هەرێمی كوردستان لەبەردەم تەحەددیگەلێكدا

هەرێمی كوردستان  لەبەردەم تەحەددیگەلێكدا
كوردی ناوچەكەو جیهان و هاوبەشەكانی عەرەب و نەتەوەكانی دیكە ئەوانەی پەرۆشی پێوەندییەكانی دۆستایەتی و بەیەكەوەژیانی ئاشتین لەنێوان هەردوو گەلی كورد و عەرەب لە عێراق و وڵاتانی دیكەدا، هاوكات هەموو ئەوانەی گرنگی بە چارەسەری ئاشتییانەی كێشە كۆمەڵایەتی و ئابووری و نەتەوەیی وڵاتەكانمان دەدەن لەسەروویانەوە كێشەی كورد، زۆر بە بەردەوامی بایەخ بە یەكەمین ئەزموونی نموونەیی دەدەن لە رۆژهەڵاتی ناوین بۆ چارەسەری كێشەی كورد كە خۆی لە چارەسەری فیدڕاڵی و دەستووری و سازان بەرجەستە دەكات لە هەرێمی كوردستان كە چەندین دەیەیە بەری رەنجی تێكۆشانی گەلی كوردستان و مایەی شانازیی عەرەبی عێراق و هێزە نیشتمانییەكانیانە لەو دەستكەوتە گەورەیەدا، هاوكات جێی ئاسوودەیی ئازادیخوازانی ناوچەكەیە وەك هەنگاوێك بەرەو ئاشتیی كۆمەڵایەتی و بەیەكەوەژیانی هەموو نەتەوەكان لەسەر خاكێك كە فرەییە لە نەتەوەو ئایین و تژییە لە سوپرایس، هەروەها فاكتەری پۆزەتیڤە لە سەقامگیری و رێگەگرتن لە شەڕخوازان و پیلانی هێزە كانی تیرۆر.
بۆیە بەقەدەر ئەو گرنگییە ستراتیژییە گشتگیرەی نموونەی ئێستای هەرێمی كوردستان و پێوەندی بە چارەنووسی عێراق و كورد و گشت كوردی ناوچەكەوە، هاوكات پێوەندییەكانی نێوان فرە نەتەوەكان و مەسەلەی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و ئاسۆی بنیادنان و ئاوەدانكردنەوەو بەدیهێنانی ئاشتی و بەیەكەوەژیان، چەندین تەحەددی هەن كە هەڕەشە لەو ئەزموونە سەركەوتووە دەكەن لەپێشەوەیان مەسەلەی پەرەپێدان و بەهێزكردنی، هەروەها هەندێكیان ناوخۆیین و هەندێكی دیكەش دەرەكی، بەشێك لەو تەحەددییانە پەیوەستن بە فاكتەرە خودی و بابەتییەكانەوە، بەشێكی دیكەش كەوتوونەتە بەر هەڕەشەی پیلانگێڕیی كۆن و نوێی ئیقلیمی و دراوسێوە، لێرەدا هەوڵ دەدەین ئەو تەحەددیگەلە بخوێنینەوەو لەم تەوەرانەدا هەڵسەنگاندیان بۆ بكەین:
یەكەم: تازەكردنەوەو چاكسازی
سەرەڕای مەترسییەكانی تیرۆرو هەڕەشەی داعش و ئابڵۆقەی ئابووری و سیاسەتە دوژمنكارەكانی هێزە مەزهەبییەكانی خاوەن دەسەڵات لە حكومەتی بەغدا، بەڵام پێویستە پڕۆسەی چاكسازی و دارایی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی و كاراكردنی بەرنامەكانی پەرەپێدان و پلانە هەنووكەییەكان و دوورخایەنی ئابووریی نەوەستن، چونكە بریتین لە میكانیزمی كارای خۆڕاگری لەبەردەم هەموو جۆرەكانی ئابڵۆقە و بەرتەسككردنەوەی ئەو ئەزموونە كە لە جیهانی ئازادیی گەلان و بنیادنانی دەوڵەت و قەوارەكان بە سەركەوتوو لەقەڵەم دەدرێت، بێ گومان هەندێ كێشەی ئاڵۆز هەن كە دەبێ بێ دوودڵیی رووبەڕوویان ببینەوە، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەستن بە بوارەكانی ژیانی گەلی كوردستانەوە كە سەدەیەكە زیاتر بە هەموو شێوەیەك قوربانی دەدات و شایەنی ژیانێكی بەختەوەرو سەربەرزانەیە، لێرەدا مەبەست هەندێ قەیرانە وەك مووچەو كارەباو ئاو و خزمەتگوزارییە تەندرووستییەكان و بەرزبوونەوەی نرخی كاڵاكانی بەكاربردن، بۆیە لەم بوارەدا ئەركی حكومەت و دامەزراوە شەرعییەكانە كە ئەم خزمەتگوزارییانە بۆ ئەو گەلەی كە دەنگیان پێداون دابین بكەن، ناكرێ تەنیا پابەندبین بەو دروشمە( هەموو شتێك لەپێناو شەڕی دژ بە داعش و تیرۆر) چونكە دەستەبەركردنی پێداویستی و مەرجەكانی خۆڕاگریی گەل گرنگترین شەڕو ئەولەویەتە لە كاتەكانی ئاشتی و شەڕدا، بۆیە ئەوەی كە بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەم رووەوە بەڵێنی داوە، گەلی كوردستان وەك ئومێدێك لێی دەڕوانێت و پابەندی دەبێت.
دووەم: یەكێتیی ریزی ناوخۆ
هەمیشەو بەدرێژایی مێژووی خەباتی گەلان و لە كەلتووری بزووتنەوەكانی رزگاریخوازیی نیشتمانیدا، لەكاتی مەینەتی و سەرهەڵدانی قەیرانەكاندا پەنا دەبرێتە بەر گەل، دیارە شتێكی شاردراوە نییە كە رەوشی ئێستای هەرێمی كوردستانی عێراق زۆر باش نییە، جا ئەگەر گەلی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانی و بەدرێژایی جوگرافییەكەی یەكگرتوو بووبێت و چارەنووسی هاوبەش بووبێت، ئەوا حزب و هێزە سیاسییەكانی هەرگیز لەگەڵ یەكدی نەسازاون، هەروەها چەند گروپ و توێژی سەرەكێش خۆیان خزاندۆتە ئامێز هێزە مەزهەبییەكان لە عێراق یان لایەنگری ئێران بوونە، ئەوانە هەمیشە ئاژاوەو ئاشووبیان لە ناوخۆ هەڵگیرساندووە و بە ڕووی شەرعییەت و حكومەتی هەرێم و دامەزراوە شەرعییەكانی یاخی بوونە، ئەویش لە ڕێی راگەیاندنی هەرێم و كانتۆنی دیكە بەتایبەتیش لەو هەلومەرجە ناسك و مەترسیدارەدا، لەجیاتی ئەوەی كە ئەو گرووپە حزبییە سەركێشانە پەند لە مێژووی ئەزموونی هەرێمی كوردستان وەربگرن، هەر لە شۆڕشی ئەیلوول و سەردەمی شەستەكانی سەدەی رابردووەوە تا بە ئێستادا رادەگات، كاتێ رێبازی نیشتمانی و دیموكراسیی بە سەرۆكایەتیی بارزانیی نەمر سەركەوت و خۆڕاگریی نواندو توانا و رەسەنایەتی و پێشەنگیی سەركردایەتیی خۆی بۆ هەموو لایەك سەلماند.
سێیەم: رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر
وەستان بەڕووی تیرۆر تەنیا بریتی نییە لەوەی كە بە زەبری چەك شەڕی لەگەڵدا بكەین، بەڵكو دەبێ بە فیكرو هەڵوێستی سیاسی و كەلتوور و ئیرادەی میللی بێت، هەمیشە لە رۆژهەڵاتی خۆمان هەندێ گرووپی سەركێش و تیرۆریست ماوەیەك لەنێو خۆیاندا بەشەڕدێن، ئەوەندە ناخایەنێت یەكدەگرنەوە یان تاقمی دیكە شوێنیان دەگرنەوە، ئەوەش لەبەر نەبوونی میتۆدو پاشخان و بەرنامەیە، لەدوای لەناوبردنی تیرۆرو رووداوەكانی رابردوو، واتا بەر لە دووساڵ كاتێ موسڵ داگیركرا بەهۆی سستی و كەمتەرخەمیی ناوەندە مەزهەبییەكان لە بەغدا و تەگبیرێكی دیاریكراوی دیمەشق و تاران، دەبینین كە چەكدارانی داعش روویان لە هەولێر كرد، بەتایبەتیش كە دەزانین كە دیارترین و بەرچاوترین سەركردەكانی ئەو رێكخراوە تیرۆریستە لە ئەفسەرە بەعسییە بچووكەكانی سەردەمی سەدام حوسێنی گۆڕبەگۆڕن، ئەوانە خاوەن هەڵوێستی قەومچێتیی و رەگەزپەرستی و دوژمنایەتیی سەرسەختن دژ بە كورد و سەركردەكانیان بەتایبەتیش دژی بەڕێز سەرۆكی هەرێمی كوردستانن كە پەرۆشی چارەنووسی گەلەكەیەتی، سەبارەت بە تیرۆریستان و ئەوانەشی پشتیوانییان دەكەن لە دەزگاكانی سەر بە رژێمەكانی ناوچەكە كە گەلی كوردیان بەسەردا دابەش بووە، ئەوانە ئامانجیان لەناوبردنی دەستكەوتەكانی گەلی كوردستان و پاكتاوكردن یان لاوازكردنی سەركردایەتیی مێژووییە كە نەك هەر لەلایەن گەلی كوردستانەوە مایەی رێزو قبووڵكردنە، بەڵكو لەلایەن هێزەكانی ئیقلیمی و نێودەوڵەتیشەوە، ئەو گەلەی كە بڕیاری دا بەرەوڕووی تیرۆر بوەستێتەوە، كاتێ بەرەنگاری تیرۆری دەوڵەتی بەعس بووەوە و هەر زوو لەگەڵ هاوپەیمانان رێككەوت لەسەروبەندی رووخانی دیكتاتۆریەتدا دەربارەی شێوازو میكانیزم و سیاسەتەكانی رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
چوارەم: شایەنبوون بە مافی چارەنووس
هەموو گەلێك وەك مافێكی بنەڕەتیی خۆی لەوانەش گەلی كوردستانی عێراق شایانی ئەوەیە بڕیار لە چارەنووسی ئیداری و سیستەمی سیاسیی خۆی بدات بەو شێوەیەی كە بیەوێت، ئەمەش بە ویستی زۆرینە دێتەدی، شێوازی فیدڕاڵیی ئێستا كە پەرلەمانی كوردستان دوای هەڵبژاردەكانی 1992 بڕیاری لێدا واتا بەر لە نزیكەی چارەكە سەدەیەك زۆر پێویستی بە چاوپێداخشاندنەوە و پەرەپێدان هەیە تاكو بگەینە شێوەیەك لەگەڵ خواستەكانی جەماوەری كوردستاندا بگونجێت، هاوكات پێویستییەكان و ئاسایشی ئابووری و پەرەپێدان بەدی بێنێت كە خێرو داهاتەكانی هەرێم لە بەرژەوەندیی گەل و هەموو عێراقدا بێت بەدەر لە كۆنتڕۆڵی ناوەندەكانی هێز لە بەغدا كە لە رووی گەندەڵی و تاڵان و بەهەدەردانی سامان و پاشكۆیەتیی ئێران ژمارەی پێوانەیی تۆماركردووە، هاوكات لەگەڵ گۆڕانكارییە خێراكانی هەردوو بواری ئیقلیمی و نێودەوڵەتیدا رێ بكات، هەروەها هاوتەریب بێت لەگەڵ پێداویستییەكانی بنیادنانەوە، ئەوە چەندین ساڵە سەرۆكی هەرێم داوادەكات پەنا بۆ راو بڕیاری میللەت ببرێت واتا ریفراندۆمی گەلی كوردستان تایبەت بە ئەنجامدانی مافی چارەنووس ودیاریكردنی شێوازی گونجاوی ئایندە، ئەمەش بە سازان و لێكگەیشتن لەگەڵ هاوبەشە عێراقییەكان، هەروەها بەپێی هەڵسوكەوتی سەركردایەتیی سیاسی دەربارەی بەدیهێنانی بڕیارەكەی گەل لە هەلومەرجێكی گونجاودا، ئەوەی لێرەدا گرنگە بڕیاری گەلە سەبارەت بە ئایندەی خۆی بە هەموو ئازادییەكەوە، بۆیە هەتا ئەو ئارەزووە رەوایەی سەرۆكی هەرێمیش رووبەڕووی گلەیی و رەخنەی هەندێ حزب و هێزی سەرەكێش دەبێتەوە، ئەوانە لە ئێستاوە كاردەكەن بۆ تەگەرەخستنە بەردەم ئەو هەوڵە نیازپاكانە، جارێك بە ئاژاوەنانەوەو دابەشكردنەوە و جارێكی دیكەش بە پەنابردنە بەر هێزە مەزهەبییەكان ئەوانەی دەستیان بەسەر داهاتی عێراقدا گرتووە، یانیش بە فیتی دەوڵەتانی دراوسێ، بۆیە تەواوكردنی هەنگاوەكانی پەرەپێدانی ئەزموونی فیدڕاڵی بەرەو شێوازێكی لەبارتر ئەركێكی نەتەوەیی و نیشتمانییە لە بەرژەوەندیی كوردو عێراقییەكان بە شێوەیەكی گشتی.
ئەو حزب و گرووپە سەركێشانەی كە گلەییان لە بانگەوازەكەی سەرۆك مسعود بارزانی هەیە بۆ كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن سەبارەت بە بڕیاردان لەسەر وادەی پرۆسەی ریفراندۆم و دەستەبەركردنی مەرجەكانی ئەنجامدانی بە شێوەیەكی سەركەوتوو، ئەوانە لە هەمان كاتدا كاردەكەن بۆ سووكایەتیكردن بە پێگەی سەرۆكایەتی و شێواندنی لێكگەیشتنی ناوخۆیی و لێدانی شەرعییەت و دامەزراوە دەستووری و یاساییەكانن، هەروەها سووكایەتیی بە رۆڵی نیشتمانی و ئیقلیمی و نێودەوڵەتیی هەرێم دەكەن لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرو ئامادەكارییەكانی پێشمەرگە بۆ رزگاركردنی موسڵ و چەسپاندنی دەسەڵاتی هەرێم لە ناوچە كوردستانییە ئازادكراوەكان و هەموو ئەو ناوچانەی كە داگیركراون، هەروەها گرەودەكەن لەسەر زیاتر نانەوەی ناكۆكی لەنێوان هەولێرو بەغدا بەتایبەتیش بەر لە ئامادەكارییە سەربازییەكانی ئەم دواییە دژی داعش، سەردانەكەی ئەم دواییەی مالیكیش بۆ سلێمانی مەرامی خراپی لەپشتەوەیە.
لەو هەلومەرجە سەخت و نەخوازراوەی كە هەرێمی كوردستان پێیدا تێدەپەڕێت، هەروەها ئەو بارودۆخە ئاڵۆزو خوێناوییەی عێراق و رووداوەكانی سوریا و هەموو دەوڵەتانی دراوسێ بەتایبەتیش لەو دەستدرێژی و سەرپێچی و پیلانە چەپەڵەكانیان لەهەمبەر كورد و هەموو گەلانی ناوچەكە، تەنیا ئەوە لەبەردەم كورددا ماوەتەوە كە پابەندی یەك بژاردە بێت، ئەویش ئەو ئەزموونە سەركەوتووەی هەرێمی كوردستان و سەركردایەتییە شەرعییە هەڵبژێردراوەكەیەتی، هاوكات وەستان بە یەك ریز لەگەڵ ئەو رێبازەی كە مسعود بارزانی گرتوویەتییەبەر،هەروەها پشتیوانی لێكردنی راستگۆیانە لەو بڕیارەی كە گەل دەیدات بۆ دیاریكردنی چارەنووس و گرتنەبەری هەنگاوی چاكسازیی و چاوخشاندنەوە بە هەموو دۆسێیەكان، بەتایبەتیش دۆسێی پێوەندییە نەتەوەییەكان لەسەروویانەوە دۆسێی سووریا و كوردی ئەو وڵاتە كە لە هەموو شتێك زیاتر پێویستی بە بنیادنانەوە هەیە.

Top