بەكام چاووڕوو بێتە هەولێر!!

بەكام چاووڕوو بێتە هەولێر!!
- بەدەستی ئەنقەست ویستم ئەم وتارە دوابخەم كە پەیوەستە بە هاتنی نوری مالیكی بۆ شاری سلێمانی، هۆكارەكەش ئەوەبوو بزانم راوبۆچوونی كەسایەتی و لایەنەكانی كوردستان لەم رووەوە چییە و چۆنە. ئەو پێشوازیە شاهانەیەی لەناوبراو كرا لە سلێمانی بۆ خودی بەرپرسانی ئەوێ دەگەڕێتەوە و كەس جگە لە سەرنج ناتوانێ بڵێ بۆچی ئەمە ڕووی دا. بەتایبەت كە هەمووان دەزانین بە ئەندازەی سەدام حوسێن لە كوردستان خەڵك رقی لە دەسەڵاتی شیعە و شەخسی نوری مالیكییە كە بووە هۆی بڕینی نانی ئەو میللەتە جەربەزەیەی رۆژانە بەهۆی شەڕی داعش ماڵەكانمان پڕ لە فرمێسك و خوێن دەبێ و هەژاری گەیشتۆتە ئاستێك ئاوی گەرم و تۆزێك شەكر لەبری شیر دەدرێتە منداڵەكانمان.

- لێرەدا هەندێ پرسیار دێنە ئارا گوایە خەتای بارودۆخەكەیە و مالیكی نەبووە حكومەتی كوردستان لێی بەرپرسە، جارێ كەس نەیگوتووە حكومەت هەڵە و كەموكورتی نییە هەمووشمان هۆكارەكانی دەزانین كامانەن بەڵام شیعەی سیاسی لەمەڕجەعەوە تا مالیكی و عەبادی نەدەكرا نەرمیان نواندبا و تا دوا سات هەوڵی دانوستان و چارەی ئاریشەكانیان بدابا یا هەر نەبێ نمەكی ئەو رۆژانەیان لە چاودابێ كە لە شاخ و شار و گوند و دێهاتەكان دەمانحەواندنەوەو داڵدەمان دەدان!.

- زۆرجار دەبیستین كە خەباتنی هاوبەشمان دژی ڕژێمی بەعس هەبووە ئەمە هەڵەیە، هەڵەیەكی زەق چونكە ئەوان هیچیان بۆ ئێمە نەكردووە و تەنها ئیشیان بە جوگرافیا و پێشمەرگە هەبوو، ئێستا دەبینن چ ئەتوارێكێكی نامرۆڤانە و دڕندانە دەنوێنن.

- بیریشمان نەچێ هەر مالیكی بو بەسوپا شەق و شڕەكەی دەیگوت دێم هەولێر داگیردەكەم!. با بپرسم گریمان كێشەمان زۆر بو، ئەی نابێ تۆزقاڵێكیش مەردایەتیان هەبوایە و لە شەڕی داعش گوتبایان هەر هیچ نەبێ با موچەی پێشەمەرگە و خانەوادەی شەهیدەكان بنێرین ئەمە چ ئەهریمەنی و قینێكە بەرامبەر بە كورد هەیانە. بیرمانە چەندین سەركردەی شیعەی میانڕەو دەیانگووت: پڕ بە دڵ حەزدەكەین داعش بەسەرتاندا سەركەوێ، تا ئێمەش گەز گەز گۆشتی پێ بگرین. كە شكور نەبینیان و نەدەیبینن.

- بە كورتی وەك ڕای خۆم ئەو پێشوازیە موبالەغەی زۆری پێوە دیار بو چونكە دڵی هەموو كوردستان (وەك هەڵەبجەییەكان سەلماندیان ڕێیان پێ نەدا شاری شەهیدان پیس بكات) بەمچەشنە توێژ و چینە جۆر بەجۆرەكانیشی نیگەران كرد. چونكە ناكرێ چی تر بەو هەوایە لێخوڕین كە قەینا هەڵەشیان كردبێ ئێمە دەبێ لێبوردە بین ئەوانە چییان بەخەڵكی كوردستان نەكرد، چییان بۆ ئاوارە سوننەكان كردووە، خێریان كامانەن بۆ عروبە و عێراق. پاشان گەر نیازی دوبەرەكی نێوان لایەنەكان نەبوبێ بۆچی داوای نەكرد سەردانی پایتەختیش بكات!. لە كاتی نووسینی ئەم وتارە هەرسینی كوڕم حەزی كرد بەو دێرە كۆتایی پێبێنم (كە بە چ چاووڕوویەك بێتە هەولێر) !.
Top