وەڵامێک بۆ ڕێبین ههردی.... مونەزرەکەی نەوشیروان مستەفا
August 21, 2016
وتار و بیروڕا
ڕێبین هەردی مونەزرەکەی نەوشیروان مستەفا لە نوسینێکدا کە ئاشکراییە لەژێرکاریگەری چ لایەنێک و بەمەبەستی پاراستنی بەرژەوەندی چ وڵاتێکی ئیقلیمی نووسراوە داوای دابەشکردنی کوردستان و پارچە پارچەکردنی دەکات، وەک نەخشە ڕێگایەک بۆ چارەسەر دووکەرت بوونی کوردستان هەڵدەبژێرێت بێ باک لەوەی ئەوە هزرەژەهرە چ زیان و هەڕەشەیەکە لەسەر یەکێتی خاکى کوردستان، ئەو کوردستانەی هەزارەها قوربانی لەپێناودراوە تاگەیشتووە بەئەمڕۆ کەلەسەر لێواری دەوڵەت بوندایە، حکومەتی بەعس و دەوڵەتانی هەرێمی سەد ساڵە کار بۆ ترازان و لێک جیاکردنەوەی کوردستان دەکرد بەو خەونە گڵاوەیان نەگەیشتوون، کەچی هەردی واخەریکە تەنزیری ئەو باوەڕە بۆگەنە دەکات، ئەوەی ئەو باسی دەکات و خستویەتیە ڕوو جگە لە هێنانەدی ستراتیژو پیلانی نەخشەی دوژمنانی کوردستان شتێکی دیکە نییە، دەرەنجامی ئەو بیرکردنەوەی سەروچاوەکەی لەبیروبڕواکانی نەوشیروان مستەفاوەیە کە هەمیشە هەڕەشە بووە لە سەر یەک پارچەیی کوردستان.
بۆیە دەبێت ڕێبین هەردی و هاوشێوەکانی باش ئەوە بزانن، کوردستان ئەوپەڕی سەقامگیرەو ئەمن و ئاسایشی پارێزراوە، ڕۆڵەکانی ئەو نیشتیمان ڕۆژانە لەپێناوی ئارامی هاوڵاتیان خۆیان دەکەنە قوربانی، ئەوە ئێوەن کە فیتنەدەگێرن و ئاشوب دەهێنن ئێوەن دەتانەوێت پێکەوەژیان بکەویتە خراپترین دۆخ و سەقامگیری بشێوێت، بیرو باوەڕی ئێوەیە هەوڵدەدات کوردستان بەرەو دوو پارچەیی ببات و خاکەکەی دابەش بکات، بەلام دنڵنیات دەکەمەوە خەونەکەتان لەگەڵ خۆتان دەبەنەژێرخاک و نایبینن، بۆیە دەبێت حاڵی بکرێیت کە نەک تۆ هیچ کەس بۆی نییە باسی دابەشکردنی کوردستان بکات، ئەوەی تۆ دەیڵێیت هی ئەوە نییە تەنانەت موناقەشەش بکرێت، ئەوەی تۆ باست کردووە دەبێت لەهەموو لایەکەوە ئیدانەبکرێت و بەیاسا ئەوجۆرە بیرکردنەوانە قەدەغەبکرێت، باسکردنی دابەشکردنی کوردستان کوفرو قەدەغەیە بەلای کوردستانیان، حاڵی چوار پارچەکەی کوردستان گەلێک جوانە نۆرەی ئەوەیە پارچەیەکی بکرێتە چەند بەش، تا زووە لەبۆچوونەکەت پاشگەزببەوەو داوای لێبوردن لە دایکی شەهیدان و پێشمەرگە بکە، دەنا دڵنیام تۆ و ئەوانەشی هانت دەدەن بۆ ئەو جۆرە نوسینانە دەخرێنە زبڵدانی مێژوو و وەک خائین و هەراجکاری وڵات ناوتان دەخوێندرێتەوە.