تورکیای لاواز بەلام گرینگ لە رووی ستراتێژییەوە

تورکیای لاواز بەلام گرینگ لە رووی ستراتێژییەوە
تورکیا بە هۆی کودێتای گروپێکی پێکهاتوو لە لایەنگرانی گولەن و ناسیۆنالیستەکانی ئەرتێش تووشی بە تووشی بێ سەروسامانییەکی جیددی بووە ، ئەم پاکسازییەی گشت دەزگاکانی دەولەت لە لایەن ئەردۆغانەوە رەنگە دەستەلاتی سیاسی جێگیر بکات بەلام حەتمەن بێ متمانەیەکی بەرچاو دەخات ناو ژیانی ئیداریی و سیاسی ولات. بۆ ماوەیەکی مامناوەند کاریگەر بوونی تورکیای لە سیاسەتی دەرەوە و ناوخۆ دا دادەبەزێنێتە ئاستێکی نزم. لە شەری کوردی خۆی و پێشگیریی لە پێشکەوتنەکانی کوردی رۆژئاوا و بەشداریی لە شەری موسلدا مەجبوور بە پاشەکشە دەبێ. بۆشایی ژیئۆپۆلیتیکی لە سیاسەتی ناوچەدا بە سعودییەوە پڕ دەکرێتەوە و رەنگە هێند شانسیش بۆ ئێران بێنێتە پێشەوە بە تایبەت لە سوریادا.
لە ناو خۆێدا لە رووی کۆمەلایەتییەوە ئاک پارتی لە سالانی حکمرانی خۆیدا توانیویەتی تۆێژێکی ئیسلامی/ ئاناتۆلی/ ئیسلامی و کۆنسێرواتیڤ بێنێتە نێو ژیانی سیاسی و ئابووریی ولات، ئەم تۆێژە لە سالانی داهاتوودا درێژە بە پێشرەوییەکانی خۆی دەدات و خالە هاوبەشەکانی ئەم تۆێژە لە گەل کەمالیستە کلاسییکەکانیش تا ئەو ئاستە بوونیان هەیە کە مەیدان بۆیان خۆشتر بێ. ئەمەیان رەوتێکی گرینگە لە ژیانی سیاسی و کۆمەلایەتی تورکیادا.
هەلکەوتەی ژیئۆپۆلیتیکی تورکیا سەرەرای بوونی هەر جۆرە حکوومەتێک لە ئانکارادا خوازیارە کە تورکیا وەک ولاتێکی گرینگ و دەسترۆیشتوو لە ناوچەدا بوونی هەبێ بەلام ئەم ویستە و ئەم خالە لەگەل ئالۆزیی نێو خۆیی سیاسەتی تورکیادا یەک ناگرێنەوە ، ئەمەش دەبێتە خالێکی تریگرینگ لە ژیانی سیاسی وداهاتووی تورکیادا.
تورکیای کۆماریی مۆدێرن/ کەمالیستی یان دێمۆکراتیک و تورکیای عۆسمانی و نیئۆ عۆسمانی گولەنی و ئەردۆغانی ئەم سالانەی رابردوو دەبنە ئەو مۆدێلانە کە تورکیا دەبێ خۆی لە سەریان ساغ کاتەوە، ئەمش خالێکی تری گرینگی ژیان و داهاتووی سیاسی تورکیایە.
هەر کام لەم مۆدێلانە پێناسەیەکی تایبەت بە خۆی بۆ هاوولاتیانی تورکیا دەست نێسان دەکات کە لێوێدا پرسی کورد و پێناسەی کورد لە تورکیا دا دەبێتە خالێکی سەرەکی.
تورکیا سەرەرای ئەوە کە چ حکوومەتێک لە ئانکارادا لە سەر کار بێت دەبێ هەلکەوتەی ژیئۆپۆلیتیکی خۆی بپارێزێت ئەمە نەک بە تەنیا خواست و ئارزوی تورکیایە بەلکوو خواستی سیاسەتی نێو دەولەتیشە بە تایبەت لە پێوەندی لەگەل پرسی ستراتێژێکی ووزە دا.
لە بەرانبەر ئەم خالانەدا کورد لە باکووردا نەک وەک ئۆبجێکت بەلکوو وەک سابجێکتێکی دەستپێشخەر دەبێ سیاسەت بۆ خۆی و داهاتووی خۆی دابرێژێت.
کورد ئەگەر لە تەجرووبییاتی کۆن دەرسی وەرنەگرتبێ دەبێ لە رووداوەکانی ئەم چەند مانگەی دوایی و وێرانکارییەکان لە کوردستان دا دەرسی وەرگرتبێ.
هەنگاوەکانی هادەپ بۆ یەکەتی لەگەل چەپی تورک هەلە بوون بۆیە دەبێ هادەپ روو بکاتە کۆمەلگای کوردیی و ئەوەی گروپ و حیزبی کوردییە خۆی لێیان نێزیک کاتەوە و لایەنێکی بە هێز بۆ چارەسەریی پرسی کورد پێک بێنن. لە دوای ئەو هەلبژاردنانە دا کە هادەپ ١٣ لە سەدی دەنگەکانی هێنا و لە دژی ئەردۆغان راوستا و ئێستا لە دوای ئەم هەموو وێرانکارییانە خوازیاری هاوکاریی لە گەل ئەردۆغانە کە ئەم هەوتوویە راگەینرا دەبێ دەرسی لێ وەرگرین و ئەم گۆرانی سیاسەتە دەبێ دەرهاویشتەی هەبێ لە سیاسەتی کوردییدا.
ئەردۆغان و تورکیای ئەمرۆ و سبێ رۆژ مەحالە بتوانن ئامانجەکانی گەشەی ئابووریی و ژیئۆپۆلیتیکی خۆیان بپێکێن بێ ئەوەی کە ولامێکی گۆنجاو بۆ پرسی کورد لە تورکیادا پێشکەش بەکەن کە ئەمەش بۆ خۆی رێگایان بۆ دەکاتەوە بۆ هاوکاریی لەگەل کورد لە باشوور و رۆژئاوادا.
ئێستا کە تورکیا وای بە سەر هات و هادەپ دەرسی لە شەرەکانی ئەم چەند مانگەی رابردوو وەرگرتووە، کاتی خۆیەتی سازانی سیاسی و چارەسەریی ئاشتیانەی پرسی کورد نەک وەک جاران بەلکوو بە جیددی لە لایەن کوردەوە بە شێوەیەک کە جێی باوەری دنیا بێت بێتەوە سەر سەرەوەی ئەولەوییاتی سیاسەتی کوردیی.
بەربەستی سەرەکی لە رەوتێکی لەم چەشنە دا نفوزی سیاسەتی ئێرانە لە سەر سیاسەتی کوردییدا ئەم دەستە دەبێ کوورت بکرێتەوە .
Top