میدیا ،ئەرك وبەرپرسیاریەتی لە هەمبەر سەربەخۆیی كوردستان
August 2, 2016
وتار و بیروڕا
هەموو ئەو لایەنانە دەكرێ لەسەر هەر شتێك بیری جیایان هەبێت، بەڵام لە پرسی نەتەوەییدا پێویستە تێكڕا نەتەوەپارێز بن، نابێت لە ژێر هیچ بڕوبیانوویەك خزمەت بە خەتی نەتەوەیی پشتگوێ بخەن، پێویستە كەس مافی ئەوە بە خۆی نەدات كە شتێك لە دژی ستراتیژی نەتەوەیی بڵاو بكاتەوە. ئێمەی كورد هێشتا خاوەن كیانێكی سەربەخۆ نین و خاكیشمان بە داگیركراوی ماوەتەوەو تا ئێستاش لە ژێر هەڕشە و پەلاماردایە و بوار نادەن چارەنووسی سیاسیمان بەدەستی خۆمان دەستنیشان بكەین. ئەو ئامانجە (سەربەخۆیی كوردستان)، بە بارتەقای دڵۆپ دڵۆپ خوێنی پێشمەرگە و شەڕڤان و گەریلا بۆ كوردان پیرۆزە، كە ئەمڕۆ لە بری هەموو جیهان شەڕی تیرۆریستان و سپا شاراواەكانی جەهل و تاریكی و داگیركاری دەكەن. پەروەردە و راگەیاندنی كوردیش بۆ دەستەبەركردنی مافە نەتەوەییەكان پشكی شێریان بەردەكەوێت و پێویستە بە پەلە سەرقاڵی ریفۆرم بن، پێویستە ملیشیای حیزبی نەمێنێ و لەشكری كوردستان رێكبخرێتەوە.
من باسی گشت میدیاكان دەكەم ، لە ڕاستیدا زۆر جێگەی داخە ، هەستی نیشیتمانپەروەری و نەتەوەیی بە تایبەت لە مەرٍ سەربەخۆیی كوردستان زۆر سست و لاوازە و زۆر بێ ئەركانە جوڵانەتەوە ..میدیا لە كوردستان هیچ هەستێكی نەتەوەییان نەوروژاندووە بە تایبەت لە مەرٍ سەربەخۆیی كوردستان.ئەوەی لە ئێستادا دەبینرێت و دەبیسترێت ، ژمارەیەك میدیا لە سەر ناوی سەربەخۆیوون و ئازادی كاریان بۆ تێكدانی نێوان لایەنە سیاسییەكان و سووكایەتیكردن و ناوزراندن و چەواشەكاری و بڵاو كردنەوەی دەیان هەواَڵی بێ بنەما كردووە .
لەكاتێكدا ئەگەر بەراستی باوەریان بە كوردایەتی و سەربەخۆیی وئازادی هەبووایە دەبوایە پێش هەمووان هەڵمەتێكی گەورە و فراوانیان لە مەرٍ پرسی سەربەخۆیی كوردستان ئەنجام بدایە ، چونكە لە بە پلەی یەكەم سەربەخۆیی كوردستان پەیوەست نییە بە هیچ حزب و لایەنێكەوە و پەیوەستە بە هەموو تاكێكی كورد ، خەونی لە مێژینەی كوردو كوردستانە.
هەرروەها میدیا حزبییەكانیش دەبوایە گشت بەرنامە تایبەت حزبییەكانیان بۆ كاتێكی نادیار رابوەستانایە و تەنیا تەنیا كاریان لە سەر پرسی وروژاندنی سەربەخۆیی كوردستان و ئایندەی گەلی كوردستان لە نێو تاكی كورد كردبایە . بۆیە من دەڵێم كە میدیایی كوردی بە شێوەیەكی گشتی زۆر سارد و بێ ئەركانە لە هەمبەر سەربەخۆیی كوردستان كاری كردووە .
لەەسەر لایەنەكانی راگەیاندنی كوردستانیش پێویستە بەرەوڕووی ئەم گوتارانە ببنەوە و وەڵامی هەوڵەكانی تێكدان و چەواشەكاری بدەنەوە، هەروەها قەڵەمە پاكەكانیش دەبێ ئەركی دیكەیان هەبێت هاوتای دەزگاكانی راگەیاندن ئەویش بە رێگەگرتن لە هەوڵەكانی بڵاوكردنەوەی ئاشووب و پڕوپاگەندە و راوبۆچوونی نەرێنیی نەخۆش، كە مەبەستی لەباربردنی یەكێتیی نیشتمان و ئاسایش و سەقامگیرییەكەیەتی، هەروەها مەبەستی دۆزینەوەی زەمینەیەكە بۆ شەڕی ناوخۆ و دابەشبوون.
هەموو هاووڵاتیان داوایان لێكراوە كە بەرامبەر رووداوەكان هۆشیار بن و دەركی پێ بكەن، هەروەها هەموو كەسایەتییە چالاكەكان و حزبە كوردستانییەكان كە هەوڵ بدەن بەر بە كاریگەریی ئەو دەنگانە بگرن و كۆتایی بە هەوڵەكانیان بێنن، ئەویش بە ریسواكردنیان لە رێی گشت كەناڵەكانی راگەیاندنەوە و وریابوون بەرامبەر ئەو شوێنانەی كە رەنگە هێزە دوژمنكارەكان بیقۆزنەوە.