هەناسەیەك بۆ ئەوان و تەگبیرێكیش بۆ ئێمە
August 11, 2016
وتار و بیروڕا
یەكەم جارە بەدرێژایی مێژووی دەوڵەتی عێراق، عەرەب ئاوارە و دەربەدەر دەبێت، هۆكارەكەشی هەر عەرەب خۆیەتی، ئێستا عەرەب لە سایەی شەڕی مەزهەبیدا، لە دۆخێكی ناخۆشدان، ئاڵۆزبوونی ژیانییان، بە دیوێكی دیكەدا كاریگەریی خراپی بۆ سەر كوردستان هەیە.
لێدوانی هەندێ لە هەڵاتووانی دۆزەخی داعش بۆ میدیا، جێگەی سەرنجە، چونكە لە لایەك ئەوە پێشان دەدات، هێشتا كۆمەڵگەی عەرەبی زۆر داخراوە و نەیویستووە ئاگای لە خەڵكی كوردستان بێت، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە لە عێراقدا خۆیان بە هاوڵاتی ژمارە یەك و كورد و پێكهاتەی دیكەش بە ژمارە دوو داناوە، بۆیە پێویستییان بەوە نەبووە لە كورد تێبگەن، رژێمە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقیش، زۆر كاریان لەسەر ئەوە كردووە، بەڵام شەڕەكانی ئەم دواییەی داعش لە كوردستان و هەندێ ناوچەی عەرەبی، وایكردووە هەست بەوە بكەن كە هەرێمی كوردستان و خەڵكەكەی، چییان كردووە و چۆن ئەوانیش توانییان دوای هەڵاتن لە ناوچەكانیان هەناسەیەك لە كوردستان بدەن.
لە حوزەیرانی ئەمساڵ،خەڵكی فەللوجە لە ترسی شەڕ روویان لە بەغدا كرد، بەڵام لێنەگەڕان بچنە ناوییەوە و هەر لە دوورەوە هێڵدرانەوە، خەڵكەكە داد و بێدایان بوو لەدەست نەهامەتی و ئەو رێگرییە، منداڵێك دەیگوت بمانبەن بۆ هەولێر، ئەوێ خۆشە و كەسوكاریشمان چوونەتە ئەوێ، لەم رۆژانەش هەڵاتوویەكی دەستی داعش دەیگووت:" روومان لە هەر شوێنێك دەكرد كە ئاڵای عێراقی لێبوو جێگەمان نەبۆوە، بەڵام روومان لە ئاڵای كوردستان كرد ، لە باوەشیان گرتین، هاوكارییان كردین، بەڕاستی كاری باشیان كردووە، بۆیە خەڵكی كوردستان شایانی ئەوەن دەوڵەتیان هەبێت". ئێستاش نازانم ئەو كابرایە بە قەناعەتەوە ئەو قسانەی دەكرد یان لە ناچاری.
هاتنی ئەو لێشاوە بەردەوامەی عەرەب بۆ كوردستان، لە كاتێكدایە بەغدا ئامادەنییە بیانگرێتەخۆ، نابێ هێندە پێی شاگەشكەبین، راستە ئەوە سەلمێندرا كوردستانییان سینگفراوان و لێبوردەن، لێ ناكرێ بە بەرچاوی هەموومانەوە ئەو هەموو ژمارە زۆرە ، باری دیموگرافیی كوردستان بشێوێنن و لاسەنگی بكەن، حكوومەتی بەغدا لەبەر جیاوازی مەزهەبی، رێگە بە عەرەبی سوننە نادات سنوورەكانی شیعە ببەزێنن، ئێمەش كەیفی هەموو دونیامان بەخۆ هاتووە، عەرەب روومان تێدەكات، قەیناكا با هەناسەیەك لە كوردستان هەڵمژن، بەڵام هەق نییە هەروا لێی خەمساردبین، بەڕاستی تەگبیرێكی پێویستە.