بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رۆك بارزانی ناناسن

بۆ ئه‌وانه‌ی سه‌رۆك بارزانی ناناسن
ئه‌وه‌ی بارزانی نه‌مری هێنایه‌ ناو دونیای سیاسه‌ت ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌ چوار قۆڵیه‌ بوو كه‌ له‌ كورد ده‌كرا، ئه‌وه‌ش كه‌ سه‌نگه‌ری كرده‌ ماڵ و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی ره‌واندنه‌وه‌ی ئه‌و زوڵم و سته‌مه‌ و به‌ده‌ستهێنانی سه‌ربه‌خۆیی و به‌ سه‌ربه‌ستی ژیان بوو، هه‌ر بۆیه‌ش (كورد سه‌پانی باوكی كه‌س نییه‌)ی كرده‌ وه‌ڵامی هه‌موو ئه‌وانه‌ی كه‌ پێیان وابوو ده‌بێ كورد هه‌ر ژێرده‌سته‌ و سه‌پانی باوكی ئه‌وان بێ، لێره‌وه‌ خواستی به‌ سه‌پانی كردنی كورد لای دوژمنان و بڕیاری ره‌تكردنه‌وه‌ی ئه‌و خواسته‌ی دوژمنان لای بارزانی نه‌مر، بوونه‌ كار و كاردانه‌وه‌ و خاڵی وه‌رچه‌رخانی خه‌باتی رزگاری نیشتیمانی.
بارزانی نه‌مر له‌ پێناو به‌دیهێنای ئامانجی سه‌پانی نه‌كردنی كورد رێگای سه‌ختی خه‌بات و شۆڕش و قوربانیدانی هه‌ڵبژارد، بۆ هێنانه‌دی ئه‌و ئامانجه‌ش خه‌بات و شۆڕش و قوربانیدانه‌كانی له‌ به‌شێكی دیاریكراوی كوردستاندا گۆشه‌گیر نه‌كرد و له‌ هه‌ر به‌شێكی كوردستان ترووسكه‌ی شۆڕشی به‌دی كردبێ، گه‌یشتۆته‌ ئه‌و به‌شه‌ی كوردستان و فووی شۆڕشگێڕی پێدا كردووه‌، ئێستا كه‌ له‌ باشووری كوردستان بارودۆخه‌كه‌ له‌باره‌ بۆ ئه‌وه‌ی كورد دوا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بدات نه‌ سه‌پانی باوكی كه‌س بێ و نه‌ كه‌سیش سه‌پانی بێت، سه‌رۆك بارزانی وه‌ك شوێنكه‌وته‌ و شوێنگره‌وه‌ی بارزانی نه‌مر كار له‌سه‌ر به‌دیهێنانی هه‌مان ئامانج ده‌كات، له‌ به‌رامبه‌ریشدا كه‌س و لایه‌نی وا په‌یدا بوون پێداگری له‌سه‌ر به‌ سه‌پانی بوونی كورد ده‌كه‌ن، به‌وه‌شه‌وه‌ ناوه‌ستن به‌ بیانووی جۆراوجۆر هه‌وڵه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌كیه‌كانیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ چڕ كردوونه‌وه‌ سه‌رۆك بارزانیش به‌ سه‌پانی بوون و كورد كردنه‌ سه‌پانی دوژمنان رازی بكه‌ن، جا نازانم ئه‌وانه‌ سه‌رۆك بارزانی ناناسن یان نایانه‌وێ بیناسن؟!
ده‌بێ هه‌موو كه‌س و لایه‌نانه‌ی سه‌رۆك بارزانی ناناسن یان نایانه‌وێ بیناسن، ئه‌و راستیه‌ مێژووییه‌ باش بزانن كه‌ ئه‌و فه‌رمووده‌یه‌ی بارزانی نه‌مر (كورد سه‌پانی باوكی كه‌س نییه‌) خواستی هه‌موو كوردێكی خاوه‌ن هزر و بیری نه‌ته‌وه‌ییه‌ و ده‌ست به‌ردار بوون لێی هه‌ڵگه‌ڕانه‌وه‌یه‌ له‌ خواستی گه‌ل، ئه‌و خواسته‌ش لای سه‌رۆك بازانی هێلی سووره‌ و به‌ هه‌ر پاساو و بیانوویه‌ك به‌زاندنی به‌ خیانه‌تی نیشتیمانی هه‌ژمار ده‌كات، بۆیه‌ نابێ ئه‌و كه‌س و لایه‌نانه‌ به‌ هیچ شێوه‌یك پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان تێكه‌ڵ به‌ ململانێ و ركابه‌ره‌ حزبیه‌كان و پرسی كاراكردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان یان هه‌ر پرسێكی تری ناوخۆیی بكه‌ن، ئه‌وه‌ پرسێكی نه‌ته‌وه‌ییه‌ و په‌یوه‌ندی به‌ مان و نه‌مان و بڕیاری گه‌له‌وه‌ هه‌یه‌ و ئه‌و پرسه‌ ته‌نها و ته‌نها ده‌بێ له‌گه‌ڵ دوژمنان و داگیركارانی كوردستان بخرێته‌ ناو ململانێ و ركابه‌ریه‌كانه‌وه‌.
Top