ئاوەكە ئاوا رژاوە
August 8, 2016
وتار و بیروڕا
ئەو كەرتبوونە نەریتێكی داهێنا، ئێستا لە هەموو كاتێك زیاتر، جێدەستی لە پرۆسەی سیاسیی كوردستان دیارە، كەرتبوونەكە هەر لەسەرەتاوە، هەوڵی دروستكردنی تێڕوانینێكی دیكەی لە ژێر ناوی جۆراوجۆر و مۆركی نوێ داوە، تەوەری سەرەكیی ئەو تێڕوانینە (تێڕوانینی دووەم) ئەوە بووە كە پێچەوانەی تێڕوانینی ئەسڵی شۆڕش و حزب (تێڕوانینی یەكەم) بێت، گرنگ ئەوەبووە، هەرچی لە تێڕوانینی یەكەمدا هاتووە، لە تێڕوانینی دووەم پێچەوانە بكرێتەوە.
ئەو جوێندانەی ئێستا میدیای كوردیی گرتۆتەوە، لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردوو، بۆ ناشیرنكردنی تێڕوانینی یەكەم لە (گۆڤاری رزگاری) دا چەكەرەی كرد، ئەو قوتابخانەیەی تێڕوانینی دووەمی بۆ پێچەوانەكردنەوەی هەموو شتێكی تێڕوانینی یەكەم بەرهەمهێنا، ئێستا ماشێنێكی گەورەتری لەچاو سەردەمی (رزگاری)ی لەبەر دەستە.
ئەو كەرتبوونە، لەوێ رۆژێوە تا ئەمڕۆ، دوو تێڕوانینی بۆ ناوخۆ و دەرەوەی كوردستان دروستكردووە، تەنانەت كە بزاڤێك بەناوی ئۆپۆزسیۆن دروست دەبێت، پەرە بە تێڕوانینی دووەم دەدات، چونكە رابەرەكانی سەر بە قوتابخانەی كەرتكردنی جووڵانەوەی كوردایەتین، ئێستا ئەو قەیرانە داراییەی بەرۆكی خەڵكی گرتووە، تێڕوانینی دووەم لە بواری سیاسی و بۆ ململانێی حزبی وەبەری دەهێنێ.
ئەم كەرتبوونە كاریگەریی لەسەر ئەوە كردووە، دۆست و دوژمن پۆلێن نەكرێن، تێڕوانین بۆ بەغدا و وڵاتانی ئیقلیمی و هێزە گەورەكانی جیهان یەك نەبێت، جارێكیان لە پۆستێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی فەیسبووك گوتم: پێشێلكردنی سەروەریی عێراق بە پێوەری بەغدا ئەوەیە ئەگەر توركیا بێتە خاكی هەرێمی كوردستان ئەوا سەروەری پێشێلكراوە، بەڵام ئەگەر ئێران لە هەرێم و تەواوی عێراق پێگەی هەبێ و لەودیو پەردە حوكمڕانیی عێراق بكات سەروەری پێشێل نەكراوە، كەچی برادەرێك لێم كەوتە تەقە و دەیگوت راستە توركیا سەروەریی عێراقی پێشێل كردووە، پرۆتۆكۆلی سەربازیی نێوان ئەمەریكا و هەرێمی كوردستان ئیمزا كرا، گوترا ئەوە هەر هیچ قیمەتی نییە، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە كەركووك گوتی پێویستیمان بەهیچ هێزێك نییە بێتەكەركووك پێشمەرگە دەیپاێزێت، بۆ ئەوەی قسەی سەرۆك بارزانی جێی خۆی نەگرێت، رۆژی دواتر حەشدی شەعبی گەیشتە كەركووك،پارتی باسی سەربەخۆیی دەكات، لەبەرامبەردا دەگوترێ كاتی نییە، ئیدی ئاوەكە ئاوا رژاوە، بەڵام ناكرێ ئەو ململانێ حزبییە بێ مەعنایە، تا سەر كۆسپی رێگەی وەدیهێنانی ئاواتی خەڵكی كوردستان بێت.