ئەمە عەشقی ئێمەیە و ئەوەش عەشقی ئێوە

ئەمە عەشقی ئێمەیە و  ئەوەش عەشقی ئێوە
بەر لە چەند رۆژێك بەڕێز دكتۆر فوئاد مەعصوم سەرۆكی كۆماری عێراقی فیدڕاڵ لە لێدوانێكدا رایگەیاند دامەزراندنی دەوڵەتی كوردی وەك خۆشەویستیی نێوان كوڕ و كچێك وایە كە هیچ مانا و سوودی نییە.
پێوەندییەكی خۆشەویستیی بەهێز لە نێوان ئێمە وەكو نەتەوەی كورد لەگەڵ وڵاتەكەمان (كوردستان) هەیە، ئەم پێوەندی و سۆزە بێ سنوورە و هەمیشە خۆبەخت كردن و قوربانیدانی هەبووە واتە هەموو مانا و سوودی هەیە، ئەم عەشقە هەمیشەییە بۆنی سۆزی لێ دێ وەك سۆزی پێشمەرگە بۆ تفەنگەكەی و خۆشەویستیی بۆ چیا و سڵاوی شەهید بۆ رۆح لەو ساتەی كە ماڵئاوایی لێ دەكات و پێشكەشی مەعشوقەكەی و خۆشەویستەكەی دەكات كە كوردستانە، لە پێناو ئەم خۆشەویستییە ئێمە بەرەوە پەتەكانی سێدارە هەنگاومان نا و ئاڵای خۆشەویستیمان بۆ خۆشەویستەكەمان بەرز كردەوە و گیانی خۆمان كردە قوربانی عەشقە هەمیشەییەكەی.
ئەم خۆشەویستییەی كە وایكرد هەزاران لاوی كورد دەست بدەنە چەك بۆ چەندین ساڵ لە پێناو پاراستنی كەرامەت و شەرەفی ئەم خۆشەویستە، ئەم خۆشەویستییەی كە وایكرد هەزاران دایك ئاواتی ئەوە بخوازن كە رۆڵەی زیاتریان هەبوایە بۆ ئەوەی بیكەنە قوربانی عەشقی خۆشەویستەكەیان كە كوردستانە، ئەم خۆشەویستییەی كە رووبەرووی ئەنفال و گۆڕی بە كۆمەڵ و كیمیا باران بۆوە و بەرگەی هەموو ناخۆشی و نەهامەتییەكانی گرت بۆ ئەوەی بژیت و بەردەوام بێت تا لە منداڵدانی ئەم ئازارانە هەزاران عاشقی دیكە لە دایكبوون.
ئەمە عەشق و وەفای ئێمەیە، بەڵام پێوەندی خۆشەویستیی ئێوە پێوەندییەكی بێ بنەما و رەگوڕیشەیە، لەسەر خاكێكی لەرزۆك بونیان نراوە كە سۆز هیچ مانایەكی تێیدا نییە و دڵسۆز شوێنی تێدا نابێتەوە، بەڵكو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی و راددەی دابینكردنی سفرە بونیات نراوە، بەڵام قوربانیدان شوێنی تێدا نییە، خۆشەویستی و عەشقی ئێوە بۆ عێراق كە نە لە ئێستا و نە لە داهاتوودا پلەی هاووڵاتی یەكەمتان پێ نابەخشن، دڵنیابە بتانەوێ یان نەتانەوێ ئێوە لە نەژادی كوردن، تەنانەت لە كاتی كۆچی دواییشتاندا لەسەر گۆڕەكەتان نانووسرێ سەرۆكی كوردی بەڵكو هەر بە سەرۆكی عێراقی دەمێنیتەوە، هەرچەندە من دەزانم ئەمە بۆ بەڕێزتان هیچ گرنگییەكی نییە.
خۆشەویستیتان بۆ ئەو عێراقەی كە نقووم بووە لە تائیفەگەری هەڵگری كفنی ئەو دەوڵەتەی بەرەو پارچە بوونی دوور لە دادپەروەری و یەكسانی هەنگاو دەنێت، خۆشەویستییەكە كە قووڵایی نییە و مێژوو تۆماری ناكات و هەمیشە وەك خۆشەویستی هەرزەكارێكە كە مانا و سوودی نییە.
عەشقی ئێمە بۆ ئێمە و عەشقی ئێوەش بۆ ئێوە.

Top