سەرکردەکان دەتوانن ئەمەیان بکەن

سەرکردەکان دەتوانن ئەمەیان بکەن
جۆرە تارماییەکی نا ئومێدی لە ھزری کۆی گشتی ھاونیشتمانیان ھەیە، چونکە کات بەخێرایی رادەکات و سەرکردەکانیش لەسەر دابەشکردنی پۆست و کورسییەکانی کوردستان ناگەنە رێککەوتن.

خەڵکی دەزانێت ھۆکاری راستەقینەی نەگەیشتنە رێککەوتن، تەنھا سەرکردە باڵاکان بەتایبەتیش کەسی یەکەمی حزبە فەرمانرەواکان نین، بەڵکو بەرپرسیاریەتەکە لەسەر شانی ئەو گروپە بەرژەوەندخوازەیە کە بوونەتە بازنەیەکی داخراو بەدەووری کەسی یەکەمی حزبەکان. کەبەردەوام لە قوڵکردنەوەی برینە سارێژ نەبووەکانی، مێژووی دووبەرەکی و دەبەرەکی حزبەکانی کوردستانن.

بێگومان ئەگەر سەرکردە باڵاکان لەبەر کۆمەڵێک ھۆکاری زاتی و مەعنەوی و دەروونی نەتوانن لەیەکتری بچنە پێش و ھەریەکەیان چاوی لە دەستپێشخەری و تەنازولی ئەوەی تربێت، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانن ئەمانە بکەن:

١: کێ دەستی سەرکردەکانی گرتووە، ژیان و بژێوی خەڵکی باش بکەن؟ ئایا لەجیاتی شاردنەوەی پارەو داھاتی ئەم وڵاتە لە ژێرزەمین و قەدپاڵی شاخەکان، ناتوانن کەمێک گوزەرانی خەڵکی باش بکەن؟

٢: ئەوە چ سحرێکە سەرکردەی کورد چاوی لەشاردنەوەی چەک و جبەخانە بێت، ئایا مێژووی دوێنێ عێراقمان لەبیرکردووە، کاتێک سەدام ٩٥% داھاتی عێراقی بۆ چەک خەرج دەکرد، بەڵام تەنانەت دەمانچەکەی دەستیشی بەفریای نەکەوت. کەواتە تاکە گرەنتی بۆ ھەر سەرکردەیەکی کورد خۆشەویستی دڵی خەڵکە نەک بوونی چەک. سەرکردەکان دەتوانن بە برەودان بەرۆحیەتی پیشمەرگانە خۆشەویستی خەڵک بەدەست بخەنەوە، کەسیش ناتوانێت بۆ ئەمە دەستیان بگرێت.

٣: سەرکردەکان بە ئاسانی دەتوانن دەرگا داخراوەکانیان بکەنەوە و پێشمەرگانە بگەرێنەوە ناو خەڵکی، ئەمە چ ھونەرێکی تیدایە سەرکردەی کورد دەرگا بەسەر ھاونشتیمانیان دابخات و لە گروپێکی بچوکی دەوروبەریان زیاتر کەس نەیان گاتێ.
Top