ده‌وڵه‌ت ویست و ده‌وڵه‌ت نه‌ویست

ده‌وڵه‌ت ویست و ده‌وڵه‌ت نه‌ویست
چڕ كردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و گه‌یاندنی كورد به‌ خه‌ونی به‌ ده‌وڵه‌تبوونی خۆی‌، حزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی كوردستانی به‌سه‌ر به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت ویست و ده‌وڵه‌ت نه‌ویستدا دابه‌ش كردووه‌، له‌ هه‌ر شوێنێكی كوردستان و له‌سه‌ر هه‌ر ئاستێك به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت ویست باسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌ ده‌وڵه‌تبوونی كورد بكات، به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ویست به‌رد هه‌ڵده‌ده‌ن و سه‌ری خۆیانی وه‌به‌رده‌نێن و توندتر له‌ هه‌ر چوار داگیركاره‌كه‌ی كوردستان به‌ گژ خواستی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت ویستدا ده‌چنه‌وه‌، ته‌نانه‌ت به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ویست دوور له‌ لێكدانه‌وه‌ سیاسی و زانسیتیه‌كان بۆ داهاتووی كورد و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌ڕوانێ و وه‌ك فاڵگره‌وه‌یه‌ك به‌ری ده‌ستی ده‌وڵه‌ته‌ دانه‌مه‌زراوه‌كه‌ ده‌خوێنێته‌وه‌ و ده‌ڵێ: ده‌وڵه‌تێكمان ناوێ بۆ هاووڵاتیانی ببێته‌ زیندان، به‌وه‌ش به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ویست ده‌یه‌وێ به‌ خه‌ڵك بڵێ: خۆ دانه‌ده‌ست داگیركارنی كوردستان و ملكه‌چ بوون و رازی بوون به‌ سیاسه‌تی كۆمه‌ڵكوژی، هێشتا باشتره‌ له‌و ده‌وڵه‌ته‌ كوردیه‌ی كه‌ نازانرێ زیندان ده‌بێ یان كورد ده‌گه‌یه‌نێته‌ ئاسووده‌یی و به‌خته‌وه‌ری، ئێستا كاتی ئه‌وه‌ هاتووه‌ بپرسین: ئه‌گه‌ر ببینه‌ ده‌وڵه‌ت چی ده‌دۆڕێنین؟! ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێستا و چاو له‌ ده‌ستی دوژمنان و داگیركارانی كوردستانیش بمێنینه‌وه‌ چی ده‌به‌ینه‌وه‌؟!
ده‌ستكه‌وتی بێ ده‌وڵه‌تی بۆ كورد نه‌ك هه‌ر له‌ باشوور، به‌ڵكو له‌ سێ به‌شه‌كه‌ی تری كوردستانیش په‌ت و سێداره‌ و ئه‌نفال و كیمیا و كومه‌ڵكوژی و كه‌وتنه‌ به‌ر سیاسه‌تی كورد قڕان و دواجار سڕینه‌وه‌ و نه‌هێشتنی كورد بووه‌ وه‌ك نه‌ته‌وه‌، جا ئه‌گه‌ر ببینه‌ ده‌وڵه‌ت ئه‌وا په‌ت و سێداره‌ و ئه‌نفال و كیمیا و كۆمه‌ڵكوژی و رزگار بوون له‌ سیاسه‌تی كورد قڕان و گره‌نتی مانه‌وه‌مان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ ده‌دۆڕێنین، خۆ ئه‌گه‌ر وه‌ك ئێستاش بمێنینه‌وه‌ و نه‌ببینه‌ ده‌وڵه‌ت، ئه‌وا جارێكیتر ئه‌و كاره‌ساتانه‌ی وه‌ك په‌ت و سێداره‌ و ئه‌نفال و كیمیا و كۆمه‌ڵكوژی و سیاسه‌تی كورد قڕان و دواجار له‌ناوچوونمان وه‌ك نه‌ته‌وه‌ ده‌به‌ینه‌وه‌.
خاڵێكیتر كه‌ پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێ هه‌ڵوێستی به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ویسته‌ و پێویسته‌ لێیان بپرسین: ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌نده‌ دژه‌ ده‌وڵه‌ت و به‌ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان قه‌ڵس و ته‌نگاون، پرۆژه‌تان چییه‌ و چی باشتر له‌ بوونی ده‌وڵه‌ت شك ده‌به‌ن؟ ئایا گره‌نتی چییه‌ كه‌ مێژووی كاره‌سات و نه‌هامه‌تیه‌كانی بێ ده‌وڵه‌تی له‌ به‌رگی تردا دووباره‌ نابنه‌وه‌؟ خۆ ئه‌گه‌ر پرۆژه‌ی به‌ره‌ی ده‌وڵه‌ت نه‌ویست گه‌ڕانه‌وه‌ بێ بۆ به‌غدا، ئه‌وه‌ به‌غدای سیسته‌می مه‌له‌كی و مه‌لیكی هاورده‌كراو، ئه‌وه‌ به‌غدای سیسته‌می شۆڕشی قاسم و كوده‌تای عارفه‌كان‌ و تا كۆتایی به‌عس و كه‌وتنی سه‌ددام حوسێن، ئه‌وه‌ به‌غدای سیسته‌می فیدراڵی و هه‌ڵبژاردنی جه‌عفه‌ری و مالیكی و عه‌بادی، ئه‌وه‌ به‌غدای ده‌سه‌ڵاتدارێتی یه‌ك سه‌ده‌ی سوننه‌ و شیعه‌ به‌ هه‌موو باره‌كاندا به‌غدا تاقی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ‌هه‌موو ئه‌وانه‌ به‌ هه‌موو جیاوازی و دوژمنكاری ناو خۆیان له‌ خاڵی له‌ناوبردنی كورد كۆك و ته‌با بوون و هه‌مووشیان خۆیان له‌ هه‌ورازی سه‌ختی له‌ناوبردنی كورد داوه‌، ئه‌وه‌ش پێمان ده‌ڵێ: له‌ داهاتووشدا هه‌ر كه‌سێك به‌ هه‌ر فكره‌ و ئایدیایه‌ك بێته‌ ده‌سه‌ڵات، بۆ له‌ناوبردنی كورد هه‌مان راوبۆچوونی ئه‌وانی پێش خۆی ده‌بێ، بۆیه‌ هه‌ر حزب و لایه‌نێك به‌ هه‌ر پاساو و بیانوویه‌ك گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ به‌غدا بكاته‌ شوێن گره‌وه‌ی به‌ ده‌وڵه‌تبوون، خه‌تا و خیانه‌تی نیشتیمانییه‌ و جاشی عه‌یار 24و خیانه‌تكاری فوول باڵانسه‌.
Top