په‌ت و سێداره‌ و بێده‌نگی

په‌ت و سێداره‌ و بێده‌نگی
ئه‌وه‌ی له‌ رۆژهه‌ڵاتی كوردستان روو ده‌دا و گه‌نج و لاوی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان به‌به‌ر چاوی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌ڵده‌واسرێن، ناسنامه‌یه‌ بۆ به‌ لوتكه‌ گه‌یشتنی دڕنده‌یی كۆماری ئیسلامی ئێران و مه‌زڵمی كورد له‌و به‌شه‌ی كوردستان، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ی ئێران شتێكی چاوه‌ڕوان كراوه‌ و ئه‌و رژێمه‌ هه‌وڵده‌دات به‌ هێزی په‌ت و سێداره‌ گه‌ڕۆكه‌كانی ته‌مه‌نی خۆی درێژتر بكاته‌وه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێگای پرسیاره‌ هه‌ڵوێست لاوازی و بێده‌نگی حزبه‌كانی سلێمانی و (په‌كه‌كه‌)یه‌ له‌ ئاست دڕه‌نده‌یی رژێمی ئێران و مه‌زڵومی كورد له‌و به‌شه‌ داگیركراوه‌ی كوردستان.
په‌كه‌كه‌ و حزبه‌كانی سلێمانی له‌ موزایه‌ده‌ و هه‌ڵوێست فرۆشی حزبیدا‌ سه‌ده‌یه‌ك له‌ پێش حزبه‌كانی تره‌وه‌ن و ده‌ستی هه‌موانیان له‌ ته‌خته‌ به‌ستووه‌، كه‌ باسیش دێته‌ سه‌ر كوردایه‌تی و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و دامه‌زراندی ده‌وڵه‌تی كوردی ده‌چنه‌ ناو قاوغی ملكه‌چ بوون بۆ دوژمنان، به‌رده‌وام كێشه‌ و قه‌ران بۆ باشووری كوردستان درووست ده‌كه‌ن، له‌ رۆژئاواش شین بۆ كورد ده‌گێڕن و له‌ حزب و لایه‌نه‌ كوردیه‌كان مۆڕ ده‌بنه‌وه‌ و له‌گه‌ڵ رژێمی به‌شار ئه‌سه‌دیش قاقا ده‌كێشن، له‌ باكوری كوردستانیش ئه‌وه‌ی نه‌ڵێ: به‌ڵێ بۆ په‌كه‌كه‌ تۆمه‌تی خیانه‌تكاری و خۆفرۆشی ده‌ده‌نه‌ پاڵ، له‌سه‌ر ئاستی باكوور و باشوور و رۆژئاوای كوردستان له‌ هه‌موو شتێك قسه‌یان هه‌یه‌، له‌ رۆژهه‌ڵاتیش ده‌ڵێی نوشته‌ی دوازده‌ ئیمامه‌كه‌ی شیعه‌یان به‌ گه‌روودا كراوه‌، ئه‌و هه‌ڵوێسته‌ حزبی په‌رستیه‌ی په‌كه‌كه‌ و حزبه‌كانی سلێمانی له‌سه‌ر پرسی كورد و خواست و ئامانجه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان مه‌ترسیدارن و پێویسته‌ خه‌ڵكی كوردستان هه‌ڵوه‌سته‌یان له‌سه‌ر بكات، چونكه‌ ئه‌و جۆره‌ په‌یوه‌ندیانه‌ زیاتر له‌گه‌ڵ ده‌زگا هه‌واڵگریه‌كانن و ئه‌و ده‌زگایانه‌ش به‌ ئاڕاسته‌ی دژایه‌تی كردنی پرسی سه‌ربه‌خۆیی ئاڕاسته‌ ده‌كرێن، ئه‌و ئاڕاسته‌ كردنه‌ش له‌ هه‌ڵوێسته‌كانی په‌كه‌كه‌ و حزبه‌كانی سلێمانیدا ره‌نگی داوه‌ته‌وه‌ و وه‌ك ده‌بینین هاوشێوه‌ی داگیركارانی كوردستان شمشێریان له‌ پرسی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی كوردی هه‌ڵكێشاوه‌.
Top