بۆچی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا؟

بۆچی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا؟
ئه‌وه‌ی له‌ به‌غدا و حکومه‌ته‌ لێکترازاوه‌ فره‌ جه‌مسه‌ره‌که‌ی عێراق به‌دی ناکرێت ئومێد و پێکه‌وه‌ ژیانه‌، ئێمه‌ی کورد نا هاوڵاتیانی به‌غدا و شاره‌کانی عێراق خۆیان واده‌ڵێن: نه‌ هه‌ست به‌ ئارامی ده‌که‌ن نه‌ هیچ ئومێدێکیان به‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا ماوه.
ئه‌مڕۆ له‌ ماڵێک بووم که‌ یه‌کێک له‌و گه‌نجه‌ کوردانه‌ی له‌ ته‌قینه‌وه‌که‌ی که‌ڕاده‌ گیانی سپاردبوو برای ئه‌و بووه‌، و ده‌مێک بووه‌ له‌ به‌غدا ژیاون و دواتر گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ هه‌رێمی کوردستان و له‌ هه‌ولێر نیشته‌جێن، چه‌ند که‌سێکی خه‌ڵکی به‌غدا (ئه‌ندازیارێک، مامۆستایه‌کی زانکۆ، شۆفێرێکی بارهه‌ڵگر) که‌ له‌وێ بوون باسی کاره‌ساته‌ گوماناوییه‌که‌ی که‌ڕاده‌یان ده‌کرد له‌وه‌ گرینگتر باسی ناو شاری به‌غدا و نه‌بوونی خزمه‌تگوزاری و کاره‌با و ئاسایش و ژیان، هه‌روه‌ها نه‌بوونی یاسا و بێسه‌روبه‌ری که‌ هه‌ر ناوچه‌یه‌کی به‌غدا گروپێکی چه‌کدار باڵاده‌ستن تیایدا، ئه‌وان ده‌ڵێن: که‌ له‌ ماڵ چوویته‌ ده‌ره‌وه‌ هیچ ئومێدێکت نیه‌ بگه‌ڕێیته‌وه‌ بۆ ماڵه‌وه‌، پایته‌ختێک که‌ شه‌رم ده‌که‌ی گوێ له‌ سیاسه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی بگریت، کاتێک‌ باسی له‌ به‌غداوه‌ تا حه‌مرین ده‌که‌ن که‌ هه‌ر بازگه‌یه‌ک گروپێکی چه‌کداری شیعه‌ تیایدا ده‌سه‌ڵاتدارن و به‌ ویستی خۆیان سه‌رانه‌ و گومرگ له‌ خه‌ڵک وه‌رده‌گرن و که‌سیان هیچ حسابێک بۆ حکومه‌ت و سه‌رۆکوه‌زیران و سوپاش ناکه‌ن ئه‌وه‌ جگه‌ له‌ گروپه‌ مافیا(عه‌سابه‌)کان که‌ له‌هه‌ر خوله‌کێکدا ئه‌گه‌ری ڕفاندن ،دڵه‌ڕاوکێی خستووه‌ته‌ دڵی ئه‌و خه‌ڵکه‌ی به‌و ڕێگایه‌دا گوزه‌ر ده‌که‌ن.
که‌ ئه‌م ڕاستیانه‌ ده‌بیستی عێراق وه‌کو وڵاتێکی وێرانی فره‌کوێخای بێ سه‌روه‌ری دێته‌پێش چاوت که‌ له‌ ڕاستیشدا هه‌روایه‌.

دیاره‌ ئه‌وه‌ی باسم کرد نمونه‌یه‌کی زیندووه‌ له‌ ئێستای عێراق و حکومه‌تداری به‌غدا له‌ زاری هاوڵاتیانی به‌غداوه‌ که‌ له‌ ناو ڕاستیه‌کانن و خۆیان وته‌نی: حاشا له‌و عێراق و حکومه‌ت و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ به‌ڕه‌ڵایه‌.

ده‌ی وڵاتێک ئه‌مه‌ بارودۆخی ڕۆژانه‌ی هاوڵاتیانی بێت، شوێنێک که‌ هیچ ئارامی و هیوایه‌کی بۆ ژیانی خه‌ڵکه‌که‌ی تێدا نه‌ماوه‌، ئه‌وانه‌ی ئێره‌ چۆن شه‌رم ناکه‌ن باسی حوکمی عێراق و گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا و سیستمه‌ فاشیله‌ په‌ڕله‌مانیه‌که‌ی ده‌که‌ن؟

ئه‌رێ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌تان بۆ به‌غدا و هاوپه‌یمانیه‌تی مالکی چی سودێک به‌ خه‌ڵکی کوردستان ده‌گه‌یه‌نن و کام مافیان ده‌سته‌به‌ر ده‌که‌ن؟

کام لایه‌ن و سه‌رکرده‌تان له‌ خۆی ڕاده‌ببنێت به‌ خه‌ڵکی کوردستان بڵێت: بۆچی و له‌ پێناوچی ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ به‌غدا!!


سه‌نگه‌ر مسته‌فا
Top