سه‌روه‌ری كوردستان و پاشكۆیه‌تی به‌غدا
July 28, 2016
وتار و بیروڕا
سه‌رۆكی كوردستان له دوا په‌یامیدا، كه ده‌ڵێ"لە ئاییندەیەكی نزیك دەردەكەوێ، كێ پاشكۆیی دەوێت و كێ سەرەوەریی هەڵدەبژێرێت"، بۆ هاوسه‌نگكردنی هاوكێشه‌ی كوردستان داری به مه‌سه‌له‌كه داهێنا.
مه‌به‌ستم، ئه‌گه‌ر خه‌ڵكانێك هزر بكه‌ن، كێشه‌ی نێوان پارته سیاسیه‌كانی كوردستان، پرسی گه‌ڕانه‌وه‌ی سه‌رۆكی له‌كار دوورخراوی په‌رله‌مان و مشتومڕی پرسی سه‌رۆكایه‌تییه، نه‌ك ته‌نیا سه‌رچیخ چوونه و تۆ به‌چه‌قێن وه‌ده‌كه‌ن، به‌ڵكو گه‌وجێندراویشن. چونكه له بنه‌واندا كێشه‌كه له نێوان دوو به‌ره دایه، یه‌كێكیان داوای سه‌روه‌ری بۆ كوردستان ده‌كات، ئه‌ویدیشیان كار بۆ به پاشكۆ مانه‌وه‌ی ده‌كات. واته له‌سه‌ر هه‌ڵنانی هه‌نگاوه گه‌وره‌كه‌یه، كه خێری گشتی تێدایه. له‌م پۆڵینه كاروكرده‌وه و لێدوانه‌كان به پێوه‌ر وه‌رگیراوه.
ئه‌گه‌ر وه‌ك ئه‌وه‌ی بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرێ پۆستی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌سڵی كێشه‌كه بوایه، خۆ ده‌بوو پارته‌كان داوای ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و كاندیدیان بۆ ئه‌م پۆسته هه‌بێت، كه تا ئێستاشی له‌گه‌ڵدا بێت هیچ یه‌كێكیان نه ئه‌و داوایه‌ی كردووه نه كاندیدیان هه‌یه. واته دروستكردنی كێشه و قسه‌كردن له‌سه‌ر ئه‌و پۆسته و پۆسته‌كانی دی ته‌نیا بۆ خۆڵ له‌چاوكردنه به‌مه‌به‌ستی درێژه‌دان به شه‌رعیه‌تی بنده‌ستی.
له ئه‌نجامی پێداگیری و هاموشۆ‌كان و له‌سه‌ركردنه‌وه‌ی نوێنه‌رانی به‌ره‌ی به پاشكۆ مانه‌وه له هه‌ڵه زه‌قه‌كانی به‌غدا به‌رامبه‌ر مافه ده‌ستوورییه‌كانی كوردستان و چاندنی تۆوی نائومێدی له هه‌ست و نه‌ستی گه‌لی كوردستان و گوته‌زای نه‌ڕه‌خسانی زه‌مینه( كه زۆر خوسیووه)، هه‌روه‌ها بێنرخكردنی به‌ها و بایه‌خی ده‌وڵه‌ت له باشتركردنی پێگه و سه‌نگی سیاسی و ئابووری كوردستان له ئاستی نێوده‌وڵه‌تیدا رووی مه‌سه‌له‌كه زیاتر ده‌ركه‌وت. هه‌روابێته‌وه ده‌ست راكێشانی په‌كه‌كه بۆ ناو هاوكێشه‌ی هه‌رێمی كوردستان (كه به ئاشكرا دژی ده‌وڵه‌تی كوردستان وه‌ستاوه‌ته‌وه) له‌خۆیدا به‌و مانایه دێت، كه كێشه‌كه سه‌رۆكایه‌تی نییه، چونكه په‌كه‌كه ئه‌و مافه‌ی نییه باس له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێمی كوردستان بكات، به‌ڵكو ئه‌وه‌ی پاڵی به په‌كه‌كه ناوه بێته ناو هاوكێشه‌كه، ئامانجی ئاسته‌نگ دروستكردنه بۆ هه‌نگاوه‌كانی كوردستان، كه خۆیان( به‌ره‌ی لاگیر له به پاشكۆمانه‌وه) جورئه‌تیان نییه به ئاشكرا دژی ئه‌م ویسته‌ی گه‌ل بوه‌ستنه‌وه، ئه‌گه‌رچی له تاریكی‌دا ئه‌مه‌یان كردووه.
گومان له‌وه‌دا نییه گه‌لی كوردستان له زاخۆوه تا خانه‌قین له‌گه‌ڵ به‌ده‌ستهێنانی سه‌روه‌رییه بۆ كوردستان. چونكه: یه‌كه‌م، گه‌وره‌ترین نه‌ته‌وه‌ی بێ ده‌وڵه‌تی جیهانه. دوو، ده‌رفه‌ت هاتۆته پێش و نابێ به هیچ بیانوویه‌ك له‌ده‌ست بدرێ. سێ، له‌وه‌ته‌ی كوردستان به عێراقی عه‌ره‌بیه‌وه لكێندراوه له كاولكاری و بێبه‌شكردن و قوربانیدان زیاتر هیچی نه‌بینیووه. به پوختیتر سه‌روه‌ری لای گه‌لی كوردستان زۆر له‌و یه‌ك دوو پۆست و سێ چوار محاویله‌ی كاره‌با و نازانم چی و چیدی بێ كه‌ڵك و بێ وه‌ج به نرختره، كه له به‌غدا ده‌ستی ده‌كه‌وێ.