كێشە گەلی كورد، تەنیا سەربەخۆیی وجیابوونەوەی یەكجارییە لە عێراق
August 1, 2016
وتار و بیروڕا
هاوكات ، ئابووری و باشتر كردنی رەوشی خەڵكی كوردستان هیوایەتێكی هەموو كوردێكە، بەڵام نابێت ئەو هەموو دەستكەوتە سیاسی و دیپلۆماسییانەی كورد لە جیهان بەدەستی هێناوە و كورد خەریكە بە خەونی دەوڵەتبوون شاد بێت ببێتە قوربانی رێكەوتنی شاراوەی یەكێتی و گۆران لەگەڵ شیعەكانی عێراق بە پاڵپشتی ئێران كە ئەوان بە هەموو شێوەیەك دژی كوردن كە ببێتە دەوڵەت.
بۆیە دەستبەرداربوونی ریفراندوم بۆ سەربەخۆیی كوردستان ئەو پەری خیانەتە لە هەموو تاكی كوردستان چونكە كورد تەنها لەرێگەی سەربەخۆیی خۆیەوە دەتوانێت ئایدنتی و شوناسی خۆی بۆ جیهان بناسێت و قوربانییەكانی پێشمەرگە بۆ جیهان باشتر پێناسە بكات.
سەیرە ، شاندی یەكێتی و گۆران كە تەنها 30 كورسییان لە پەرلەمانی عێراق هەیە ، بە ناوی كۆدەنگی خەڵكی كوردستان قسە دەكەن لەكاتێكدا ئەوان تەنها نوێنەرایەتی گرووپێك یی كوردستان دەكەن كە بە درێژایی مێژوویی ڕزگارخوازی كوردستان لەمپەربوون لە بەردەم گەیشتنی كورد بە خەونی دەوڵەتبوون.
لەلایەكی دیكەوە ، ئێران رۆڵێكی سەرەكی لە ناردنی شاندی یەكێتی و گۆران بۆ بەغدا دەگێرێت.ئێران كە بە هەموو شێوەیەك نەیتوانیوە بەرامبەر بە جەنابی كاك مەسعوود بارزانی سەركەوتن بەدەست بێنێت بیر لە بەدیلی خەیاڵاوی بۆ بارزانی دەكاتەوە. بەپێی لێدوانی بەرپرسانی ئیسرائیل ، ئێران ئامادەیە كەركووك و مووسڵ بخرێنە سەر هەرێمی كوردستان تەنها بارزانی دەستبەرداری سەربەخۆیی بێت ، بەڵام بارزانی ملكەچی داواكاری ئێران نابێت و پێداگیری لە ئاواتی خەڵكی كوردستان بۆ گەیشتن بە دەوڵەتی سەربەخۆیی دەكات.ئەوە تاران بووە كە وەكو سەرۆكی دەوڵەت پێشوازی لە بارزانی دەكات خێرە یەكێتی و گۆران كورد ئەرزانفرۆش دەكەن و بەناوی كوردەوە گوتار دەدەن.ئەوەی دیارە تاران هەر یەك لە یەكێتی و گۆرانی كردۆتە بەدیل بۆ بارزانی بۆ ئەوەی لە جیاتی كورد لە بەغدا قسە بكەن و ئێتر دەسەڵاتی شیعە رازی دەكات قووتی هەرێمی كوردستان بگەرێنێتەوە بەمەرجێك دەستبەرداری سەربەخۆیی بن. ، بەڵام ئایا كوردی بەویژدان ئەمە قبۆڵ دەكات ؟!
پێویستە لە كوردستان هەر ریفراندوم بكرێـت، تەنانەت ئەگەر یەكێتی و گۆرانیش دژی بوەستنەوە چونكە ئەوان نوێنەرایەتی حیزبی خۆیان دەكەن نەك هەموو خەڵكی كوردستان.شایانی باسە ، وڵاتانی وەكو تەیمۆر و باشووری سوودان بە بێ ریفراندوم سەربەخۆیی خۆیان ڕاگەیاندووە.بۆیە خەڵكی كوردستان دەبێت دژی خیایەنكاری بوەستێتەوە و ئیتر ژێر دەستی قبۆڵ نەكەن.ئەگەر لە ریفراندۆمەكەدا جەماوەری یەكێتی و گۆران دەنگی پێویستیان هێنا كە كورد بەشێك بێت لە عێراق ئەوا پیرۆزیان بێت هاوشێوەی ئەوەی خەڵكی كەتەلۆنیا دەنگیان بە سەربەخۆیی وڵاتەكەیان لە ئیسپانیا نەدا ، بەڵام ئەگەر وەكو بەریتانیا رێژەی 52 % خەڵكی دەنگیان بۆ جیابوونەوە لە یەكێتی ئەورووپا دا دەبێت یەكێتی و گۆران ملكەچی داواكاری گەل بێت.
دەرئەنجام ، كورد نابێت ملكەچی لایەنێكی دیاریكراوی كوردستان و داواكاری و ئەجیندای ئێران بێت كە بە گەڕانەوەی قووت و بودجە دەستبەرداری ئاواتی دەوڵەتبوون بێـت چونكە كورد ئێستا دەرفەتی باشی لە بەردەستە كە ببێتە دەوڵەتی سەربەخۆ بۆ ئەوەی ئیتر لە لایەن ئێران و توركیا و دوژمنانیەوە بوردومان نەكرێت و وەكو دەوڵەتێكی خاوەن سەروەر لە جیهان مامەڵەی گەڵدا بكرێت و ئاڵای كوردستان لە نەتەوە یەكگرتووەكان بشەكێتەوە.