ڕیفراندۆم و راگەیاندنی سەربەخۆیی لە كوردستان

ڕیفراندۆم و  راگەیاندنی سەربەخۆیی لە كوردستان
ڕیفراندۆم شێوازێكە لە شێوازەكانی بەشداریكردنی هاووڵاتییان لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا، بە یەكێك لە ڕێگاكانی دیموكراسیی ڕاستەوخۆ دادەنرێت و دەرفەتی ئەوە بۆ جەماوەر دەڕەخسێنێت، كە لەبارەی پرسێكی دیاریكراو، بە بەڵێ، یان بە نەخێر دەنگ بدەن، ئەم شێوازەی دەنگدان لە چەند وڵاتێكی وەك سویسرا و وڵاتە ئەسكەندەناڤییەكان و زۆر لە وڵاتانی ئەوروپا بە زۆری بەكاردێت.
ماوەیەكی زۆرە لەهەرێمی كوردستان پرسی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یەكێكە لە پرسە هەنوكەییەكان، لەساڵی 2005 یەكەم ئەزموونی ڕیفراندۆم بینرا و تاقیكرایەوە. ئەوەی جێگەی سەرنجە ڕیفراندۆم گرنگییەكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، لەبەر ئەوەی پرسێكی چارەنووسسازەو كاریگەرییەكی زۆر گەورەی لەسەر ئایندەی میللەتەكەمان و داهاتووەكەی دەبێت، واتا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستاندا مێژوو بۆ خۆی تۆمار دەكات.
دواتر بۆ شیكردنەوەی زیاتری بابەتەكەمان، پێم باشە دیراسەیەكی ورد لەسەر چەمكی ڕیفراندۆم بكەین كە لەم قۆناغەدا ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆتە پایەیێكی گرنگ بۆ یەكلاكردنەوەی پرسە سیاسییەكان، ئەگەرێكی زۆریشی هەیە كە ئەمساڵ لە هەرێمی كوردستان بەڕێوەبچێت، بەتایبەتی كە جاڕدانی سەربەخۆیی نزیك بۆتەوە.
بێگومان بۆ تێگەیشتن لە چەمكی ڕیفراندۆم پێویستە شیكردنەوەیەكی ورد بۆ ئەو وشەیە بكەین و لە ڕووی فەرهەنگی سیاسییەوە تێگەیشتنێكمان بۆ ئەم وشەیە هەبێت. ڕیفراندۆم شێوازێكی بەشداریكردنی هاووڵاتییانە لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا، واتا شێوازێكی نوێیە بۆ گەیاندنی دەنگی دەنگدەر بۆ ئەو سندووقەی كە بڕیاری سیاسی بەرهەم دەهێنێت و باشترین ڕێگەكانی دیموكراتی بۆ گەیاندنی دەنگی هاووڵاتی، بێگومان ئەوەی ڕیفراندۆم لە هەڵبژاردن جیادەكاتەوە، ئەوەیە كە ڕیفراندۆم بەشێوەیەكی ناڕاستەوخۆ ئەنجام دەدرێت.
لە ڕووی یاساییەوە ڕیفراندۆم بە یەكێك لە شێوازە نوێیەكان دادەنرێت كە میللەت بتوانێت دەنگی خۆی بگەیەنێتە دەستەڵاتی پێوەندیدار. ڕیفراندۆم ئامرازێكی شارستانییە كە لە نێو جیهانی پێشكەوتووی ئەمڕۆدا وەك پرەنسیپێكی دیموكراتی ڕێزی لێدەگیرێت و لە زۆر بواردا بەكاردەهێندرێت و، متمانە بەئەنجامەكەی دەكرێت و لە گەلێك كایەدا پشتی پێدەبەسترێت، بەتایبەتی كە كاریگەریی ئەرێنییانەی لە بواری چارەسەركردنی كێشە نەتەوەییەكاندا دەركەوتووە و بۆتە مایەی هێمنی و بنبڕكردنی شەڕی نێوان نەتەوە جیاجیاكان. ڕیفراندۆم پڕۆسەیەكە لە سیاسەتی نێودەوڵەتیدا پێشینەی هەیە، لە ڕووی یاساییەوە ڕیفراندۆم مافێكی ئاسایی هاووڵاتیانە بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
ڕیفراندۆم وەك هەر كارێكی سیاسی بۆ بڕیاردانی چارەنووس، بۆ ئەوەی ببێتە واقیع، پێویستی بە ئاوێتەبوون و كارلێكی هۆكارە بابەتی و خۆییەكان هەیە تا ڕادەی پێگەیشتن، بەشێكی تر لە توێژەرانی بواری سیاسی پێیانوایە ڕیفراندۆم پرۆسەیەكە یان كارێكە لە توانادایە بكرێت و ببێتە واقیعێكی بەرچاو، هەرچەندە زۆر جار ئەو بڕیارانەی كە لە ڕیفراندۆمەوە دەردەكرێن، بڕیاری هەتاهەتایی و چارەنووسسازن، ئەوەی گرنگە ڕیفراندۆم سەرەتا لە سنووری مومكین و ئەگەرێكدایە و بەیارمەتی كۆمەڵێك هۆكار و لە جووڵانەوەی خۆیدا بەرەو پێشەوە مەرجەكانی پێدەگات و لە چركەساتی هەماهەنگیی هەموو مەرجەكاندا پێكەوە دەگاتە مەبەست و ئامانجەكانی و ئەوەی مومكین و ئەگەر بوو بە واقیعێكی هەستپێكراو دەگۆڕێت. واتا ڕیفراندۆم شێوازێكی بەشداریكردنی هاووڵاتییانە لە دروستكردنی بڕیاری سیاسیدا و بە یەكێك لە ڕێگاكانی دیموكراسیی راستەوخۆ دادەنرێت ودەرفەتی ئەوە بۆجەماوەر دەڕەخسێنێت كە لەبارەی پرسێكی دیاریكراوەوە بە بەڵێ، یان نەخێر دەنگ بدەن.
مێژووی ڕیفراندۆم
زۆربەی سیاسەتمەدارانی جیهانی دیموكراسی پێیانوایە ڕیفراندۆم باشترین و پۆزەتیڤترین هەنگاوی سیاسییە لە قۆناغەی ئەمڕۆی جیهاندا، چونكە بە یەكێك لە باشترین ڕێگاكانی دیموكراسیی راستەوخۆ دادەنرێت و فۆرمی راستەقینەی دیموكراسییە و سەرجەم چاودێرانی بواری سیاسەت ڕیفراندۆم بە دیموكراسیی راستەوخۆ لەقەڵەم دەدەن، چونكە دەبێتە هۆی بەرینكردنەوەی رێژە و ئاستی بەشداریكردنی سیاسیی هاووڵاتیان و لە ژیانی سیاسی و پرۆسەكانی بەڕێوەچوونی دیموكراسی بووندا.
ڕیفراندۆم لە چەندین وڵاتی دیموكراتیی جیهان وەك سویسرا و وڵاتە ئەسكەندەناڤییەكان بەزۆریی بەكاردێت، بەڵام لە وڵاتێكی وەك بەریتانیادا كەمتر هانای بۆ دەبرێت. لە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكادا، زۆرجار لە ویلایەتەكاندا دەكرێت. ڕیفراندۆمكردن مێژوویەكی دێرینی هەیە لە ئەوروپادا و وەك سەرچاوە مێژووییەكان ئاماژەی پێدەكەن لە دامەزراوە دیموكراسییەكانی یۆنانی دێریندا هەبووە، هەروەها لەلایەن میرنشینەكانی وڵاتی ئەڵمانیای كۆنەوە بەكارهاتووە، بەشێكی تر لە مێژوونووسان پێیانوایە كە لە وڵاتی ئینگلتەرای نوێشدا ڕیفراندۆم هەبووە، هەروەها لەسەردەمێكی زووشەوە لە سویسرا ئەنجامدراوە، واتا بەشێك لە وڵاتانی جیهان مێژوویەكیان لە جێبەجێكردنیدا هەیە.
جۆر و شێوازەكانی ڕیفراندۆم
ڕیفراندۆم لە ڕووی پراكتیكی جێبەجێكردندا چەندین فۆرمی جیاوازی هەیە. لێرەدا بەكورتی جۆرەكانی شیدەكەینەوە كە بریتین لە:
یەكەم: (ڕیفراندۆمی داواكراو)، ئەویش كاتێك داوای ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دەكرێت و ئیمزای بۆ كۆدەكرێتەوە، واتا لەم جۆرەدا ڕیفراندۆم بۆ داواكاری بابەتێكی دیاریكراو دەكرێت.
دووەم: ئەو جۆرەی ڕیفراندۆم كە بۆ دیاریكردنی پرسێك بخرێتەبەركار، دەخرێتەڕوو بۆ ئەوەی جەماوەر رای خۆی لە بارەیەوە بدات، بۆ رەشنووسی دەستوور، یان یاسایەكی بنەڕەتی، لە نموونەی ڕیفراندۆمەكەی رۆژی 15ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2005 كە لە عێراق بەڕێوەچوو، تاقیكردنەوەیەكی ناوخۆیی بوو.
سێیەم: زۆر جار ڕیفراندۆم بۆ دەنگدان لەسەر ئەو كردانە دەكرێت كە پێشتر ئەنجامدراون، بەمەبەستی زانینی بۆچوونی جەماوەر بەرامبەریان و بڕیاردان لەسەر بەردەوامبوون، یان هەمواركردنی، لە نموونەی ئەو ڕیفراندۆمەی ماوەیەك لەمەوبەر لەهەرێمی كیوبیكی كەنەدا ئەنجامدرا بۆ بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی وەرگرتنی هەرێمە فەرەنسییەكە، یان مانەوەی لەچوارچێوەی ئەو دەوڵەتەدا.
چوارەم: جۆرێكی تری ڕیفراندۆم بریتییە لەوەی كە دامەزراوەیەكی یاسایی دەخوازێت رەزامەندیی دەنگدەران بۆ یاسایەك بەدەست بهێنێت، بەرلەوەی بەركاربخرێت، واتا ئەم یاسایەی كە باسدەكرێت بەر لەوەی بچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، دەخرێتە ڕیفراندۆمەوە، ئەمەش لە زۆر وڵاتی جیهان پەیڕەو كراوە و سەركەوتوو بووە، ئەوە پێی دەوترێت ڕیفراندۆمی ئیختیاری، واتا لەسەر ئەم بنەمایە كار لەسەر جێبەجێكردنی یاساكە دەكرێت.
مەرجە یاساییەكانی ڕیفراندۆم
بێگومان ئەنجامدانی ڕیفراندۆم پێویستی بە كۆمەڵێك یاسا هەیە بۆ ئەوەی جێبەجێ بكرێت، یاساكانیش لە چەندین شێوازی جیاوازدان كە لێرەدا شیان دەكەینەوە.
یەكەم: ڕیفراندۆم بۆ ئەنجامدانی چەند هەنگاوێكی گرنگە كە دەبێت لە رووی یاساییەوە بكرێت.
ـــ بەر لە دیاریكردنی ڕیفراندۆم دەبێت لێژنەیەكی دەستووری دەست بەكارەكانی بكات، ئەو لێژنەیەش دەبێت لە كەمترین ماوەدا بانگەشەیەك بۆ دەستنیشانكردنی سەرجەم هەنگاوەكانی ڕیفراندۆم بكات.
ــ هەروەها یەكێكی تر لە پڕەنسیپە گرنگەكانی سەركەوتنی پرۆسەی ڕیفراندۆم ئەوەیە كە دەبێت لە كاتی بەشداریكردنی هاووڵاتیان لە ڕیفراندۆمدا بەشێوەیەكی پێوەرانە هاووڵاتیان بەشداری بكەن.
ــ مەرج نییە سەرجەم هاووڵاتیان بەشداری ڕیفراندۆم بكەن، واتا ڕیفراندۆم زیاتر رێژەییە.
دووەم: پێویستە ئەو هاووڵاتیانەی كە بەشداری لە ڕیفراندۆم دەكەن، دەبێت تەمەنی یاساییان هەبێت، جا ئەو تەمەنە بەپێی یاسای ئەو دەوڵەتە دەستنیشانكراوە. لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا وەك تەمەنی دەستنیشانكراو مەرجە هەموو بەشداربووان تەمەنیان لە سەرووی (18) ساڵ بێت.
سێیەم: پێویستە كاتێك ڕیفراندۆم دەستنیشان دەكرێت لە ڕووی یاساییەوە ماوەیەكی دیاریكراوی بۆ دەستنیشان بكرێت، بۆ ئەوەی بەرلەو ماوەیە هەموو هاووڵاتیان بە یەكسانی و بەبێ جیاوازی بتوانن بەشداربن، تەنیا لەهەندێك حاڵەتەدا ڕیفراندۆمەكە بە یاسایەكی دیاریكراو تەمەنی دیاریكراو دەستنیشان دەكات.
چوارەم: دەنگدان بە ڕیفراندۆم لە زۆربەی كاتەكاندا بە نهێنی دەبێت، تەنیا لەچەند حاڵەتێكدا بەئاشكرا دەبێت، شێوازی نهێنی بۆ ئەوەیە سەرجەم هاووڵاتیان بتوانن بەبێ هیچ كێشەو گیروگرفتێك بەشداری بكەن.
پێنجەم: پێویستە دەزگا نێودەوڵەتییەكان بەشێوەیەكی راستەوخۆ ئاگاداری ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بن بۆ ئەوەی بتوانن بەشێوەیەكی گشتیگر ئاگاداری ئەم پرۆسەیە بن، لەروویەكی ترەوە پێویستە نوێنەری رێكخراوە نێودەوڵەتییەكان بەتایبەتی (نەتەوەیەكگرتووەكان) ئامادەی ئەنجامدانی پرۆسەی ڕیفراندۆم بن.
شەشەم: پێویستە بەر لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەرنامەڕێژی بۆ هەموو كارەكان لە ڕووی یاساییەوە كرابێت بۆ ئەوەی هەنگاوەكانی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم یاسایی بێت، واتا نابێت لەو مەرجانەی كە باسمان كرد، هیچ كامێكیان فەرامۆش بكرێت.
حەوتەم: بوونی كەش و هەوایەكی ئارامی سیاسی یەكێكە لە پڕەنسیپەكانی سەركەوتنی ڕیفراندۆم، چونكە ناكرێت لەكەش و هەوایەكی ناڵەباری سیاسیدا ئەنجام بدرێت، واتا زەمینەسازیی سیاسی پێویستە و دەبێت بەر لەهەر گۆڕانكارییەكی یاسایی لەكاتی ڕیفراندۆمدا رەوشەكە لەباربێت.
گرنگیی ڕیفراندۆم بۆ كوردستان
ڕیفراندۆم لەم قۆناغەی ئێستادا گرنگییەكی زۆری بۆ هەرێمی كوردستان هەیە، چونكە وا دەكات بەشێوەیەكی دەستووری و یاسایی كورد بڕیاری خۆی بدات. لەبەر ئەوەی لەم قۆناغەدا ڕیفراندۆم پرسێكی مێژووییە بەتایبەتی كاتێك سەرۆكی هەرێمی كوردستان (سەرۆك مەسعود بارزانی) لەهەوڵی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆدایە، بۆیە پێویستە لەسەر هەموو لایەنەكان پشتگیری هەوڵەكانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان بكەن. لە هیچ دۆخێكدا نابێت ململانێی سیاسی ڕێگربێت لەبەردەم پرۆسەی ریفراندۆمدا، بەتایبەتی لەم دۆخەدا كە دەرفەتێكی گرنگ و بەهێز لەبەردەم گەلی كوردستاندایە بۆ ئەوەی بڕیار لە چارەنووسی خۆی بدات، لەم كاتەشدا پرسی سەربەخۆیی لە هەموو پرسەكانی دیكە گرنگترە. ئێستا دۆخێك بۆ گەلی كوردستان هاتووەتە پێشەوە كە لە ماوەی سەد ساڵی رابردوودا هیچ قۆناغێك بەقەد ئەم قۆناغە هەستیار نەبووە. وەك دەبینین زۆربەی وڵاتە زلهێزەكان هەڵویستێكی پۆزەتیڤیان هەیە و پشتگیری ریفراندۆم دەكەن، بۆیە گرنگە ئاڕاستەی كورد بۆ ئەوە بێت كە بەرەو دەوڵەت و سەربەخۆیی هەنگاو بنێی. ناكرێت لەژێر هەر پاساوێك بێت، لایەنێك، یان چەند لایەنێك ئاڕاستەی گوتاریان ئەوە بێت كە تانە لە بابەتی ڕیفراندۆم و سەربەخۆیی بگرن، چونكە دواجار ئەمە ئیرادە و ویستی خەڵكی كوردستانە، لەلایەكی ترەوە پێكهاتە جیاوازەكانی كوردستان بەیەكەوە دەیانەوێت لە چوارچێوەی هەرێمی كوردستاندا چارەنووسیان دیاریكراو بێت، واتا سەرجەم ئاماژەكان هەنگاون بەرەو سەربەخۆیی و ریفراندۆم.
* ماجستێر لە كارگێڕی كار

Top