بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر. پارێزگارە بێ تەوقیعەکەی سلێمانی.

بۆ هەڤاڵ ئەبوبەکر. پارێزگارە بێ تەوقیعەکەی سلێمانی.
لەمەودوا قسەکانت لە (دووەم ئۆکسیدی بێزارکەر) زیاتر هیچی تر نێن ، بەڵێن و بانگەشە و هاتوهاوارەکانیشت وەک بڵقی سەر ئاو و وەک کۆکردنەوەی ئاردی ناو دڕک وایە ، ئەحمەقیە ئەگەر هۆکاری دەستبەکار(نە)بونت بۆ واژوی سەرۆکی هەرێم بگەڕێنیەوە ، گێلی و نەزانیە ئەگەر (بارزانی) بە خەتابار بزانی ، لەمەودوا ئەگەر دەمدرێژی بەرامبەر پارتی بکەی ، زمانت لاڵ دەبێ و چاوت کوێر دەبێ ، بڕۆ یەخەی ئەو کەسە بگرە کە کڵاوی خستە سەرت ، تۆی فرۆشت ، ئەی بڕیار نەبوو خۆی دەستت بگرێ و داتنێت لەسەر کورسی پارێزگار !
ئایا ئەزانی دووجار کورسیەکەت فرۆشرا ، جاری یەکەم ئەوکاتە بوو کە کورسیەکە دوو ساڵ درا بە ئاسۆ فەریدوون ، لەو سازشە بڕێک پارە وەرگیرا ، دووەم جاریش ئێستایە ، واتا دوای دووساڵ .
هەڤاڵ گیان ، ئەوە دووەم جارە تۆ دەکڕدرێی و دەفرۆشرێی ، هێشتا بە خۆتت نەزانیوە ، دەبێ تۆی کونە ئیخوان لە هەموو کەس زیاتر لە مانای ئەو وتە بەنرخەی عەلی کوری ئەبوطالب بگەیت کە دەڵێت ( إتقي شرَّ مَنْ أحسنتَ إليه ) ، کەی کاتی ئەوە دێت کە خۆت لە شەڕی ئەوانە بپارێزی کە وەک کاڵایەک مامەڵەت پێوە دەکەن !
تۆ یەکگرتووت فرۆشت بۆیە ئەمڕۆ تۆ دەفرۆشرێی و هەراج دەکرێی !
تۆ نمەک حەرام بووی بەرامبەر ئەوانەی کە دوو ساڵ پێش ئێستا ئامادەبوون دەنگت پێ بدەن لە ئەنجومەنی پارێزگا ! لە جیاتی ئەوەی رێزیان لێ بگری و سوپاسیان بکەی ، بێریزیت پێ کردن !

پەندێکی کوردی هەیە دەڵێت ( ئەگەر یەکەم جار فێڵت لێ کردم ، خوا بتگرێت ، ئەگەر دووەم جار فێڵت لێ کردم ، خوا من بگرێت )، ئەوە چەندین جارە ، هەمان مار ، لە هەمان کون ، بە هەمان شوێنتەوە دەدات ، ئەوە لە نەزانی و کەم عەقڵی خۆتەوەیە نەک لە زیرەکی و فێڵبازی مارەکە .

بیرت چوو ، لافیتەیان بۆ هەڵواسیت لە ناوەراستی شار و تۆیان بە هەڵەوەڕی کۆنە بەعسی ناساند ، خۆ ئەوەش پارتی نەبوو وای ناساندی ، ئەی رێکخەر و سیمبولەکەت ، دوای ئەوە دەستی نەخستە ناو دەستیان ؟ کورسیەکەت و خۆتی نە فرۆشت ؟

تۆ لەسەر مێزی کەباب خواردنەکەی کەبابخانەی (عەباس ئەبو شوارب) دووبارە فرۆشرای ، ئەترسم خەتاکەی بخەیتە سەر (عەباس ئەبو شوارب)ی رەحمەتی خاوەنی کەبابخانەکە چونکە ئەو پارتی بوو نەک کەباب خۆرەکان !
ئەوان کەبابەکەیان خواردو شیشەکەشیان بۆتۆ بوو!
ئەمڕۆ تۆ گوتت ئێوارە دەبم بە پارێزگار ، ئەی بۆ بەیانی نەبوی ، کە لەگەڵ بوک نەبی ، لەگەڵ بەربوکیش نابی ، پێشنیارێکم بۆت هەیە ئەویش ئەگەر لایەنی یەکێتی قبوڵی بکەن ، بیانیان با ئاسۆ فەرەیدون پارێزگار بێ ، ئێوارانیش تۆ !

سواربونی عەرەبابەی کەمئەندامان و لێخوڕنی پایسکیل و سەیارە شوشتنی بەردەرگا و بەخشینەەی گوڵەنێرگزو سەردانی مامە و دەست ماچکردنی دادە و وێنەگرتن و خۆدەرخستن و نمایشەکانی ناو فەیسبووک ، هیچ دادی نەدای ، تۆ وەک کاڵا مامەڵەت پێوە کرا ، کێشەکە لەوەدایە ، تۆ تا ئێستا نازانی نرخت چەند بووە و بە چەند فرۆشراوی !

چ پۆزشێک بۆ ۲٤۱ هەزار دەنگدەرت دەهێنیتەوە ، پێیان دەڵێی فێلیان لێ کردم ، هەرگیز لەو باوەرە مەبە بەو دوعایەت بڵێن ئامین ، بێدەنگ بوونت مانای وایە تۆش دەمت چەورکراوە ، بێدەنگ بوون مانای وایە تۆش باخەڵت گەرم کراوە بەڵام دەیشاریتەوە لە دەنگدەرانت، لەوانەیە سوکە هاتوهاوارێکیش بکەی و یەک دوو کۆنگرەی رژنامەوانی و یەک دوو بەیاننامە و یەک دوو پۆستی فەیسبوکیش بکەی ، بەڵام دڵنیابە کەس باوەڕ بە هاتوهاوارەکانت ناکات .

تۆ بۆ رازی کردنی دڵی ئێران ، بانگەشەی جیاکردنەوەی سلێمانیت دەکرد ، چەندین لاپەڕەی فەیسبوکت کردەوە لە ژێر ناوی (سلێمانی سەربەخۆ) و چەندانی تر بۆ مەبەستی جیاکردنەوەی سلێمانی ، بەڵام هەر دادی نەدای ، ئاغاکانی ئەو دیو رۆڵەی بەوەفاتریان لە تۆ هەبوو تا لەسەر کورسی پارێزگار دابنیشن !
دەزانی کاتێک دەبیتە پارێزگار و واژوەکانت نەیخوات ، هیچ جیاوازیەکت نابێ لەگەڵ کورسی و مێزەکەی ژورەکەت ، ئەوانیش هەمان دەسەڵاتی تۆیان هەیە !
رێکخەرەکەت هەرچی خراپی هەبوو پێی کردی ، هەرچی خیانەت بوو لەسەر زاری تۆوە بڵاوی دەکردەوە ، تا بڵێی ناشیرینی کردنی ، لەقەل و کۆتری کردی ئینجا شاپێکی تەڕی تێهەڵدای .

Top