مەلا بەختیار بۆچی وادەڵێ؟
August 23, 2016
وتار و بیروڕا
مەلا بەختیار لەمن باشتر دەزانێت لەعورفی هیچ دەوڵەتێک نییە ڕاست و ڕەوان بە میللەتان بڵێت نا، بەپێی یاسا نێودەوڵەتیەکانیش هەموو ئەو وڵاتانەی کاکە مەلا باسیان دەکات دەبێت بلێن لەگەڵ یەکپارچەیی خاکی عێراقین، بەڵام بەشێوەیەکی ڕاستەوڕاست چ ئەمریکا و چ ڕوسیا و چ ئەو 28 دەوڵەتەی ڕۆژئاوا ناتوانن بەڵگەنامەیەک واژۆبکەن و بە(پارتی و یەکێتی)بڵێن لەگەڵتان نین بۆ سەربەخۆیی کوردستان، کاکە مەلا کەسێکی سیاسیەو لەوەش حاڵییە ئەوان ئەو کارە ناکەن، خۆ ئەگەر بیشیکەن زۆر بەئاشکرا وادەڵێن و شەرم لەکەس ناکەن، نەک لە نامەیەکی نهێنی کە تەنها کەسانی وەک مەلابەختیار ئاگاداری بێت.
بەهەق جێی سەرسوڕمانییە مەلا بەختیار بەو ڕەهاییە بابەتێکی وەهایی وروژاندووە، هەربۆیەش پرسیار لێرەدا ئەوەیە دەبێ چ مەبەستێکی سیاسی لەپشت ئەو قسانەی مەلا بەختیار بێت، بۆچی دەبێت لەوکات و ساتەدا کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی بۆ ژمارەیك ئەكادیمی و نوسەر و روناكبیر و مامۆستای زانكۆ و پسپۆڕانی سیاسی و سەربازیی و رۆژنامەنووس و نوسەر و رەخنەگرانى میسری قسەیەکی وەها بکات، دەپرسین کێ لەوقسەیەدا کە تەواو ناڕاستە سودمەندە، ئەوە دەبێ مەلا بەختیار وەڵام بداتەوە.