مالیکی و هەوڵی گەڕانەوەی .

مالیکی و هەوڵی گەڕانەوەی .
بەر لە پێنج مانگ لەژێر گوشاری خۆپیشاندانەکان ، (عەبادی) ویستی چاکسازی بکات ، جگە لە هێزە عێراقیەکان ، وڵاتانی ئیقلیمی و زلهێزیش هاتنە سەر هێڵ ، هەریەک ویستی بەرژەوەندیەکان و هەژمونی خۆی لە ناو حکومەتدا بپارێزێت .
بەهۆی خۆپیشاندانەکانەوە جگە لە کابینەکەی (عەبادی) ، هەرسێ سەرۆکایەتیەکەش کەوتنە ژێر هەرەشەوە ، خۆپیشاندەران چونە ناو پەڕلەمان حکومەت و ناوچەی سەوز .
ئێران گوێی (موقتەدا صەدر)ی راکێشا و هەرەشەی ئەوەی لێی کرد کە ئەگەر واز لە هاندانی لایەنگرانی نەهێنێت ، هەمان چارەنوسی و باوکی و بنەماڵەکەی دەبێت و لەناویان دەبات .

هەرئەوکات ، لیستێکی چاکسازی و ناوی وەزیرەکان درایە (عەبادی) لەلایەن ئەمریکیەکانەوە کە هەردوو وەزیری بەرگری و ناوخۆ و لەژێر گوشاری کوردیش وەزیری دارایی ، لێی بەدەر کران لە دەستکاری کردنیان .

ئەو چاکسازیەی کە (عەبادی) بەنیاز بوو بیکات ، گورزێکی گەورە بوو لە ئێران و شیعەکان .

(مالیکی) بە هاوکاری ئێران ، (سەلیم جبوری) سەرۆکی پەڕلەمانیان چاوترسێن کرد ، لە شانۆگەریەکی ناو پەڕلەماندا متمانەیان لێی وەرگرتەوە ، دواتر دوای تەواو کۆنترۆڵ کردنی ، لە رێی دادگاوە هێنایانەوە .
بەهۆی تەقینەوە خوێناویەکەی ( کەرادە )و چەند تەقینەوەیەکی تر کە داعش بەرپرسیاریەتی خۆی لە ئەنجامدانی راگەیاند ، وەزیری ناوخۆ لە ژێر گوشار دەستی لە کارکێشایەوە .
وەزیری بەرگریش پێش چەند رۆژێک پەڕلەمان متمانەی لێ وەرگرتەوە .
بە هەمان شێوە بەهۆی هاوپەیمانی نێوان (مالیکی) و چەند لایەنێکی کوردی ، خەریکە متمانە لە وەزیری دارایی ( هوشیار زیباری ) ش وەربگیرێتەوە .
هەرسێ وەزیر ( بەرگری و ناوخۆ و دارایی ) کە ئەمریکا دەیویست بمێنێن ، لەلایەن مالیکی و لایەنە کوردیە هاوپەیمانەکانی ، دوای ماڵی کردنی (سەلیم جبوری) ، لادران .

هەنگاوی ئایندەیان خودی (حەیدەر عەبادی) دەبێت .

ئەمریکا بە ئاسانی رێگا نادات (خالد العبیدی ) وەزارەتی بەرگری جێبهێلێت بۆیە گوشارەکانی زیاد دەکات بۆ سەر (حەیدەر عەبادی) تا رازی نەبێ پرۆسەی متمانە وەرگرتنەوەکە سەربگرێ و کەس بۆ جێگای ناوبراو بپاڵێوێ ، چونکە راستەوخۆ پەیوەندی بە ئازادکردنەوەی موصل و سوننەکانەوە هەیە .
(حەیدەر عەبادی) دەکەوێتە نێوان گوشاری ئەمریکیەکان و پەڕلەمان ، کە ئێران و مالیکی و چەند هێزێکی کوردی لە پشتیەوەن .

ئەوەی (مالیکی) پلانی بۆ کێشاوە ، هەوڵدانە بۆ وەرگرتنەوەی پۆستی سەرۆک وەزیران ، لەم پلانەدا ، یەکێتی و گۆڕان و کوتلەی سەلیم جبوری کە لە (ئێران وسەردانەکەی مالیکی بۆ سلێمانی) نەخشەی بۆ کێشراوە ، پشتگیری دەکرێت

لەگەڵ نزیکبونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمریکا و سەقاڵ بونی ئەمریکا بەم پرۆسەیە ، (مالیکی) هەوڵی جێبەجێ کردنی پلانەکەی دەدات .

پلانەکە تەنها بۆ گەرانەوەی (مالیکی) و تەگەرە خستنە پێش رزگارکردنی موصڵ نیە ، بەڵکو جیاکردنەوەی سلێمانی (ئەگەر زۆرە کەرکوکیشی لەگەڵدا بێ ) بەشێکی تری پلانەکەیە .
لە مانگەکانی ۱٠ و ۱۱و ۱۲ ئەو بابەتانە باشتر دەردەکەون .

Top