چاوەڕێی چی لەدوا سەردانی بارزانی بکەین؟
August 28, 2016
وتار و بیروڕا
کۆبوونەوەی ئەمریکاو کوردستان و تورکیا جارێکی تر ئەو ڕاستییەی پیشاندا کە کوردستان بەسەرۆکایەتی بارزانی ڕۆڵ و کاریگەرییەکی گەورەی هەیە لەناوچەکەدا، ئاشکراش بوو کە کوردستان ئێستا خاوەنی سوپایەکی بەهێزو گەورەیە كە بەسەرۆکایەتی بارزانی توانیویەتی بەرەیەکی هاوبەش دژ بە گەورەترین دەوڵەتی تیرۆرستی بكاتەوە و لە جیاتی هەموو جیهان بجەنگێت، بۆیە بارزانی نەک تەنها وەک سەرۆکێک گرنگی هەیە بۆ ناوخۆی کوردستان بەڵکو لەسەرئاستی جیهانیش وەک سەرۆکێکی زانا و دوربین و شارەزا ڕۆڵی باڵای هەیە لە پاراستنی بەرژەوەندییەکانی کوردستان و پارچەکانی تری لەگەڵ وڵاتان، ئەوەش وای کردووە ئەمریکا و هاوپەیمانانی و دەوڵەتانی ناوچەکە حسێبێکی تایبەت بۆ کوردستان بکەن و بەگرنگییەوە لەتەواوی گۆڕانکارییەکان وەک هاوپەیمانییەکی بەهێز لە ناوچەکەدا حسێب بۆ کوردستان بکەن.
کوردستان ئێستا وەک دەوڵەتێک لە ناوچەکە بۆتە دیفاکتۆ و دەبێت بەو جۆرەش مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، سەردانی سەرۆک بارزانی بۆ تورکیا پارسەنگ ڕاگرتنی ئەو کۆبوونەوانەبوون کەماوەی چەند ڕۆژێک پێش لە نێوان ڕوسیا و تورکیا و ئیران سازکران، هەروەک چۆن لە گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا ئەو دەوڵەتانە ڕۆڵ و کاریگەریان هەیە، ئاواهاش کوردستان بەسەرۆکایەتی بارزانی و هێزەکەی کە فیداکاری بۆ هەموو جیهان داوە ڕۆڵی هەیە لەگۆرانکاری ناوچەکە و بەشدارێکی کاراشە لە بڕیارە چارەنووسسازەکانی ناوچەکەدا.