكی ئێكسپایەرو كوالێتی نزم، ئیتر بۆچی خۆیان سەرقاڵی پرۆژەیەكی مرۆیی و خێرخوازی و دروستكردنی قوتابخانە بكەن.