پەیەدە شەڕ بۆ كێ و دژی کێ دەكات؟!

پەیەدە  شەڕ بۆ كێ و دژی کێ دەكات؟!
سیاسەتی تاكڕەوانەی پەیەدە لە ڕۆژئاوای كوردستاندا هەموو سنوورێكی ئەخلاق و ڕەفتاری كوردایەتیی بەزاندووە. ئەو هێزە هەموو جۆرە فرەحزبی و ڕەنگێكی جیاواز ڕەت دەكاتەوە و، ڕۆژانە وەك گرووپێكی توندڕەو سەرکوتکار ترس و خۆف لە دڵ و دەروونی شەكەتی ڕۆڵەكانمان لە ڕۆژئاوادا دەچێنێت.
ئێستا خەڵك كەوتۆتە بەردەم ئەو پرسیارەی كە ئایە بەڕاستی پەكەكە و كلكەكانی لە ڕۆژئاوا، بۆ كوردایەتی دەكۆشن یا بۆ بە دیلگرتن و تیرۆرکردن و ڕاگواستنی چالاكوانی سیاسی و مەدەنیی جەوانانی كورد؟
پەیەدە ڕەوایەتیی خۆی لە سڕینەوەو ڕەتكردنەوەی حزبە كوردییەكانی غەیری خۆیدا دەبینێتەوەو بە عەقڵیەتێكی تاكلایەنەو دۆگمایی هەوڵی قۆڕغكردنی دەستەڵات و زەوتكردنی ئازادییەكان دەدات، دوورخستنەوە و تۆمەتباركردن و ڕیشەكێشكردنی ئەویتر، لە سەر ئاستی سیمبوڵی یان جەستەیی لە ئەولەویاتی سیاسەتی پاكتاوكردنی پەیەدە و هێزە ئەمنیەكانیانە.
گرتن و ئەشكەنجەدانی ئەندامانی ئەنەكەسە و چالاكوانانی پارتی دیموكراتی كورد- سووریا و سووكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان، كە بە فەرمایشتی شام و بڕیاری راستەخۆی باڵی توندڕۆی پەكەكە لە قەندیلەوە جێبەجێ دەكرێ، بەڵگەی حاشاهەڵنەگرە كە پەكەكە لە ڕێی پەیەدەوە شەڕ لە پێناوی كوردستان ناكەن، بەڵكو شەڕەكەیان بۆ پاراستنی حكومەتەكەی بەشار ئەسەدە، چونكە ئەو حزبە ڕووقایمانە بەم ڕەفتارانەی وەك بەشێك لە سوپای ئەسەد و هاوكاری و فەرمانوەرگرتن لە دیمەشق خۆی وێنا كردووە و، ئەوەی تا ئێستا لێی بینراوە و سەلماندوویەتی بەهیچ شێوەیەك خزمەتی خەڵكە لێقەوماو و بەشمەینەتەكەی ئەو پارچەیەی كوردستان نەبووە. ئاخر خەڵكی رۆژئاوای كوردستان پاش سەدەیەك حاشالێكران لە ناسنامە و كەسایەتیی كوردانەیان ئێستا پێویستیان بە هێزێكە تۆزی ئەو مەینەتی و ئازارانەی رابردوویان لێ بتەكێنێ كە لەسێبەری رژیمە دژەكوردەكەی بەعسەوە لەسەریان نیشتووە، بەڵام پەیەدە هەموو سیاسەت و كردەوەیەكی مخابن لە پێناو پتەوترڕاگرتنی دەسەڵاتی بەعسی سووریادایە، بۆیە هیچ جۆرە داخوازییەكی ڕوونیان لە پێناو بەرژەوەندی نەتەوەیی كورددا نییە.
لە ڕاستیدا پەیەدە بە تەواوەتی لە خزمەتی جێبەجێكردنی هەژموونی دوژمنانی كورددایە و، یەك فیشەك بۆ ئامانجە ڕەواكانی كورد ناتەقینێت و، هیچ پێشڕەوی و كارو چالاكییەكی بە بێ فەرمانی داگیركەرانی كوردستان ئەنجام نادات .
ئەم هەنگاوانە لە بنەڕەتدا بە كردەوەیەكی هاوشێوەی گرووپە توندڕەوەكان لە قەڵەم دەدرێن و، دوورن لە هەموو جۆرە بەهایەکی كوردایەتی و ئەخلاقی سیاسی و بنەماكانی حزبی شۆڕشگێڕ و خەباتكار، كە بێگومان بەم سیاسەتە تەنیا زەبرێكی قورس لە خۆیان و لە داهاتوویان دەدەن و لەم نێوەشدا گەلی كورد لەڕۆژئاوا زەرەمەندی سەرەكی دەبێ.
ئومێد دەكەین باڵی یاخیی پەكەكە بێتەوە سەر ئەقڵ و لە ژێر چەتری دوژمنانی كورد بێتە دەرێ و، لەگەڵ لایەنە كوردییەكانی ڕۆژئاوا هاوكار بن بۆ ئەوەی لەم گۆڕانكارییانەی ناوچەكەدا كە دەكرێ كورد پشكی شێری بەر بكەوێت و بەرهەمێكی باشی لێ بچنێتەوە و لە بندەستی خۆی رزگار بكات.
Top