پارتی شانی بدەبەر

پارتی شانی بدەبەر
ئەو قەیرانانەی بەرۆكی كوردستانیان گرتووە، خەڵكیان ماندوو كردووە، زیاتر لە دوو ساڵ و نیوە قەیرانی دارایی لە لایەن بەغداوە خوڵقێندراوە، زیاتر لە دوو ساڵیشە شەڕی داعش بەسەر كوردستاندا سەپێندراوە، لە هەمووشی ناخۆشتر ململانێی حزبییە لەو قۆناغە ناسكەدا، ململانێیەك كە تیایدا حزبەكان، لە جیاتی خەمی خەڵك، خەمی پشكی خۆیانە، ئەمەش هێندەی دی ئازار بە گەلی كوردستان دەگەیەنێت.
حزبی كوردی لە بەرزكردنەوەی دروشمی قەبە و قسەی گەورە ئازایە، لە وەرگرتنی پلە و پۆستی حكومی عەیبی نییە، بەڵام هەر هێندە قەیران یەخەی خەڵكی گرت، دەكەوێتە حاڵەتێكی دی، هەموو هێز و توانای دەخاتەگەڕ بۆ ئەوەی خۆی لە بەڵای قەیران بشارێتەوە، لە حكوومەت بەشدار دەبێت و دەسكەوتی دەوێت، بەڵام خۆی لە نەهامەتی و قەیران ناكاتە خاوەن، بەمەش هەڵاتن لە بەرپرسیارێتی دەبێتە حاڵەتێكی ئاسایی.
حزبی براوە ئەو حزبەیە لە مەیدان دەمێنێتەوە، راستە پەنجەی تۆمەتی ئاراستە دەكرێت، بەڵام دەبێ بەرگەی هەموو ئەو لێكەوتانەی قۆناغەكە بگرێت، ئەو هەموو حزبانەی پرۆژە دوای پرۆژە فڕێ دەدەن، تەنیا پارتی تۆمەتبار دەكەن، سەیرەكە لەوەدایە تۆمەتباری دووەم و سێیەم و ...هتد نییە، یەك تۆمەتبار هەیە كە لە بەرامبەر هەموو قەیرانەكانی كوردستان بەرپرسیار كراوە،حزبەكان جاران دەیانگووت هەموو شتەكان بە حزبیكراوە، ئێستا دەڵێن تەنیا نوێنەری حزبمان بۆ گفتۆگۆی لایەنەكان دەوێت، نەك نوێنەری سەرۆكی وڵات.
حزبەكان لە میدیا وا خۆیان نمایش دەكەن كە خەمی خەڵكیان هەیە، كاتێ كۆبوونەوەی نهێنیش كۆتایی دێت، داواكارییەكان بریتین لە نەخشەی دابەشكردنەوەی پۆست و پلە و پایە، یەكێتی و گۆڕان لەبەرامبەر پارتی باسی چوار حزبەكە دەكەن، وەك پیشاندانی زۆرینەیەكی حزبی، لێ كە دێتەسەر پۆست و پلەی نەخشەكەیان، لایەنە ئیسلامییەكان ناگرێتەوە، ئاراستەی كاری حزبەكان بەهیچ شێوەیەك باری شەڕ و ئەو دۆخە چاوەڕوانكراوەی ناوچەكەی لەبەرچاونەگرتووە، بۆ بەكارهێنانی جەماوەر دەڵێن نابێ شەڕ ببێتە بیانوو، بەڵام دەبێ ئەوەشیان لێ بپرسین، ئاخۆ شەڕ نەبێتە بیانووی چی؟ چاككردنی ژیانی خەڵك یان وەرگرتنی پۆست بەناوی خەڵك؟
لەبەرئەوەی ئەم هێنان و بردنەی كۆبوونەوەكان و شەڕە پرۆژە و دەستی چەور بەیەكدی سڕینەوەیە، تا دێت خەڵك هیلاك دەكات، بۆیە پارتی دەبێ وێڕای لەبەرچاوگرتنی شەڕی دژی داعش، زیاتر شان بداتەبەر چاككردنی ژیانی خەڵك، لەو سۆنگەیەشەوە، ئەگەرچی رێوشوێنی بۆ بەرنامەی چاكسازیی سەرۆك بارزانی لە حزب گرتۆتەبەر و لە حكوومەتیش كاری لەسەر دەكرێ، بەڵام لەبەر ئەوەی لایەنەكان، سوورن لەسەر ئەوەی خۆیان لە هەموو بەرپرسیارەتییەك باوێنەدەر، هیچ چارەی نییە، دەبێ پارتی لە پێناوی خەڵكدا هەنگاوێك بكاتە دوو هەنگاو، ئەمەش ئەركێكی قورسە، بەڵام ئازایەتی لەوەدایە لە ناخۆشیدا شانت داوەتەبەری، ئێستاش خەڵكی كوردستان هەر ئەوەت لێ چاوەڕوان دەكات پارتی.
Top