ئێران ناتوانێ هه‌ولێر سارد بکاته‌وه
August 20, 2016
وتار و بیروڕا
ئێران که تائێستاش نایاوێت به فه‌رمی و ڕاشکاوی دان به هه‌رێمی کوردستان و ئاڵاکه‌یدا بنێت و مامه‌ڵه‌ی دوو ئیداره‌یی و په‌یوه‌ندیه‌کی حیزبی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی کوردستان په‌یڕه‌و ده‌کات و باشوری کوردستان به ئیسرائیلی دووه‌م ناوده‌بات، له‌هه‌مانکاتدا دروستبوونی ده‌وڵه‌تی کوردستان به هێڵی سوور ده‌زانێت و ئه‌م په‌یامه‌ی له ڕێگای شاندی یه‌کێتی بۆ سه‌رکردایه‌تی کوردستان ناردووه.
جگه له‌م هه‌وڵانه‌ی که داویه‌تی، ئێران ده‌یه‌وێت تورکیا ڕازی بکات به ڕێگرتن له سه‌ربه‌خۆیی کوردستان له به‌رامبه‌ریشدا بۆ تورکیا ڕێگرتن له هه‌ژموونی په‌که‌که له ڕۆژئاوای کوردستان جێگای مه‌ترسی و هێڵی سووره، هه‌روه‌ها ئێران ده‌یه‌وێ له ڕێگه‌ی حکومه‌تی عێراق و هه‌ندێک لایه‌نی کوردی دۆستی به بانگهێشتکردنی سه‌رکرده‌کانیان بۆ تاران و به‌ڵێن پێدانی پشتگیری‌یان له نێوخۆی باشوری کوردستان ده‌نگێکی ناڕه‌زایه‌تی دروست بکات به‌وه‌ی که سه‌ربه‌خۆیی هه‌نگاوێکی مه‌ترسیداره و بتوانن له ڕێگای حیزب و ڕاگه‌یاندنه‌کانه‌وه کاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵکی باشوری کوردستان دروست بکه‌ن و ساردیان بکه‌نه‌وه.
لێره‌دا ده‌بێت ئه‌وه به بیر ئێران و خه‌ڵکی باشوری کوردستان بێنینه‌وه که سه‌رده‌مێک تورکیا نه‌ک دژایه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌ڵکو نکۆڵی له بوونی کورد ده‌کرد و ده‌یویست به هێزی سه‌ربازی بێته ناو خاکی کوردستان، هه‌موومان هه‌ڵوێستی سه‌رۆک بارزانی-مان بینی چی بوو و چۆن وه‌ڵامی تورکیای دایه‌وه که وتی: مه‌گه‌ر ده‌بابه‌ی تورکیا به‌سه‌رجه‌سته‌ی مندا بێنه ناو خاکی کوردستان، و کوردستان ده‌گه‌ین به گۆڕستانی تورکیا.
دوای چه‌ند ساڵ ئه‌و هه‌ڵوێست و دژایه‌تیه گۆڕانکاری به‌سه‌ردا هات و تورکیا تێگه‌یشت که ئیتر زمانی گه‌ف و کاتی هه‌ڕه‌شه و دژایه‌تی به‌سه‌رچووه و په‌یوه‌ندییه‌کان گه‌یشتنه ترۆپک و گه‌وره‌ترین پێشوازی و گرنگترین سه‌ردانی بۆ سه‌رۆک بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان و شاندی یاوه‌ری بۆ ئامه‌د ڕێکخست، بارزانی به جلی کوردی و زمانی کوردی چووه تورکیا و به ئاڵای کوردستان له‌لایه‌ن سه‌رۆک کۆمار و سه‌رۆک وه‌زیران پێشوازی لێ‌کرا.
ته‌نانه‌ت له سه‌ردانێکی سه‌رۆک بارزانی بۆ ئه‌نکه‌ره ساڵی (٢٠١٥) له ناو کۆشکی کۆماری له کۆنگره‌یه‌کی ڕۆژنامه‌نوسی گۆڕانکارییه‌کانی سیاسه‌تی تورکیای وه‌بیر ڕۆژنامه‌نووسان هێنایه‌وه که کاتێک ساڵی شه‌سته‌کان بارزانی نه‌مر نامه‌یه‌ک بۆ سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کان ده‌نێرێت بۆ ئه‌وه‌ی له ئێش و ئازار و ئه‌و زوڵمه‌ی له کورد ده‌کرێت ئاگاداری بکاته‌وه، ئه‌ویش نامه‌که بۆ هه‌موو سه‌رۆکی وڵاتانی ناوچه‌که ده‌نێرێت، ته‌نها سه‌رۆکێک که نامه‌که‌ی قبوڵ نه‌کردبوو و گه‌ڕاندبوویه‌وه (جه‌وده‌ت سۆنای)سه‌رۆک کۆماری ئه‌وکاتی تورکیا بوو، که‌چی دوای چه‌ند ساڵ له هه‌مان کۆشک که سه‌رده‌مێک نامه‌ی بارزانی نه‌مر قبوڵ نه‌کرا به ئاڵای کوردستان پێشوازی له سه‌رۆک بارزانی وه‌ک سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان کرا و به زمانی کوردی کۆنگره‌ی ڕۆژنامه‌نوسی بۆ سازکرا، دواتر هه‌مان ڕۆژیش له‌گه‌ڵ سه‌رکرده سیاسیه کورده‌کانی باکوری کوردستان کۆبوویه‌وه و ته‌نانه‌ت بووه هۆکارێک بۆ به‌ره‌وپێش چوونی پڕۆسه‌ی ئاشتی له باکوری کوردستان.
که‌واته ئێران ده‌بێت دوای چه‌ندین ساڵ ئه‌و سایکۆلۆژیه‌ی خۆی به‌رامبه‌ر هه‌رێمی کوردستان و کورد بگۆڕێت و ئیتر له‌وه‌ش تێبگات گه‌ر بیه‌وێت هه‌رێمی کوردستان و خه‌ڵکه‌که‌ی به دۆستی خۆی بزانن، واز له لۆژیکی هێز و دژایه‌تی ئامانجه‌کانی کوردستات بهێنێت و وه‌ک ده‌وڵه‌تێکی دراوسێی خاوه‌ن مێژوویه‌کی دێرینی دۆستایه‌تی و پێکه‌وه بوون مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ڕاستیه‌کان و ده‌رئه‌نجامی هه‌وڵه‌کانی کورد بکات، له‌وه‌ش دڵنیابێت که هه‌وڵه دژایه‌تیه‌کانی هه‌رگیز کورد و هه‌ولێر سارد ناکه‌نه‌وه له وه‌دیهێنانی مافه‌کانی خه‌ڵکی کوردستان و گه‌یشتن به سه‌ربه‌خۆیی و دروست بوونی ده‌وڵه‌تی کوردستان.