هه‌رێمی كوردستان نموونه‌ی ئارامی
July 30, 2016
وتار و بیروڕا
باڵاده‌ستی داعش له ئه‌نجامدانی كرده تیرۆریستیه‌كان سنووره نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی بڕیون و به دوو وڵاتی عێراق و سوریا و وڵاتانی ده‌وروبه‌ر نه‌وه‌ستاوه، ئه‌وه‌تا ده‌ستی ده‌گاته وڵاتانی دووره ده‌ست و پێشكه‌وتووی وه‌ك فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا و زۆر وڵاتی تریش، به‌ڵام له ئاست شێواندنی ئارامی شاره‌كانی كوردستان هاوشێوه‌ی به‌ره‌كانی جه‌نگ به چۆكدا هاتووه، كه‌چی به‌ره‌ی دژه گه‌ل و خوازیارانی تێكچوونی بارودۆخی سیاسی و كاراكته‌رانی په‌رتكرنی ناوماڵی كورد، روو له‌و راستییه وه‌رده‌گێڕن و كێشه كۆمه‌ڵایه‌تیه‌كان و شه‌ڕی نێوان دوو بنه‌ماڵه ئه‌وه‌نده‌ی كاره تیرۆریستیه‌كانی فه‌ره‌نسا و ئه‌ڵمانیا زه‌ق ده‌كه‌نه‌وه، چۆن وه‌زیرانی ناوخۆ و به‌رگری ئه‌و وڵاتانه بۆ خۆ به دوور گرتن له كرده تیرۆریستیه‌كان و پاراستنی ئارامی و ره‌واندنه‌وه‌ی دڵه‌ڕاوكێی هاووڵاتیانیان كۆنفرانس و لێدوانی رۆژنامه‌وانی ده‌به‌ستن، هه‌رزه‌كاره سیاسیه‌كان و رۆشنبیره ده‌ست له پشت دراوه‌كانی لای خۆشمان له زۆر كات و شوێندا ده‌بنه زمانحاڵ و وته‌بێژی داعش و بۆ بڵاو كردنه‌وه‌ی ترس و دڵه‌ڕاوكێ و نه‌هێشتنی متمانه له نێوان حكومه‌ت و هاووڵاتیاندا، كۆنفرانس ده‌به‌ستن و به لێدوانی چه‌واشه‌كارانه و چه‌قه‌چه‌قی سه‌ر شاشه‌ی كه‌ناڵه‌كان گیانبازی پێشمه‌رگه و شه‌ونخونی ده‌زگاكانی پاراستنی ئارامی شاره‌كان ده‌خه‌نه ژێر پرسیار.
ئه‌و ئارامیه‌ی له هه‌رێمی كوردستان هێزی پێشمه‌رگه و ده‌زگاكانی پاراستنی ئارامی شاره‌كان به هاوكاری خه‌مخۆر و دڵسۆزانی وڵات به‌رجه‌سته‌یان كردووه، له كاتێكدایه كورد ده‌وڵه‌ت نییه و زیاتر له 1000 كیلۆمه‌تر سنووری هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ داعش هه‌یه، عێراق رێگره له‌وه‌ی هاوكاریه نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نی و زانیاری هه‌واڵگری راسته‌وخۆ بگه‌نه ده‌ست كورد، جگه له‌وه‌ش عێراق و وڵاتی تریش هه‌یه بۆ تێكدانی ئارامی كوردستان ئه‌گه‌ر بۆیان بكرێ ئاماده‌ن ده‌ست له‌گه‌ڵ داعش تێكه‌ڵ بكه‌ن، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو به‌ربه‌ستانه و چه‌واشه‌كاری هه‌ندێ لایه‌نی ناوخۆش خۆشبه‌ختانه كوردستان له‌ناو ده‌ریایه‌كی هه‌ڵچوودا دورگه‌یه‌كی ئارامه، هه‌ندێ رووداوی سیاسی یان كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی كه چه‌واشه‌كارانی ناوخۆ و ئه‌وانه‌ی چاویان به ئارامی كوردستان هه‌ڵنایات، یان ئامانجه سیاسی و حزبیه‌كانیان له‌ناو نائارامیدا ده‌بینن، ده‌یانه‌وێ ده‌نگۆی نه‌بوونی ئارامی بكه‌نه پردی په‌ڕینه‌وه و گه‌یشتن به مه‌رامه شاراوه‌كانیان، خۆ له‌وه ده‌زنه‌وه كه له وڵاتێكی وه‌كو ئه‌مه‌ریكای خاوه‌ن ده‌یان ده‌زگای پرۆژه‌ی ئه‌منی و ته‌كنۆلۆژیای پێشكه‌وتوو ناوه ناوه چه‌كداڕێك هه‌ڵده‌كوتێته‌سه‌ر شوێنه گشتیه‌كان و ده‌یان كه‌س ده‌كوژێ و بریندار ده‌كات، یان له وڵاتێكی وه‌ك و ئه‌لمانیا به ته‌ور هه‌ڵده‌كوتنه سه‌ر خه‌ڵك و رۆشنبیر و رێكخاوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و میدیا سه‌ربه‌خۆكانیان ئه‌وه‌نده‌ی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی كوردستان په‌لاماری حكومه‌ته‌كانیان ناده‌ن، ته‌نانه‌ت به‌ره‌ی دژه گه‌ل له كوردستان ئه‌وه‌نده تینووی نائارامین خوازیاری ئه‌وه‌بوون داعش هه‌ولێری داگیر كردبا، به‌س بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رگای موزایه‌ده‌یان بۆ كرابایه‌وه‌و بیانگوتبا ئێمه راستمان كرد كاتێ ده‌مانگوت: حكومه‌ت شكستی خوادووه و ئارامی هاووڵاتیانی پێناپارێزرێ، بۆیه به راشكاوی ده‌ڵێم: ئه‌وه‌ی له وڵاتانی ئه‌مه‌ریكا و فه‌ره‌نسا و ئه‌لمانیا رووده‌دات، ئه‌گه‌ر له كوردستان روویدابا ئیتر به‌ره‌ی دژه گه‌ل ده‌یكرده به رۆژی حه‌شر و كارێكیان به حكومه‌تی هه‌رێم به گشتی و پارتی به تایبه‌تی ده‌كرد، كه له ماوه‌ی (25) ساڵ پرۆسه‌ی خۆ به‌ڕێوه بردن و (70) ساڵ ته‌مه‌نی پارتی هیچ دو‌ژمنێك نه‌یانتوانیوه پێیان بكات.