دەوڵەتێكی لاوازت هەبێ، نەک كۆیلەی داگیركەران بیت!

دەوڵەتێكی لاوازت هەبێ، نەک كۆیلەی داگیركەران بیت!
لە وەختێكدا گەلی كورد چاوی لەوەیە بە ئاواتی دەوڵەتبوونی كوردستان بگات، هەندێ لە نوخبەی سیاسی و ڕۆشنبیرانی كورد، بە جۆرێك پرسی سەربەخۆیی كوردستان دەخەنەژێر پرسیارو ئیستیدال و هۆكاری سیاسی و بیانووی جۆراوجۆری بۆ دێننەوە، گوایە كورد ناتوانێت ببێتەخاوەن دەوڵەت و، كێشەی سیاسیی نێوخۆی و گەندەڵیی هەیە، دەوڵەتبوون زیانی هەیەو وڵاتانی دنیا لەگەڵ سەربەخۆیی كوردستاندا نین؟ تەنانەت لە سەر ئاستی سیاسیی باڵای حزبەكانیش نەفەسێكی وەها بۆ دڵساردكردنەوەی سەربەخۆییخوازانی كورد هەیە.
لەڕاستیدا ئەم هەوڵە نێوخۆییانە لەگەڵ هەڵوێستی دوژمنانی كورد یەكدەگرێتەوە، كە بەردەوام هەڕەشەی ئاشكراو ژێربەژێر لە هەرێمی كوردستان دەكەن، بەڵام بە دڵنیاییەوە، ئیرادە و هێزی خەڵك بۆپرسی سەربەخۆیی، وەك لە دوایین ڕاپرسییەكەی زانكۆی ئەمریكی دهۆك، ڕێژە دڵخۆشكەرەكەی خرایەڕوو، بە ئاستێك گەیشتووە، هیچ هێزێك، ناتوانێ پێشی پێ بگرێت، ئەمە بیانووی بێ ئەرزش و پاساوی لاواز و سووكسەرنجدانە بۆپرسێكی گەورەی نەتەوەیی و نیشتیمانیی چارەنووسسازی میللەتێك. كاتێك كەسانێك دێن دەڵێن: ئەگەر هەرێمی كوردستان ببێتە دەوڵەت، ناتوانێ نەفەس بكێشێت و لاواز دەبێت، ئەمانەو دەیان قسەو بڕوبیانووی دی، جگە لە ئاوكردنە ئاشی دوژمنانی سەربەخۆیی كوردستان هیچ شتێكی دیكە نییە و پاساوی دیكە هەڵناگرێت.
نەتەوەكانی تر، لەئێستای جیهانی پێشكەوتوویشدا، بۆچی ئامادەن بەرگری لە كیان و قەوارە لاوازەكانی خۆیان بكەن؟ بۆچی دەوڵەتەكانی خۆیان ناڕووخێنن و تەسلمیی زلهێزە بەهێزەكان نابن؟ ئەگەر بڕیار ئەوەبێت قەوارەی لاواز شایستەی ژیان نیە؟ تەنها هەوڵدانی نەتەوەكانی تر بۆ پارێزگاری لەدەوڵەتانێكی لاوازی وەك یۆنان، وڵاتانی عەرەبی، ئەفغانستان، دەوڵەتانی ئەفریقا. هتد. دەمانگەیەنێتە ئەو بڕوایەی كەنەتەوەكانی دنیا ئەوەیان پێ باشە قەوارەكانیان ئەگەر بەلاوازییش بێت هەر بمێنێتەوە، نەك بچنە ژێر باری نەتەوە سەردەستەكانی دنیا. هەمان ئەم دیدە بۆ كوردیش ڕاستە، ئەگەرچی نازانین دەوڵەتی كوردستان كە دروست بوو لاواز دەبێت یان نا؟ بەڵام بەگریمانەی ئەوەی كە لاواز دەبێت دەڵێین: بەهەمان شێوەی نەتەوەكانی تر، قەوارەیەكی لاوازمان هەبێت وەك نەتەوەكانی تر، باشترە لەوەی لەم سەدەیەشدا كۆیلەی داگیركەرانی كوردستان بین.
باشتر وایە حزبەكان بە یەکڕیزیی و پێکەوە، قەدەری ئەم میللەتە لە دەستی داگیركەرانی كوردستان بۆ هەتاهەتایە دەربێنن و بیخەنەوە بن دەستی خۆیان. وەختی هاتووەو درەنگیشە ئەو ترس و تابۆیە بشكێنن و بیر لەوە بكەنەوە لەم گۆڕانكارییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، پرسی سەربەخۆیی بكەنە ڕۆژەڤی كۆڕ و كۆبوونەوە نێودەوڵەتییەكان و وڵاتانی ناوچەكە و پێداگری لە سەر بە دەوڵەتبوونی كوردستان بكەن، ئەگەر نەیكەن. ئەوە تەنیا جینۆسایدێكی دی و مێژوویەكی خوێناوی بۆ گەلەكەیان دووپات دەبێتەوە و، زەحمەت بە خەسار دەبێت.
Top