شەڕی ئازادکردنی موصڵ ..... بە کورتی.

شەڕی ئازادکردنی موصڵ ..... بە کورتی.
1. وەک پێشتر چەند جارێک لە بابەتەکانمدا دوپاتم کردۆتەوە کە لەلای ئێران ، موصل لەدەستی داعش بمێنێت باشترە نەک سونەکان ئازادی بکەنەوە .
2. جێگیربونی هێزەکانی ئەمریکا لە بنکەی گەیارە گرفت بۆ بەشداری کردنی حەشدی شەعبی لە شەری ئازادکردنی موصڵ دروست دەکات ، ئایا پەکەکە یەکێک لە کارتەکانی تری ئێران نیە تا بۆشایی حەشدی شەعبی پێ پڕ بکاتەوە ؟
3. ئەمریکا پەلەیەتی بۆ دەست پێ کردنی پرۆسەی ئازاد کردنی موصڵ کە ناکرێت لە مانگی ۱٠ زیاتر دوای بخات .
4. کێشەکانی ناو پەڕلەمانی عێراق و دروست بوونی ناکۆکی لە نێوان سەرۆکی پەڕلەمان و وەزیری بەرگری ، پلانێکی تری ئێرانە بۆ رێگری کردن و دواخستنی شەڕی ئازادکردنی موصڵ ، چونکە ئەگەر ناکۆکی لە ناو سونەکان هەبێت و تەگەرە بۆ وەزیری بەرگری دروست بکرێ ئەوا کار لە دەستپێکردنی پرۆسەی ئازادکردنی موصڵ دەکات .
5. پلانێکی تری مەترسیدار لە دژی سونەکان بەسەرپەرشتی ئێران پیادەدەکرێت کە ئێستا عەشیرەتی جبوری پشتی سەلیم جبوری دەگرێت ( تکریت و دیالی و باشوری موصڵ ) و عوبیدیەکانیش پشتی خالد العبیدی وەزیری بەرگری دەگرن ( موصڵ ) و عەشیرەتی کەربولیەکانیش پشتی محمد کەربولی دەگرن ( رومادی ) ، لە ئایندە هۆز و تیرە عەرەبەکانی تریش دێنە ناو ئەو ململانێیەوە ، ئەوە سەرەتایەکی ترە بۆ دابەشبونی زیاتری سونەکان لەسەر بنەمای تیرە و عەشیرەتەکان .
6. چوار مانگ لەمەوبەر کاتێک عەبادی ویستی دەستکاری کابینە وەزاریەکەی بکات ، ئەمریکا لە زەرفێکدا ناوەکانی کابینە وەزاریەکەی پێشکەش بە عەبادی کرد کە وەزیری بەرگری و ناوخۆ تێدا بەدەرکرابوون لەو گۆڕانکاریانە ، ئێران بە قورساییەوە هاتە ناو بابەتەکە و شکستی بە بەرنامەکەی ئەمریکا و عەبادی هێنا لە گۆرانکاریەکان ، دواتر هەر ئێران زۆر بەوردی کاری کرد بۆ گۆرینی هەردوو وەزیری ناوخۆ و بەرگری بێ دەستکاری کردنی کابینەکەی عەبادی ( دژی بەرنامەکەی ئەمریکا ) ، ئەوە بوو وەزیری ناوخۆ لە ژێر گوشاری تەقینەوە خوێناویەکەی کەرادە دەستی لە کارکێشایەوە ، هەمان بەرنامە بۆ وەرگرتنەوەی متمانە لە خالد العبیدی لە پەرلەمانیش دەستی پێ کرد و ئێستاش بەردەوامە .
7. ئێران لە کەسایەتی و کاریگەری وەزیری بەرگری خالد العبیدی ترسی هەیە ، بە نزیک و گوێڕایەڵی ئەمریکیەکانی دەزانێ ، دوای ئەوەی توانی رومادی و فەلوجە رزگار بکات ، ئێران ترسی لەوە هەیە ناوبراو بتوانێ موصڵیش ئازاد بکات ، دوای ئەو سەرکەوتنانە خالد العبیدی دەبێتە کەسی یەکەمی ناو گۆڕەپانی سوننەکان ، ئەگەر هەیە کۆنە ئەفسەرانی سوپای عێراق جارێکی تر لە سوپایەکی نوێی سونەکان کۆبکاتەوە ، کە ئەگەری کودەتای سوننەکان بەسەر حکومەتی عێراق بەهێز دەکات ، بۆیە بە هەر شێوەیەک بێ ئێران هەوڵی دورخستنەوە و کۆتایی پێهێنانی خالد العبیدی لە ئەولەویاتی کارەکانیدایە .
8. ئازاد کردنی موصڵ بۆ هەموو لایەک گرنگە ، وەک کوردی جگە لە دورخستنەوەی داعش لە سنورەکانی هەرێم ، شێوازی ئیدارەدان و ئایندەی شارەکە لە دوای داعش لایەنێکی تری گرنگ و ژیاریە بۆ کورد ، بۆ تورکیا وسعودیەش بەهەمان شێوە ئازادکردنی موسل گرنگیەکی ستراتیژی و مێژویی هەیە و زۆر پلانی ئایندەیان لەسەر بنیاد ناوە ، سەبارەت بە ئێران گرنگی ئەو شارە لە گرنگی بەغدا کەمتر نیە ، هەر بۆیە موصڵ بوەتە خاڵی یەکتر بڕی سەرجەم ئاراستە دژبەیەکەکانی ولاتانی ناوچەکە و وڵاتانی تری زلهێزیش ، ئەوەی دەست بەسەر موصڵدا بگرێت دەتوانیت ئاراستەی روداوەکان لە بەرژەوەندی خۆی لە ئایندەدا یەکلایی بکاتەوە . لە سوریاش شاری حەلەب هەمان ڕۆڵی موصل دەگێڕێت ، ئەم دوو شارە ( واتا موصل و حەلەب ) بونەتە چەقی ململانێ خاڵی یەکتر بڕی بەرژەوەندی تەواوی هێز و وڵاتانی ناوچەکە . حەلەب لەژێر دەستی ئۆپۆزسیۆنی سوریای نزیک لە تورکیا و سعودیە دایە و موصلیش لە ژێر دەستی داعش ، مانگی ۱٠ چارەنوس و ئایندەی ئەم دوو شارە رونتر دەردەکەون . ئێران و ئەسەد و حزب اللە گەمارۆی حەلەبیان داوە ، هێزەکانی پێشمەرگە و سوننەکان بە پاڵپشتی ئەمریکا خەریکی گەمارۆدان و دەست پێ کردنی شەری موصلن ، ئێران نیگەرانە بە ئازاد کردنی موصڵ ، تورکیا و سعودیەش نیگەرانن بە گەمارۆدانی حەلەب .
9. بە هۆی هەڵبژاردنەکانی ئەمریکاوە ، هەست بەوە دەکرێت ئەمریکا بەترسەوە مامەڵە لەگەڵ روداوەکان دەکات و ئەو ترس و دودڵیەی ئەمریکا هۆکارە تا ئێران و ئەسەد زیاتر ئەسپی خۆیان تاو بدەن بۆ ئەوەی دەستکەوتی زیاتر لەسەر زەوی بەدەست بێنن و واقعی نوێ بسەپێنن ، ئەوکات ئێران و سوریا بەمەرجی نوێ و واقعی نوێ مامەڵە لەگەڵ ئیدارەی داهاتوی کۆشکی سپی دا دەکەن .
10. هەمولایەنەکان خۆیان بۆ قۆناغی دوای داعش و ئیدارەی نوێی کۆشکی سپی ئامادەکردوە ، ململانێکان توندتر و چارەسەرکردنی دۆخی ناوچەکە بەرەو ئاڵۆزی زیاترهەنگاو دەنێت ، بۆ ئێمەی کورد ، دەبێ ئامادەیی تەواومان بۆ قۆناغی ئایندە هەبێت .

نیاز حاجی
Top