دوای 70 ساڵ پارتی له‌به‌رده‌م دروشمی سه‌ربه‌خۆییدا

دوای 70 ساڵ پارتی له‌به‌رده‌م دروشمی سه‌ربه‌خۆییدا
به‌پێی قۆناغه‌كانی بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كوردستان، پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دروستبوونیه‌وه‌ تا ئه‌م وه‌خته‌ گرنگه‌ی كوردی تێداتێپه‌ڕ ده‌بێ، حزبێك بووه‌ توانای گونجاندن و تێپه‌ڕاندنی هه‌موو قۆناغی سیاسی و خه‌باتی چه‌كداری هه‌بووه‌، ئامانج و دروشم و هه‌نگاوه‌كانی به‌پێی واقیعه‌تی دروست په‌یڕه‌و كردووه‌ و نه‌چووه‌ته‌ ژێرباری بانگه‌شه‌كردنێك له‌ توانایدا نه‌بووبێ یاخود هه‌لومه‌رجه‌ ناوخۆیی و هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تیه‌كان چ سیاسی چ سه‌ربازی ره‌خساو نه‌بێ و ته‌نیا له‌ پێناو به‌رزكردنه‌وه‌یه‌كی بێناوه‌ڕۆك و ئامانج دروشم به‌كاربهێنێ.

ئه‌مساڵیش، ته‌مه‌نی خه‌باتی پارتی دیموكراتی كوردستان 70 ساڵ تۆمار ده‌كات، به‌ ڕاستگۆیانه‌ و دوور له‌ موزایه‌ده‌كردن، بۆ به‌ئامانجگه‌یاندنی دروشمه‌كانی له‌ بواری پرسی نه‌ته‌وه‌ییدا، متمانه‌ی پته‌وه‌ی نێوان خۆی و كۆمه‌ڵگای به‌ده‌ستهێناوه‌ته‌وه‌.

ده‌كرێ پارتی به‌ خه‌سڵه‌ته‌ جیاوازه‌كانیه‌وه‌ بناسرێته‌وه‌، به‌ڵام دیارترین خه‌سه‌سڵه‌ت پێموایه‌ شانازییشه‌، خۆخوێندنه‌وه‌ و واقعیبینی و به‌رجه‌سته‌كردنی ئه‌و دروشمانه‌یه‌ له‌پێناویدا خه‌باتی كردووه‌. به‌تایبه‌تی له‌ پرسه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان و به‌رجه‌سته‌كردنی كیانێك ره‌نگدانه‌وه‌ی مافی نه‌ته‌وه‌یی بێ و گوزارشت له‌ خواست و ئیراده‌ی كوردستانیان بكات.

دروشمی دیموكراسی بۆ عێراق و پێداگیریكردن له‌سه‌ر مافی نه‌ته‌وه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌و وڵاته‌، یه‌كێك بوو له‌ سه‌ره‌تاترین دروشمه‌كانی پارتی و به‌رده‌وام له‌ رێگای خه‌باتی خۆیه‌وه‌ جه‌ختی له‌سه‌ر دیموكراسی ده‌كرده‌وه‌، له‌وه‌یه‌ بگوترێ خه‌باتی چه‌كداری و دروشمی دیموكراسیه‌ت یه‌كناگرنه‌وه‌، دروست بێ، به‌ڵام حكومه‌تی ئه‌و كاتی عێراق له‌ دانوستانه‌كانی له‌گه‌ڵ پارتی، باشتر بڵێن: كورد، هه‌رگیز بڕوای به‌وه‌ نه‌بووه‌ دیموكراسیه‌ت و مافی نه‌ته‌وه‌ جیاكانی عێراق چاره‌سه‌ره‌ بۆ كێشه‌كان، به‌ڵكو شه‌ڕی له‌ هه‌موو به‌دیلێك به‌ باشتر زانیوه‌.
ئۆتۆنۆمی له‌ ساڵی 1970 له‌ میانی گفتوگۆی بارزانیی نه‌مر له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق، ئه‌م دروشمه‌ی پارتی بووه‌ ده‌سكه‌وتێكی گه‌وره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و رێككه‌وتنامه‌ی ئازاری 1970ی لێ به‌رهه‌م هات، به‌پێی خأڵی رێككه‌وتناكه‌، داننان بوو به‌ مافی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، راسته‌وخۆ حكوومه‌تی عێراقی ناچار بوو، كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی جیا له‌ عێراق بناسێنێ و ماوه‌ی كه‌متر له‌ 4 ساڵ، ئه‌م ده‌سكه‌وته‌ هێزێكی دیكه‌ی به‌خشیه‌ كورد، ئه‌نجامه‌كه‌یشی ئه‌وه‌ بوو به‌رپرسانی عێراقی هه‌ست بكه‌ن كه‌ پارتی دروشمێكی خه‌باتی خۆی له‌ عێراقدا سه‌پاند، بۆیه‌ رێككه‌وتننامه‌كه‌یان هه‌ڵوه‌شانده‌وه‌، به‌ڵام له‌ مێژووی كورد و پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ ئامانجگه‌یاندنی دروشمه‌كه‌، شانازییه‌كه‌ ناكرێ وه‌ك ده‌سكه‌وتێكی نه‌ته‌وه‌یی هه‌ژمار نه‌كرێت.

فیدراڵیزم، ئه‌و هه‌نگاوه‌ بوو، باشووری كوردستان له‌ ئه‌نجامی خه‌باتێكی پڕ خوێن به‌خشین، توانی له‌ ناوچه‌كه‌دا نمونه‌یه‌كی شایسته‌ به‌ خه‌باتی نیشان بدات، ئه‌ویش دامه‌زراندنی په‌رله‌مان و حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بوو، بۆیه‌ پارتی به‌ به‌رچاوگرتنی دۆخی ئه‌و كات، دروشمی فیدراڵیزم وه‌ك چاره‌سه‌رێك بۆ عێراق به‌ باشترین سیسته‌م زانی، بۆیه‌ پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تیشی به‌دوای خۆیدا هێنا، رێگه‌ی خۆشكرد تا زه‌مینه‌یه‌كی گونجاوتر بێته‌ ئاراوه‌ و له‌هه‌ر ده‌رفه‌تێك بۆی ره‌خسا و سیاسه‌تی نێوده‌وڵه‌تی و هه‌رێمایه‌تی و ناوخۆیی هاوكار بێ، چاره‌نووسی خۆی دیاری بكات و سه‌ربه‌خۆیی رابگه‌یه‌نێ.

له‌ كۆنگره‌ی 13ی خۆیدا پارتی، دروشم و هه‌نگاوی سه‌ربه‌خۆیی هێنایه‌وه‌ ناو ئه‌جێندای خۆی و به‌شێكی زۆری خه‌باتی سیاسی و دیپلۆماسی له‌سه‌ر ئه‌م هه‌نگاوه‌ بونیادنا و هاوته‌ریب له‌گه‌ڵ ته‌واوی گۆڕانكاری و رووداوه‌كان چ له‌سه‌ر ئاستی عێراق و چ له‌سه‌ر ئاستی ناوچه‌كه‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كرده‌ بابه‌تێكی گرنگ و ده‌رگای پشتیوانی كردنی نێوده‌وڵه‌تیش به‌شێكی به‌رچاو بوون بۆ به‌دیهێنانی ئه‌م ئامانجه‌.

كۆسپه‌كانی به‌رده‌م ئه‌م ئامانجه‌ی پارتی، واتا(كوردستانێكی سه‌ربه‌خۆ) و جیابوونه‌وه‌ له‌(عێراق) تاڕاده‌یه‌ك كاڵ بوونه‌ته‌وه‌ و كۆی گشتی رووداوه‌كان له‌ قازانجی ئه‌م خواست و ئاواته‌ی كورده‌، به‌تایبه‌تی شه‌ڕی دژ به‌ داعش و رۆڵبینی كورد وه‌ك كاره‌كته‌ری سه‌ره‌كی له‌ هاوپه‌یمانێتی دژ به‌ تیرۆر، زۆربه‌ی ئاڕاسته‌ی بۆچوونه‌كانی گۆڕی و ته‌نیا ئه‌وه‌ ماوه‌ به‌و شێوه‌یه‌ی كه‌ خه‌ڵكی كوردستان پارتی و سه‌رۆك بارزانی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان ده‌یه‌وێ جیابوونه‌وه‌ و سه‌به‌رخۆیی راگه‌یاندن به‌ ئاشتیانه‌ بێ.

ئه‌م ئه‌زموونه‌(سه‌ربه‌خۆیی) بۆ پارتی، بڕیارێكی سه‌خته‌، به‌ڵام پاشه‌كشه‌كردن له‌م بڕیاره‌، سه‌ختره‌، چۆن له‌ پێناو سه‌رجه‌م دروشمه‌كانی پێشوویدا، قوربانی به‌خشیوه‌، له‌م هه‌نگاوه‌ مه‌زنه‌یشدا به‌دڵنیایه‌وه‌ پێشه‌نگی قوربانی به‌خشین لای پارتی ده‌مێنێته‌وه‌ و نه‌یارانی كوردیش باش له‌وه‌ تێگه‌یشتوون، هه‌ر كاتێك پارتی دروشمێكی به‌رزكرده‌وه‌، به‌هه‌ر نرخێكی قوربانی به‌خشین بێ به‌ ئه‌نجامی ده‌گه‌یه‌نێ.
Top