تكایه‌ ئاوڕێك بده‌نه‌وه‌

تكایه‌ ئاوڕێك بده‌نه‌وه‌
ئه‌وه‌ سه‌ده‌یه‌ك شۆڕش و خه‌بات و قوربانیدان، ئه‌وه‌ ده‌ریایه‌ك خوێن و زه‌مه‌نێك ره‌نجی پێشمه‌رگه‌ و شۆڕشگێران، ئه‌وه‌ به‌ قوتابخانه‌ كردنی زیندانه‌كان و به‌ چۆكداهێنانی قامچی و كێبڵی ده‌ستی جه‌للاده‌كان، ئه‌وه‌ به‌ چۆڵه‌وانی كردنی وڵاتێك و راگواستنی نه‌ته‌وه‌یه‌ك، ئه‌وه‌ ئاوازی دوا گیانه‌ڵای شه‌هیدان و هه‌نیسكی پڕ حه‌سه‌ره‌تی دایكان و نركه‌ی گوتنه‌وه‌ی (ئه‌ی ره‌قیب)ی باوكان، ئه‌وه‌ بیابانه‌كانی حه‌ڕحه‌ڕ و دڕنده‌یی حه‌جاج و سه‌گه‌ڕه‌شه‌ مه‌یت خۆره‌كه‌ی نوگره‌ سه‌لمان، ئه‌وه‌ راپه‌ڕین و كۆچ و مه‌رگی به‌ كۆمه‌ڵ، ئه‌وه‌ دوێنێی ئه‌فال و كیمیا و ئه‌مڕۆی قووت و موچه‌ بڕین، ئه‌وه‌ سه‌ددام حوسێن و داعشی سوننه‌، ئه‌وه‌ش مالیكی و عه‌بادی و حه‌شدی شه‌عبی شیعه‌.
به‌رپرسه‌كان تكایه‌ ئاوڕێك بده‌نه‌وه‌.. ئه‌گه‌ر به‌ها و به‌رهه‌می هه‌موو ئه‌و كاره‌سات و نه‌هامه‌تیانه‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بێ بۆ به‌غدا، ئه‌وا گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا له‌ ملكه‌چ بوون زیاتر شتێكی تری نه‌ده‌ویست، خۆ ئه‌گه‌ر بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردیش بێ كه‌ هه‌مووتان بانگه‌شه‌ و بۆ ده‌كرد، سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی كۆده‌نگی و یه‌كهڵویستی نه‌ته‌وه‌یی ده‌وێ، كه‌چی نه‌ كۆده‌گن و نه‌ یه‌كهه‌ڵوێستن.
من سیاسیم نیم، به‌ڵام كۆنه‌قینی سیاسی ئێوه‌ كردوومی به‌ سیاسه‌تمه‌دارێكی واقعبین، من زانا نیم، به‌ڵام نه‌زانی ئێوه‌ كردوومی به‌ زانا، ئێوه‌ باش ده‌زانن سه‌رچاوه‌ی كاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌كانی كورد به‌غدا بووه‌ و به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ش بۆ به‌غدا زه‌مینه‌ بۆ كاره‌ست و نه‌هامه‌تی گه‌وره‌تر خۆش ده‌كه‌ن، ئێوه‌ باش ده‌زانن دوا چاره‌سه‌ی پرسی كورد له‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌ ده‌وڵه‌تبوون دایه‌، ده‌شزانن سه‌ربه‌خۆیی و به‌ ده‌وڵه‌تبوون به‌بێ كۆده‌نگی و یه‌كهڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی نایه‌ته‌دی، كه‌چی به‌ كۆده‌نگی و یه‌كخستنی هه‌ڵوێست له‌گه‌ڵ دوژمنێكی وه‌ك نوری مالیكی كۆده‌نگی و یه‌كهه‌ڵوێستی كورد له‌بار ده‌به‌ن، به‌ڵا له‌وه‌دا نییه‌ نه‌زان بی و هه‌ڵه‌ بكه‌ی، به‌ڵا له‌وه‌دایه‌ زانا بی و بزانی هه‌ڵه‌یه‌ و پێداگری له‌سه‌ر هه‌ڵه‌كه‌ش بكه‌ی، له‌ كۆتاییدا ده‌ڵێم: به‌ڵای گه‌وره‌ی كوردایه‌تی و شه‌ڕ فرۆشتن به‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و گه‌یشتن به‌ خه‌ونی به‌ ده‌وڵه‌تبوون، له‌وه‌دایه‌ سلێمانی مه‌ڵبه‌ندی كوردایه‌تی بكه‌یه‌ هاوپه‌یمانی به‌غدای عه‌ره‌بچێتی و شه‌ڕی خه‌ونه‌كانی هه‌ولێری پێبكه‌ی.
Top