چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان و ئاژاوه‌گێڕی

چاره‌سه‌ری قه‌یرانه‌كان و ئاژاوه‌گێڕی
گومانی تێدا نیه‌ كه‌ هه‌مووان بانگه‌شه‌كارو هاوڕان له‌ سه‌ر هه‌نگاونانی جددی و به‌ په‌له‌ به‌ مه‌به‌ستی چاكسازی و ده‌رچوون له‌ قه‌یرانه‌كان و هه‌رچی زووتر باشتركردنی باروگوزه‌رانی خه‌ڵك و دوورخستنه‌وه‌ی مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر هه‌رێمه‌كه‌مان، چونكه ئاشكرایه‌ بارودۆخه‌كه‌ له‌ ئاستێكی زۆر مه‌ترسیدار دایه‌ و هه‌له‌ هه‌ره‌ گه‌وره‌و مێژوویی و چاره‌نووسسازه‌كه‌ی نه‌ته‌وه‌كه‌مانی خستۆته‌ به‌رده‌م هه‌ڕه‌شه‌یه‌كی گه‌وره‌.
گه‌ڵێك كه‌س و گروپ و لایه‌نی سیاسی گه‌یشتوونه‌ته‌ ئه‌و بڕوایه‌ی كه‌ به‌ په‌نا بردن بۆ ڕاگه‌یاندنی چه‌واشه‌و خۆكردنه‌ ده‌مڕاست و خه‌مخۆرو داواكاری خواسته‌كانی كۆمه‌ڵگا جۆرێك له‌ نائارامی و پشێوی ده‌نێنه‌وه‌و به‌مه‌ش هه‌ندێ ده‌سكه‌وتی زیاتر به‌ده‌ست دێنن، ئه‌گه‌ر ده‌سكه‌وته‌كان به‌ خواستی ئه‌وان بوو جۆرێك ئارام و بێده‌نگ ده‌بن و ئه‌گه‌ر زانیان بارودۆخه‌كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌ندی ته‌سكی ئه‌وان نیه‌ دیسان هه‌وڵی سوار بوونی شه‌پۆله‌كه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش ته‌نیا به‌ هۆی لاوازیانه‌ له‌ ئاستی ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی پێشهاته‌كان و بێتوانیان به‌ دیار ده‌خات له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و بانگه‌شانه‌ی هه‌ڵیانگرتون.
هه‌ر پێشڤه‌چوون و چاره‌سه‌رێكيش له‌ هه‌ر لایه‌ك به‌ده‌ست بێت له‌ هه‌وڵی به‌كه‌م دانان و بێنرخكردنی دان و یان له‌ شوێنێكی تر ئاژاوه‌یه‌ك ده‌خولقێنن یان ڕووداوێك وا گه‌وره‌ ده‌كه‌ن كه‌ هه‌موو سه‌رنجه‌كانی بخرێته‌ سه‌رو ده‌سكه‌وته‌ ستراتیجی و گه‌وره‌كه‌ له‌ ژێر په‌رده‌ی ڕووداوه‌ لاوه‌كیه‌كه‌ په‌رده‌پۆش ده‌كه‌ن و هه‌وڵی شاردنه‌وه‌ی ده‌ده‌ن. ته‌نیا مه‌به‌ستیشیان بێئومێد كردنی زیاتری هاوڵاتیانه‌.
له‌ نێوان قه‌یران و ئاژاوه‌گێڕی په‌یوه‌ندیه‌كی نزیك و هاوبه‌ش هه‌یه‌، چونكه‌ قه‌یران بارودۆخێكی ناپایه‌دار و له‌رزۆكه‌و له‌ چوارچێوه‌كه‌یدا گۆڕانكاری ناچاری –چاك یان خراپ-له‌سه‌ر لێواری ڕوودانه‌، به‌ مانایه‌كی تر، بارودۆخێكه‌ كه‌ به‌شێك له‌ سیسته‌م یان هه‌موو سیسته‌می له‌ كارخستووه‌و پایه‌داریه‌كه‌ی شێواندووه‌و بۆته‌ هۆی گۆڕانكاری سه‌ره‌كی. وه‌ گه‌یشتن به‌ ڕێگاچاره‌ی قه‌یرانه‌كان ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ بڕیار به‌ده‌سته‌كانی نزیك له‌و بابه‌ته‌، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به‌ ته‌واوی له‌ قه‌یرانه‌كان تێنه‌گه‌ن له‌وانه‌یه‌ ڕووداوه‌كان زۆر زوو له‌ ده‌ست ده‌ربچن و سه‌ربكێشن بۆ توندوتیژی. له‌م ڕوه‌وه‌ قه‌یران زه‌مینه‌سازی ئاژاوه‌گێڕیه‌، هه‌رچه‌نده‌ ده‌كرێ قه‌یران گشتگیربێ و ئاژاوه‌گێڕی له‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ بابه‌تێك یان چه‌ند بابه‌تێك له‌ شوێنكاتێكدا هه‌بێ، به‌ڵام كاریگه‌ریان له‌ سه‌ر یه‌كتر هه‌یه‌.
قه‌یران و ئاژاوه‌گێڕی له‌م ڕووه‌وه‌ كه‌ تێكده‌رو له‌ كارخه‌ری ڕێكخستنی كۆمه‌ڵگاو سیسته‌می هه‌ر ڕژیمێكن، هاوبه‌شن پێكه‌وه‌. ئاژاوه‌گێڕان به‌ڵێنه‌كانیان ئه‌وه‌نده‌ به‌رزده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ بۆخۆیان پێش هه‌موو كه‌س دڵنیان كه‌ له‌وا بارودۆخێكدا هه‌رلایه‌ك له‌ ده‌سه‌ڵاتدا بێت توانای جێبه‌جێ كردنیانی نیه‌، مه‌به‌ستیشیان ته‌نیا پشێوی نانه‌وه‌ی زیاتره‌و نه‌مانی متمانه‌ی هاوڵاتیان و ده‌سه‌ڵاته‌و بۆ به‌ده‌ست هێنانی چه‌ند ده‌ستكه‌وتێكی كه‌می كاتیه‌ و له‌ ئه‌نجامدا زیانی زۆرو گه‌وره‌ به‌ كۆمه‌ڵگا ده‌گه‌یه‌نن و زیاتر له‌ سوودی نه‌یاران و دوژمنانی دایه‌ و به‌هانه‌یه‌كی تری سته‌مكاری و چاوتێبڕینه‌كانیان ده‌بێ و به‌ گوڕتر و بوێرانه‌تر له‌ هه‌وڵی دووباره‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ی ئه‌و مافه‌ سروشتیانه‌ن كه‌ به‌ده‌ست هاتوون.
Top