دەركەوت بۆ رامالینی عەلمانییەتی كەمالیستی پشتگیری لە ئاك پارتی دەكرێت

دەركەوت بۆ رامالینی عەلمانییەتی كەمالیستی پشتگیری لە ئاك پارتی دەكرێت
دەركەوت بۆ رامالینی عەلمانییەتی كەمالیستی پشتگیری لە ئاك پارتی دەكرێت

پڕۆفیسۆر شلۆمۆ ئەڤێنیری ئوستادی زانستی سیاسەت لە زانكۆی حەیفا و ئەندامی دامەزراوەی ئەكادیمی بۆ زانست و مرۆڤایەتی ئیسرائیل، لە وتارێكیدا بۆ سایتی (سندیكیت پرۆجێكت) شكستی كودەتاكەی ئەم دواییەی توركیای بە مردنێكی سەیر و لەسەرخۆی عەلمانییەتی كەمالیست لە توركیا هەژمار دەكات و بەمجۆرە رای خۆی لە سەر ئەو كودتایە دەردەبڕێت:
ئەوەی لە دوای كودەتا سەربازییە شكستخواردووەكەوە لە توركیا دەگوزەرێت بۆتە هۆی دروستبوونی پرسیارێكی بنەڕەتی: ئایا سەرۆك ئەردۆگان بەردەوام دەبیێت لە سەپاندنی هەژموونی خۆی، كە رەنگە ئەمجارەیان گیانی تۆڵەسەندنەوەشی لەگەڵدا بێت، یاخود روودەكاتە ركابەرانی و هەوڵی چارەسەركردنی ئەو لێكترازانە قووڵە دەدات كە لە كۆمەڵگەی توركیدا دروست بووە؟ بۆ وەڵامدنەوەی ئەم پرسیارە هەڵەیە ئەگەر تەنیا لە روانگەی كەسایەتی ئەردۆگانەوە لەوە بڕوانین كە لە ئێستادا لە توركیادا روودەدات. چونكە ئەردۆگان و پارتەكەی- داد و گەشەپێدان- بەرجەستەكەری ئاڵ و گۆڕێكی گەورە و گرنگن لە سیاسەتی توركیادا.
لە سەرەتای هاتنە دەسەڵاتی ئاك پارتی توانی ئاڕاستەی خۆسەپێنی كەمالیست بگۆڕێت. دەوڵەتێكی نەتەوەیی تاك حزبی كە خودی كەمال ئەتاتورك لە لوتكەی جەماوەریبووندا بوو- كەمالیزم نەك تەنیا ئەلیف بای لاتینی سەپاند، كە توركیای لە مێژوو و كەلتوور دابڕی، بەڵكو جل و بەرگی تەقلیدیشی گۆڕی (شەڕواڵی پیاوان و سەرپۆشی ئافرەتان) و تەواوی دانیشتووانی ناچاركرد جل و بەرگی ئەوروپی بپۆشن. دەبوو هەموو ئەو نازناوانەی ئاوازێكی عەرەبی، یان ئیسلامییان تێدابوو، بگۆڕدرێن بۆ نازناوێك كە ئاوازێكی توركی هەڵگرتبێت.
سەركەوتنی ئاك پارتی لە هەڵبژاردنەكاندا لە ساڵی 2002ـەوە بە شێوەیەك لە شێوەكان مۆدێرنیزەكردنی ئابووری بزاوتێكی كۆمەڵایەتی لای موحافیزكارەكان خوڵقاند، كە سەریكێشا بۆ سەرهەڵدانی بۆرجوازیەتی نوێ كە باوەڕیان بە بەها ئایینییە تەقلیدییەكان هەبوو. ئەم دەنگدەرانە بوونە بناغەی سەركەوتنی ئاك پارتی لە هەڵبژاردنەكان و بەدەستهێنانی شەرعییەتی دیموكراسی، بەڵام هەوڵی ئەم دواییە گروپێك ئەفسەری نێو سوپا بۆ كودەتا بەڵگەیە لەسەر پێكدادانی بەردەوامی نێوان عەلمانیەت و دیموكراسی لە توركیادا.
لە هەمان كاتدا، سیاسەتی دەرەوەی ئەردۆگان لەم ساڵانەی دواییدا بە هیچ شێوەیەك سەركەوتوو نەبووە. پابەندبوونی بە «سیاسەتی سفر كێشە لەگەڵ دراوسێكاندا»، سەریكێشا بۆ تێكچوونی پێوەندییەكانی لەگەڵ ئەرمینیا، رووسیا، ئیسرائیل و میسر، بەڵام هیچ یەكێك لەمانە نەبوونە هۆی كەمبوونەوەی پشتیوانی لە ئەرۆدغان لە ناوخۆی وڵاتدا. تەنانەت دوای كودەتاكە ئەمەریكا و یەكێتی ئەوروپا خۆیان لە دۆخێكدا بینیوە كە پشتیوانی بكەن. ئەمەش بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هێزە رۆژئاواییەكان بەرژەوەندی بنەڕەتییان هەیە لە سەقامگیری توركیادا، یەكێتی ئەوروپا پێویستی بە توركیایە بۆ راگرتنی هاتنی شەپۆلی زیاتری كۆچبەران، بەتایبەتی لە سووریاوە، هەروەها ئەمەریكا پێویستی پێیەتی، ئەگەرچی بە شێوەیەكی سنوورداریش بێت، بۆ شەڕەكەی لە دژی داعش.
لە كۆتاییدا، دەركەوت عەلمانییەتی كەمالیستی پشتئەستوور بە سوپا قابیلی درێژەكێشان نییە و راماڵینی لە سایەی حوكمڕانی ئاك پارتیدا پشتیوانییەكی بەرفراوان لێدەكرێت.

Top