ئه‌گه‌ر بارزانی نه‌مر كورد نه‌بووایه‌

ئه‌گه‌ر بارزانی نه‌مر كورد نه‌بووایه‌
ئه‌گه‌ر بازانی نه‌مر كورد نه‌بوایه‌ و له‌ هه‌ر گه‌ل و نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر بووایه‌، ئه‌وانه‌ی كاتی خۆی له‌ پێناو دژایه‌تی كردنی خزانه‌ ناو سه‌نگه‌ری خیانه‌ت و ئێستاش ئاماده‌ن له‌ پێناو دژایه‌تی كردنی رێبازه‌كه‌ی‌ جارێكی تریش بخزێنه‌وه‌ ناو هه‌مان سه‌نگه‌ر، چۆن ئێستا به‌ غاندی و ماندێلا و حه‌سه‌ن به‌ننا و سه‌ید قوتب هه‌ڵده‌ڵێن و ده‌یانه‌وێ مێژووه‌كه‌یان بكه‌نه‌ مادده‌ی هۆشبه‌ر و هزر و بیری تاكی كوردی پێ سڕ بكه‌ن، ئه‌وكات مێژووی بارزانی نه‌مر هه‌ر له‌ دایك بوونیه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ گه‌مه‌ی ناو منداڵان و كۆی كار و چالاكیه‌كانی و تا كۆچی دواییان ده‌كرده‌ وێردی سه‌ر زمان و ده‌یان كتێبیان له‌سه‌ر بڵاو ده‌كرده‌وه‌ و سه‌دان كۆڕ و سیمیناریان له‌سه‌ر ساز ده‌كرد.
بۆ ناسینی سه‌ركرده‌ و كه‌سه‌ سیاسیه‌كان دوو رێگه‌ هه‌یه‌، یه‌كه‌میان هه‌ڵوێستی خودی كه‌سه‌كه‌یه‌ و دووه‌میشیان هه‌ڵوێستی دوژمنانه‌ به‌رامبه‌ر به‌و كه‌سه‌، ئێمه‌ی كورد وه‌ك نه‌ته‌وه‌یه‌كی ژێرده‌سته‌ و چه‌وساوه‌ ئه‌گه‌ر له‌ خه‌بات و قوربانیدان و هه‌ڵوێسته‌كانیشه‌وه‌ بارزانی نه‌مرمان نه‌ناسیبا، ده‌بووایه‌ له‌ رقی دوژمنانه‌وه‌ بمانناسیبا و جارێك له‌ خۆمان پرسیبا ئه‌و هه‌موو رق و كینه‌ی دوژمنان له‌ بارزانی نه‌مر بۆچی؟
دوژمنان بۆ له‌ناو بردنی كورد هه‌موو رێگاكانیان تاقی كردوونه‌وه‌، كه‌واته‌ رقی ئه‌وان له‌و خاڵه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێ و هه‌ر كه‌سێك رێگر بووبێ له‌ به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌یان كه‌تۆته‌ ناو رق و كینه‌ و په‌لاماره‌كانیان، به‌و پێوه‌ره‌ش بارزانی نه‌مر گه‌وره‌ترین رێگری سه‌رسه‌خت بووه‌ له‌به‌رده‌م به‌دیهێنانی ئه‌و ئامانجه‌یان، بۆیه‌ هه‌ر كوردێك به‌ هه‌ر پاساو و بیانوویه‌ك رقی له‌ بارزانی نه‌مر بووبێ یان دژی رێبازه‌كه‌ی بێ، ده‌بێته‌ دارده‌ستی داگیركارانی كوردستان و ئاسانكاری بۆ به‌دیهێنانی خه‌ونی دوژمنان و له‌ناوبردنی كورد ده‌كات.
Top