گره‌و له‌سه‌ر به‌ده‌سهێنانی پشتیوانی ئێران

گره‌و له‌سه‌ر به‌ده‌سهێنانی پشتیوانی ئێران
ئه‌و ململانێ و ركابه‌ریه‌ حزبییه‌ی له‌ نێوان یه‌كێتی و گۆڕان له‌ لایه‌ك و له‌ نێوان دوو باڵه‌كه‌ی ناو یه‌كێتی له‌ لایه‌كی تر، گره‌و كردنه‌ له‌سه‌ر به‌ده‌سهێنانی پشتیوانی قاسم سوله‌یمانی و سوپای پاسدارانی ئێران، ئه‌و دوو حزبه‌ و دوو باڵه‌كه‌ی ناو یه‌كێتیش هێزی خۆیان له‌ نزیكی و توندوتۆڵ كردنی په‌یوه‌ندیه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئێراندا ده‌بینن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش كه‌وتوونه‌ته‌ پێشبڕكێی و له‌ چه‌ند قۆڵه‌وه‌ سفره‌ی حزبیان بۆ ئێران رازاندۆته‌وه‌، نزیكی و توندوتۆڵی په‌یوه‌ندی حزبیش له‌گه‌ڵ ئێران راسته‌ بۆ قۆناغێكی دیاریكراو ده‌ستكه‌وتی ئه‌و حزبه‌ی تێدایه‌، به‌ڵام ده‌ستكه‌وتێكی له‌و جۆره‌ باجی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وێ و ئێرانیش كورد گوته‌نی خۆی خستۆته‌ سه‌ر پشت و گه‌مه‌ی زیاتری خۆ به‌ده‌سته‌وه‌دانیان له‌ ناویادا ده‌كات.
گه‌مه‌ و ململانێ حزبیه‌كان له سلێمانی و زۆنی سه‌وز و نیلی تا دێ مه‌ترسیدار تر ده‌بن، گۆڕان و یه‌كێتی و دوو باڵه‌كه‌ی ناو یه‌كیتی به‌ ئێران هه‌ڕه‌شه‌ له‌ یه‌كتری ده‌كه‌ن، یه‌كیتی و گۆڕانیش به‌یه‌كه‌وه‌ و به‌ هێنانی نوری مالیكی بۆ سلێمانی و خۆ نزیك كردنه‌وه‌یان له‌ به‌غدا هه‌ڕه‌شه‌ له‌ پارتی ده‌كه‌ن، ئێرانیش بۆ ئه‌وه‌ی سلێمانی زیاتر بكاته‌ مه‌ڵبه‌ندی ته‌راتێنی ئیتلاعات و سوپای پاسداران به‌ یه‌كێتی هه‌ڕه‌شه‌ له‌ گۆڕان ده‌كات، به‌ گۆڕانیش له‌ یه‌كێتی و دوو باڵه‌كه‌ی ناو یه‌كیتیش له‌ راست یه‌كتریڕا دێنێ،‌ له‌ سه‌رێكی تره‌وه‌ به‌غدا و تاران یان راستتر بڵێین مالیكی و هادی عامری و قاسم سوله‌یمانی یه‌كێتی و بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانیان خستوونه‌ته‌ ژێر هه‌ژموونی خۆیان و هه‌ڕه‌شه‌یان پێ له‌ ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان ده‌كه‌ن، لێره‌وه‌ جه‌مسه‌ربه‌ندی پیلانگێڕیه‌كه‌ و مه‌ترسیه‌كانی سه‌ر ئه‌گه‌ری راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی به‌ روونی ده‌رده‌كه‌ون، ئه‌وه‌ له‌ كاتێكدایه‌ ‌ پێویسته‌ هه‌موو حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان هه‌وڵه‌كانیان له‌سه‌ر بده‌دستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی بۆ پرسی كورد چڕ بكه‌نه‌وه‌، نه‌ك وه‌ك ئه‌وه‌ی ئێستا ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان خراونه‌ته‌ مه‌زادخانه‌ی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی حزبی، ئه‌وه‌ش هه‌موو لایه‌ك ده‌خاته‌ ژێر به‌رپرسیارێتی نه‌ته‌وه‌یی و پێویسته‌ نه‌ك هه‌ر حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان، ده‌بێ تاكی كوردیش دژ به‌و پیلانه‌ سرووشت قڕژاڵیه‌ بێنه‌ ده‌نگ و ئه‌و مه‌ترسییه‌ بڕه‌وێننه‌وه‌ كه‌ پرسی كورد و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان جارێكی تریش ده‌به‌نه‌وه‌ ناو دۆزه‌خی سیاسه‌تی داگیركاری دوژمنان‌.‌
Top