ئێمه‌ له‌كوێی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی داین ؟!

ئێمه‌ له‌كوێی وشیاری نه‌ته‌وه‌یی داین ؟!
نیشتیمان ئه‌وه‌ نیه‌ به‌ جه‌سته‌ له‌سه‌ری ئه‌ژین و پێداویستیه‌كانی خۆمانی له‌سه‌ر پرده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ڵكو ئه‌و مه‌نزڵگه‌یه‌ به‌ روح و به‌دڵ تێیدا ده‌خوڵینه‌وه‌و ده‌بێت خۆمانی بۆ فیدا بكه‌ین، هه‌ر چه‌ند ئه‌گه‌ر هه‌ندێ لایه‌ن وكه‌سایه‌تی سیاسی نادادپه‌روه‌رانه‌ دژایه‌تی نیشتیمان بكه‌ن ،به‌ڵام هه‌رگیز ئه‌وه‌ مانای ئه‌وه‌ نیه‌ ئێمه‌ نه‌فی بكه‌ین و نه‌فره‌ت بارانی بكه‌ین،له‌كاتێك دا ئاساییه‌ بتوانین له‌ نیشتیمانی خۆمان دا ده‌رده‌ دڵی بكه‌ین و داخی خۆمانی بۆ برێژین جا ده‌رده‌ دڵ به‌س نیه‌، به‌ڵكو پێویسته‌ به‌ كرده‌وه‌ مرۆڤ كار بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی بكات . نیشتیمانی كوردستان تێنووی سه‌ربه‌خۆییه‌ سه‌ربه‌خۆیی بۆ كوردستان په‌رۆشه‌ به‌جۆرێك له‌ ناڵه‌ی دایكێك ده‌چێت بۆ كۆرپه‌كه‌ی ئێمه‌ هه‌ر چه‌نده‌ توڕه‌ بین ،به‌ڵام هه‌ق نیه‌ پشت له‌ نیشتیمان و پیرۆزیه‌كانی بكه‌ین ،چونكه‌ مرۆڤی بێ نیشتیمان وه‌ك جه‌سته‌ی به‌بێ رووح وایه‌، یاخود ده‌كرێت بڵین ئه‌گه‌ر نیشتیمانمان نه‌بێت خاوه‌نی شه‌ره‌فیش نین هه‌روه‌ك چون بینیمان كاتێك شاری ئازیزی شه‌نگال له‌لایه‌ن چه‌ته‌كانی داعش داگیر كرا ئافره‌ت نه‌ما وخاك نه‌ماو ئاین نه‌ما ...........هتد . مرۆڤی نیشتیمانپه‌روه‌ری كورد ئه‌ركه‌ له‌سه‌ری هه‌وڵبدات بۆ نیشتیمانی بگه‌رێت، نیشتیمانێك پارچه‌ كراوه‌ و پڕكراوه‌ له‌برین ده‌بێت برینه‌كانی سارێژ بكات ،چونكه‌ به‌بێ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و زامه‌ دایكه‌ نیشتیمان ناحه‌سێته‌وه‌ باشترین رێگه‌ چاره‌ی ئارامی نیشتیمان سه‌ربه‌خۆییه‌ هاوكات پاراستنی شكۆمه‌ندی مرۆڤی كورده‌ ،چونكه‌ سه‌ربه‌خۆیی به‌بێ پاراستنی شكۆ به‌هایه‌كی نیه‌ بۆیه‌ مرۆڤی نیشتیمان په‌روه‌ری كورد ده‌بێت جارێكی تر په‌روه‌رده‌ بكرێت تا سه‌ربه‌خۆیی و سه‌ربه‌ستی مه‌به‌ستی یه‌كه‌می ژیانی بێت وله‌هه‌مان كاتیش دا په‌روه‌رده‌ بكرێت كه‌ رێز له‌ هزر و بۆچوونی ئه‌وانی دیكه‌ بگرێت و ئازادی مماره‌سه‌ی مافی سیاسی هه‌بێت. ئه‌گه‌ر سه‌یری باروودۆخی روحیه‌تی نیشتیمان په‌روه‌ری كوردی بكرێت شتێك هه‌یه‌ له‌ هزری تاك كه‌چی ئه‌وه‌نده‌ به‌س نیه‌ ده‌بێت بویناد بنرێته‌وه‌و به‌شێوازێكی تازه‌ فۆرمه‌ڵه‌ بكرێت,نادادپه‌روه‌رییه‌ نیشتیمان جێ بێلین له‌كاتێك ئه‌و هه‌مووانی له‌ باوه‌ش كردووه‌ هه‌ر چه‌نده‌ خراپیش بین ئه‌و ئێمه‌ی خۆشده‌وێت به‌جۆرێك خۆشه‌ویستیه‌كه‌ی له‌هی دایكێك ئه‌چێت كه‌ بۆ منداڵه‌كه‌ی خۆی هه‌یه‌تی . هه‌ر بۆیه‌ پێویسته‌ ته‌واوی كوردستانیان ئه‌و راستیه‌ بزانن هه‌تا نه‌گه‌ین به‌مافی ره‌وایی خۆمان ناتوانین بڵێن خاوه‌نی خاك و ئاین و ناموسی خۆمانین، چونكه‌ ئه‌گه‌ر خاوه‌ن سیاده‌ی قانون نه‌بین ئه‌مانه‌ی باسمان كرد هه‌میشه‌ له‌به‌رده‌م مه‌ترسی دایه‌ له‌لایه‌ن نه‌یارو دوژمنانی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ،جا پێویسته‌ هه‌موومان له‌م پرسه‌ گرینگ و هه‌ستیاره‌ دا یه‌ك ده‌نگ و یه‌ك ده‌ست بین تاهه‌رچی زوو بگه‌ین به‌كه‌ناری ئارامی كه‌ ئه‌وه‌یش ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌ .
Top