موسڵ: گەر حەشد بەشداربوو، چی؟
August 17, 2016
وتار و بیروڕا
دوا بەدوای ئەوە ڕێڕەوی ئەو هێزە میلیشیایە گۆڕا و تاقمێكی توندڕەو بەسەردەستەیی بەشێك لە فەیلەقی بەدر و قودسی ئێرانی جڵەوەكەی وەرگیرا و بەهەوای تۆڵەسەندنەوەی زەمانی ئیمام حوسێن كەوتنە وێزەی سوننەی عێراق و، لەهەر شوێنێك دەستیان پێ گەیشتبێ، هەرچیان پێ كرا كردیان بە زیندووییسوتاندنی مرۆڤەكانیشەوە.
*ئاشكرایە لە مێژووی خوێناویی سەردەمی مەعاویە و ئیمام عەلیدا غەدرێكی زۆر لە حوسێن بن عەلی كرا و، كاتێك سەریان بڕی، لە كەربەلاوە سەرەكەیان بە وڵاتی شامدا گێڕا و لە میسڕ هەڵیانواسی. زۆر نمونەی تر هەن لە مێژوودا و لەوەش خراپترن و روویان داوە، وەلێ بە لێبوردەیی و گەیشتن بە قەناعەت ئاگرەكە كوژاوەتەوە. هەرچی دەیبینین بەهەر دەسیسەو فتوایەكی ئاشكرا و شاراوە بێت هێشتا لە عێراق ئەو شەڕە مەزهەبییە (لە قاڵبێكی سیاسیدا) نوێ بۆتەوە و، كار گەیشتۆتە ئاستی بەتەواوی یەكترقبووڵنەكردن و سوننە پێیان وایە حەشدی شەعبی كە زۆرینەی رەهای شیعەیە، سەركردایەتیەكی رێكخراوی هەیە و حكوومەتی مالكی دروستی كردووە و كاریگەریی بەهێزی بەسەریانەوە هەیە و، حەیدەر عەبادیش لەمڕۆدا خستنییە ناو فۆڕمی سوپای نیزامی عێراق واتا ترسی سوننە نەك لەمڕۆ بەڵكو لە سبەیشە.
*حەشدی شەعبی لەو شوێنانەی بەشداریی ئازادكردنەوەی كردووە، وەكو رومادی و سەلاحەدین و دیالە، زوخاوی بە هەناوی خەڵكی ئەو ناوچەیە چێشتووە، بۆیە خەڵكی موسڵ لەوە دەترسن سیناریۆكە لەوێ زۆر ترسناكتربێ، چونكە داگیركردنی موسڵ شكۆ و هەیبەتی دەسەڵاتی شیعەی سیاسیی شكاند، چونكە ئەوە نوری مالكی بوو لەسەر سینیەكی زێڕ مەقەستی شریتی ئەو شارەی پێشكەش كردن، بۆیە شیعە لە ڕێی حەشدەوە مەبەستیانە ئەو پەڵەی شوورەیی و دۆڕاندنە لە تەوێڵی خۆیان بسڕنەوە، بۆیە هەست دەكەم ئەمریكیەكان پێویستە چۆن مامەڵەیان لەگەڵ میلیشیای ناوبراو كرد لە شوێنەكانی تر، وریاتر بن و رێگە نەدەن حەشد بەژدار بێ، گەرنا چۆن لە رابردوودا دەیان هەڵەی گورچک بڕیان لەسەردەمی بریمەردا كرد، ئەوجارە قورستر دەبێ و جارێكی تر بارەكەیان بۆ راست نابێتەوە. پاشان سوپای عێراقی تا رادەیەك هەناسەی بەبەردا هاتۆتەوە هێزێكی ئامادە و روحكێشی داعش (پێشمەرگە) بەژدارە. لە ئاسمان و زەوی ڕۆڵی كاریگەر دەبینن هێزی ناوچە سوننیەكان مەشقیان پێ كراوە ئیتر بۆخۆیان دەخەنە ئاریشەیەك ئەوسەری دیار نەبێ.
*بە كورتی دوای شەڕی ئازادكردنی موسڵ جوگرافیای عێراق مەحاڵە وەكو ئەمڕۆ بمێنێ چونكە نە كورد بە حوكمی زاڵمانەی شیعە و پێشتر ئەزموونی سوننە رازییە، نە ئەوان خۆبەخۆ بەیەكەوە هەڵدەكەن