ئایە کورد پلانی هەیە بۆ موسڵ؟
August 14, 2016
وتار و بیروڕا
لەئێستادا کەخەریکە پرۆسەی ئازادکردنەوەی موسڵ دەست پێبکات، هەست بەوە دەکرێت، بەهۆی ئەو هەموو پلانەی لەناوچەکە بۆ دوای ئازادکردنی موسڵ داڕێژراوە هەمووانی لەبەرامبەر پرسیارێکدا وەستاندووە ئاخۆ دوای موسڵ و دەرکردنی داعش چی؟ چونکە گریمانێکی زۆر هەیە ئەگەرەکان بەئاڕاستەیەکی تردا بچن لەناوچەکەدا، وەک ئەوەیە هەریەک بەجۆرێک شوێن دەستی خۆی بکاتەوە، ڕوسیا و تورکیا و ئێران کە ئێستاکە سوریاش هاتۆتە ناو هاوکێشەکەوە لەگفتوگۆدان چۆن بتوانن شوێنیان هەبێت لە عێراقی دوای داعش، ئەوە سەرباری ئەوەی لەنێوخۆی عێراقیشدا بەشێكی زۆر لە سەركردە سوننەكان دەیانەوێت بەهاوکاری کورد موسڵ بگرنەوە، بەلام بۆ قۆناغی دوای داعش و ئازادكردنی مووسڵ پلانی پڕۆژەی بەهەرێمكردنی نەینەوایان داناوە، كە بە پێی ناوەڕۆكی پڕۆژەكە بەشێکی زۆر لەخاکی ناوچە کوردستانییەکانی دەروەی ئیدارەی هەرێم دەكەوێتە سنووری ئەم هەرێمە، ئێران بەبیانووی پاراستنی شیعەکانی نینەوا کە بەشێکیان لە دەشتی نەینەوان و ئەوەی تریان لە تلعفەر و شنگالدان دەیەوێت حەشدی شەعبی بێنێ لە موسڵ جێگیری بکات، بەڵام مەبەستی ئێران لەوەدا گرێدانی دیالەیە بە شنگال و تەواوکردنی هیلالی شیعیە کە لەڕووی جوگرافى و مەزهەبییەوە لکاندنی ئێرانە بە سوریا و لوبنان، تورکیا بەپێی ڕاهێنان و پشتگیرکردنی حەشدی نیشتیمانی کە لەعەرەبی سوننە پێکهاتووە، هەروەها ئاماژەدان بە ئایندەی تورکمان لە تلعفەر و لەنێو شاری موسڵ جگە لە پێگەی ستراتیژی نینەوا بۆ داهاتووی ئابووری تورکیا وای کردووە تورکیا بیدەنگ نەبێت و پلانی هەبێت بۆ دوای ئازادکردنی موسڵ.
بەکورتی کورد پلانی خۆی هەیە بۆ دوای گرتنەوەی موسڵ و دەرکردنی داعش، لەشەڕی موسڵ کە پرۆسەیەکی ئاڵۆزە و چەندین پلان و ستراتیژیەتی جیاواز یەکتر دەبڕن هەرێمی کوردستان وستیویەتی جۆرێک لە هاوبەشی دروست بکات لەنیوان بۆچوونە جیاوازەکان، باشترین پلان کە ئامانجی سەرکی بەدست دەهێنێت بۆ کورد، یەکەمیان سنوری میژووی کوردستان لە نێوان ئەو هەموو پلانە جیاوازەدا ببپارێزرێت، دووەم ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە لەدوای داعش کە کاریگەری ڕاستەوخۆی هەیە لەسەر هەرێمی کوردستان بەرقەراربێت.