کورد جینۆساید دەكرێتەوە!

کورد جینۆساید دەكرێتەوە!
لە شەستەكانەوە تا 2003 سوننەی عێراق بە تاكڕەوانە و یەكلانەیە حوكمڕانیی كرد، دوای ئازادكردنی وڵاتەکەش، بۆ هەمووان ڕوون بوۆوە عێراق شاخێك بوو، کە ئاوس بوو، مشكێكی ئیفلیج و ناتەواوی بوو.
كورد چاوەڕوانی زۆری لە عێراقی (نوێ) هەبوو، بە ئومێدی ژیانێكی ئاسوودەو سەربڵندانە بوو، بەڵام دوای نەمانی سەددام، تەنها زاڵبوونی فەرهەنگێكی پیلانگێڕ و ئەقڵییەتێكی دیكتاتۆری و ستەمكاریی چنییەوە، عێراق بە تەواوی نقومی حەزی دەستەڵاتخوازانەی شیعەگەرایی بوو، بەڵام لە ژێر پەرچەم و ڕەحمەتی كۆماری ئیسلامیی ئێراندا.
سیاسییەكانی شیعە بە دوگمەی كۆنتڕۆڵی تاران، هەموو هەوڵێكیان دا بۆ لاوازكردنی پێگەو دەستەڵاتی هەرێمی كوردستان و ملپێكەچكردنی سەركردایەتییەكەی، بۆ ئەوەی كوردەكان دەستەڵاتی ڕەهای حوكمی شیعە بە هەوەس و ویستی ئیرانی قەبووڵ بكەن و، لە ژێر ناوی گریمانەی جیاواز جیاوازەوە بیردۆزی بەشبەشۆكێ(محاصصە) تائیفی و نەتەوەیی و حزبیی بەسەر دا تاقی بكەنەوە و بە ناوی تەوافوقی زۆرینە و كەمینەوە، فریوی بدەن، نوری مالیكیش كە ناحەزییەكی تا ئەوپەڕی لە ناخی خۆیدا شاردبۆوە، رێبەری ئەم هەوڵە دوژمنكارانەیە بوو، ئەگەرچی سەرۆك بارزانی نەیهێشت مەرامەكانیان سەركەوێ، لێ نەخشەی دابەشكردنی سیاسیی تائیفی لە بەرژەوەندی شیعەدا كەوتەوە، بۆیە دەستەڵاتی بەغدا ئێستا وەك دیكتاتۆریەتێكی دەمامكدار ڕۆژ بەڕۆژ لە دەرگای جیاواز دەداو پەل دەهاوێ بۆ جێبەجێكردنی حەزە ژەهراویی و شاراوەكانی خۆی.
ئیدی نابێت چیتر گەلی كوردستان وابەستەی بەغدا بكرێتەوە، میتۆدی عێراقیبوون و (كوردو عەرەب برایە) كۆتایی هات، ئێمە لە گەڵ عەرەب هاوئینسانین، دەتوانین پەیوەندی سیاسیی دراوسێیەتی ببەستین، لێ هیچ فیدڕاڵی و فیدراسیۆنێكیش كۆمان ناكاتەوە، چونكە ئەوان بە عەقڵی نەتەوەی سەردەستە مامەڵە دەكەن.
لە بیركردنەوەی نێوان كوردو حكومڕانانی دوێنێ و ئەمڕۆی بەغدا، بۆشاییەكی زۆر فراوان هەیە و هیچ شتێكی هاوبەش نییە ئەم بۆشاییە، ئەم پەیوەندییە لەرزۆكە پڕ بكاتەوە، ئێمە لە ڕۆژی لە دایكبوونمانەوە، تا مردنمان جیاوازین، مومارەسەی ئایینمان، كولتوورمان خاك و جوگرافیا و ژینگە و هەموو سیستەمی ژیان و ڕەفتار و ئاكارمان جودایە، ئەوانیش لە ئەزەلەوە تا ئەمڕۆی لە گەڵدا بێت، خەون بە سڕینەوەی خاك و خەڵكی كوردستانەوە دەبینن، ئێمە دوو بیروڕا و ڕوانگەی جیاوازین، جیاوازی نێوانمان ئیرادەی شەڕخوازیی و ئیرادەی ئاشتیخوازییە، بۆیە لەوەتەی هەین، نەمان توانیوە پێك بێین، دوو میللەتین تەنها سێبەری ڕژێمە دیكتاتۆرییەكانی دوێنێ و ئەمڕۆی بەغدا بە تۆبزی كۆی كردبووینەوە، ئیتر ناچار نین چیتر ئەم بندەست و سووكایەتییە قبووڵ بكەین، بۆ ئەوەی جینۆساید نەكرێین دەبێ سەربەخۆ بژین، كورد میللەتێكی ماندووە و چیتر بەرگەی ژێردەستەیی داگیركەران و چەوسانەوە ناگرێ و قبووڵیشی ناكات، بۆیە هیچ بەهانەو پاساوێك نییە بۆ گەڕانەوەمان بۆ وڵاتێك كە بەرهەمەكەی دەستەڵاتێكی دیكتاتۆری فاشیل و گەندەڵە، ئەوانەیش كە مەگیرانی و بێزوو بە ژیانی بندەستی دیكتاتۆرانەوە دەكەن و دەهۆڵی بۆ دەكوتن و زوڕنای بۆ لێ دەدەن، ئەوان ئازاد و سەربەستن با پرێسكە و بارگەیان تێكەوە بپێچن و بڕۆنەوە بن سێبەری ئەو دارە و لەوێ بحەسێنەوە.!!
Top