لەم (31ـی ئاب)ـەدا دوو قسە بۆ مێژوو!
August 31, 2016
وتار و بیروڕا
پارتی دیموكراتی كوردستان لە ساڵی 1975،دا ڕابەرایەتی شۆڕشێكی گەورەی چەكداری سەرتاسەری دەكرد، پاشان بە هۆی ڕێككەوتنە بەدناوەكەی جەزائیرەوە، شۆڕشەكەی كەوت و، شكستێكی گەورە بەسەر بزوتنەوەی سیاسیی كوردستاندا هات، بەڵام پارتی خۆی لە بەرپرسیارێتی نەدزیەوە و ئۆباڵی هەلومەرجەكەی گرتە ئەستۆ و خۆی بە بەرپرسیاری یەكەم دانا. ئەوەش فاكتەر و سەلمێنەری ئەو ڕاستییە، كە هێزێك یان كەسێك تەنیا لە سەركەوتن و شانازییەكاندا سینگ دەرنەپەڕێنێ، بەڵكو لە ئانی نسکۆشدا لە بری ئەوەی ترسنۆكانە شكستەكە بخاتە سەر ئەستۆی ئەم و ئەو، بوێرانە شان بداتە بەر باری بەرپرسیارێتی، بەو جۆرە بۆ هەمیشە ئەو نسكۆیە بكاتە دەرسێك و نەهێڵێ دووبارە بێتەوە.
تەحەدیەكانی ئەوسای سەر ڕێی پارتی زۆر بوون، كێشەی نێوخۆیی، دامەزراندنی حزبگەلێكی زۆر لە دژی پارتی و هەوڵی سڕینەوەی پارتی و بارزانی، شەڕی داگیركەران، لە سەرووی هەمووشیانەوە، لەدەستدانی سەركردەی مەزن و ڕۆحیی نەتەوەی كورد مستەفا بارزانیی نەمر بوو. بەڵام چونكە ئەم حزبە هەڵقوڵاوی بیری ئازادیخوازانە و شۆڕشگێڕانەی میللەتێكی تینووی ئازادی و سەركردە دڵسۆزەكانی بوو، توانی بە هێزەوە هەڵسێتەوەو بگەڕێتەوە.
لە قۆناغی شەڕی ناوخۆشدا زۆر لایەن هاوپەیمانێتیان بەستوو و گرەویان لە سەر نەمانی پارتی و بارزانی كردبوو، کەچی سەرکەوتوانە هەموو پیلان و قەیرانانەکانی تێپەڕاند، ئەوەش نهێنیی ڕەگداكوتانی ئەو درەختە دێرینەیە لە ناخی خاك و میللەتەكەیدا، كە هیچ رەشەبایەك ناتوانێ دەریبێنی.
ئەمڕۆ پارتی فشاری زۆربیویژدانانەی لەسەرە، ناڕەحەت دەكرێ، بە ناحەق پەلامار دەدرێ، بەڵام ئەم حزبە یەك دەریا توانای چاوەڕواننەكراوی هەیە، حیكمەتی پارتی وایە كە دەتوانێ هەموو ئەو گەلەكۆمەكێ و هاوپەیمانێتیانەی لە دژی دێنە ئاراوە، لە مانۆڕیکدا، پیلانەکان بەتاڵ کاتەوەو هاوكێشەكەش لە بەرژەوەندی كورد‌و پارتیدا بگۆڕێ.
پارتی بەرگەی هەندێ شت دەگرێ، هیچ هێزێكی تر بەرگەی نەگرتووەو ناشیگرێ، هێزی پارتی و بارزانی وەك پۆڵا وایە، بە ئاگر زیاتر زاخاو دەدرێ، تا ئازار بدرێ، سەختتر دەبێت. چونكە پارتی ساحێبی ئامانجێكی بەرزو پیرۆزی هەموو گەلی كوردستانە، سیاسەتەكانی خۆیشی لەسەر بنەمای بەرژەوەندی گەل و نیشتمان دادەڕێژێت و لە دەرەوەی ئەوەش هیچ بەرژەوەندییەك شك نابا.
ئاخر پارتی بۆ پێخۆش‌بوون و دەستخۆشیی هیچ هێزێكی ئیقلیمی و جیهانی سیاسەت ناكا، بگرە هەموو جووڵە و كردەوە و سیاسەتێكی بە پێوەری بەرژەوەندییەكانی گەل و نیشتمان هەڵدەسەنگێنێ، ئەمانەن نهێنی هێز و وزەی شاراوەی مانەوەی سەد ساڵەی ڕێبازی پارتی و بارزانی.
ئه‌گه‌ر مانه‌وه‌ی هه‌ر هێزێكی سیاسی و به‌رده‌وام بوونی له‌خه‌بات و كۆڵنه‌دان مه‌رجی سه‌ره‌كی جوڵه‌ی هه‌ر هێزێكی سیاسی و كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، ئه‌وا پارتی له‌م گۆشه‌یه‌وه براوه‌ی یه‌كه‌می نێو هێزه سیاسیه‌كانی كوردستانه، چونكه زۆرن ئه‌و حیزب و هێزانه‌ی هاوته‌مه‌نی پارتی بوون، ئێستا ته‌نها له‌كتێبه‌كانی مێژوودا باس ده‌كرێن و نه‌یان توانی بمێننه‌وه، حیزبگەلێکی له‌پارتی گه‌نجتریش بوونه‌ته یاده‌وه‌ری ڕۆژگار، یان دابه‌ش بوون و فشاره‌كان بڕستی له‌به‌ر بڕیوون. بەڵام پارتی وێڕای هه‌موو ئه‌و نه‌خۆشییانه‌ی له‌جه‌سته‌ی هه‌ر حیزبێكی كوردیدا هه‌یه، توانیویه‌تی نه‌ك بمێنێته‌وه به‌ڵكو خۆی بۆ قۆناغی هه‌ره پێشكه‌وتووی ڕزگاری گه‌لی كورد ئاماده بكات، كه گه‌یاندنی ئه‌م میلله‌ته‌یه به كه‌ناری سه‌ربه‌خۆیی.