شاری هەڵمەت و قوربانی بە قسەی هیچ حزبێك لە سەربەخۆیی دوورناكەویتەوە

شاری هەڵمەت و قوربانی بە قسەی  هیچ حزبێك لە سەربەخۆیی دوورناكەویتەوە
ئەگەر باسی مێژووی شاری سلێمانی بكەین كە شارێكی باشووری كوردستانە، ئەوا لەو ساتەوە كە كوردستان دابەش كراوە، تا ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كورد ئەم شارە بەردەوام لانكەی شوڕش بووە و خەڵكی ئەم شارە سەری بڵندیان بۆ هیچ دەسەڵاتێك دانەنواندووە و هیچ كاتێك و هیچ دەسەڵاتێك نەیتوانیوە ئیرادەی خۆی زاڵ بكات بەسەر خەڵكی ئەم شارەدا، تەنانەت جێگە بەنچەی لەسەر هەموو شۆڕش و راپەڕینەكانی گەلی كوردستان دیار بووە، هەمیشە شاری رۆشنبیران و شۆڕشگێڕان و دڵسۆزانی سەربەخویی كوردستان و سەروەريی گەلی كورد بووە و بە سەدان و هەزاران كەس خوێنی پیرۆزیان كردە قوربانی سەروەریی خاكەكەیان و هەموو هەوڵێكی ئەم شارە بۆ گەیشتن بە دەسەڵاتێك بووە كە كورد سەرۆك و حاكم و دەسەڵاتداربێت، نەك عەرەبێكی دوژمنی بەناحەق سەپێندراو بەسەر گەلێكی ستەملێكراودا، هەروەها لاپەڕەكانی مێژوو پڕیەتی لە داستان و چیرۆكی ئەو كەسایەتی و سەركردە و پیاوە ماقووڵانەی شار كە رۆڵیان لە بەرزڕاگرتنی كەرامەت و شكۆی گەلی كورددا هەبووە. لە پاش راپەڕینە مەزنەكەی گەلی كورد خەونە گەورەكەی ئەم گەلە هاتەدی كە كورد سەرۆك و حاكم بێت و دەسەڵاتەكەش كوردبێت، بەڵام ساڵانێكە هەندێك لایەن لەدایك بوون كە ئامانجی سەرەكییان گەیشتن بە دەسەڵاتە، ئیتر بە هەر ئامراز و شێوەیەك بێت و ئەوەی كورد و كوردستان پێی گەیشتووە، ئەمڕۆ دەیانەوێت لە پێناوی بەرژەوەندی خۆیان هەمووی لە بەرد بدەن و تا گەیشتن بەم رۆژەی كە دەیانەوێ شاری سلێمانی دابەش بكرێت و پاش رێككەوتنێكی بەپەلە لەگەڵ لایەنی دەسەڵاتی ئیداری سلێمانی، دەیانەوێ ئەو پارێزگایەی كوردستان بەرەو ئایندەیەكی نادیار ببەن!

هەوڵدان بۆ دوورخستنەوەی سلێمانی و خەڵكەكەی لە سەربەخۆیی و لە سەروەریی خوێنی شەهیدان و خاكی كوردستان، نموونەی بەرچاویان زۆرە، لەوانە رۆژێك پێشوازی لە كۆنە سەرۆك وەزیرانێك دەكرێت كە مووچە و بودجەی خەڵكی كوردستانی بڕیوە و لە سەردەمی حوكمڕانیی ئەودا هێزەكانی دیجلە-یان هێنایە سەر كوردستان و تۆپە دوورەهاوێژەكانی ئاراستەی شاری خۆشەویستی هەولێر كرد.

ئەوەی لە شاری سلێمانی روو دەدات ئەمڕۆ بۆ سلێمانی زۆر قورسە و خەڵكی ئەم شارە نابنە مقاشی ئەم خەڵووزە گەورە و رەشە و جێگای قبووڵیان نابێت كە شارەكە لە پێش چاوی سلێمانییەكانەوە دابەش بكرێت.
بە بێ هیچ بنەما و یاسایەك خەڵكی رەسەنی ئەم شارە زیندانی كران، لە سێدارە دران و سووكایەتییان پێكرا. ئێستا كەسانێك كە لەدایكبووی ئەم شارەش نین، بەڵام بوونەتە دەم سپی و دابەشكاری شارەكە! ئەوەی جێی نیگەرانییە ئەوەیە كە ئەم بارودۆخەی ئەمڕۆ سلێمانی پێیدا تێدەپەڕێ، نە جێی رەزامەندی زیندووەكانە و نە پاداشتیشە بۆ شەهیدان و كەسوكاریان. ئەوەی ئەمڕۆ شاری شۆڕشگێڕان و ڕۆشنبیران بە خۆیەوە دەیبینێ، مێژوویەكی تاڵ لە سبەی و ئەمڕۆیەكی ناشیرین تۆمار دەكات.
كاتی ئەوە نەماوە رەنگی كام لایەن جوانترە. كاتی ئەوەیە كێ دڵسۆزترە بۆ كوردستانەكەمان. ئەمڕۆ زۆر روون و ئاشكرایە كە كێ بۆ كوردستان و سەربەخۆیی و یەكڕیزیی نێوماڵی كورد هەوڵدەدات. پارتی دیموكراتی كوردستان هەمیشە ئامانجی سەربەخۆیی كوردستان و یەكڕیزی لە خاڵە یەكەمەكانی پەیڕەو و پڕۆگرامی بووە، هەر بۆ بەدیهاتنی ئەو ئامانجەشی هەموو قوربانییەكی داوە.
Top