نیشتیمان وه‌ك خه‌مێكی له‌بن نه‌هاتوو

نیشتیمان وه‌ك خه‌مێكی له‌بن نه‌هاتوو
هه‌رگیز به‌وڵاته‌كه‌ت مه‌ڵێ چیم بۆده‌كه‌ی،ئه‌وه‌ له‌خۆت بپرسه‌ چیت بۆ كردووه‌ " ئه‌مه‌ یه‌كێكه‌ له‌جوانترین ده‌ربرینه‌كانی مرۆڤی نیشتیمان په‌روه‌ر كه‌یه‌كێك له‌سه‌رۆكه‌كانی وڵاته‌ یه‌كگرتوه‌كانی ئه‌مریكا ئاراسته‌ی هاونیشتیمانیانی خۆی كرد.ده‌بێت ئێمه‌ش ئه‌و راستیه‌ بزانین كه‌ مرۆڤ و خاك له‌یه‌كتر جیانابنه‌وه‌ به‌واتایه‌كی تر هۆشمه‌ندی مرۆڤ له‌وه‌ دایه‌ سه‌ربه‌رزانه‌ له‌سه‌رخاكێك بژیت له‌به‌رامبه‌ردا ته‌واوی ئه‌ركه‌كانی خاك پارێزی به‌كرده‌وه‌ جێ به‌جێ كردبێت ،نیشتمانی ئێمه‌ش له‌به‌ر هه‌ڵكه‌وته‌ی جوگرافی و بایه‌خی جیۆپۆله‌تیكی هه‌میشه‌ پێخۆری داگیركه‌ران و وڵاته‌ زلهێزه‌كان بووه‌ بۆیه‌ تا ئێستاش نه‌مان توانیوه‌ حكوم داریه‌كی جێگیر به‌رێوه‌ ببه‌ین،چونكه‌ سیاسه‌تی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تی به‌شێوه‌یه‌كی راسته‌وخۆ كاریگه‌ری له‌سه‌ر دۆخی نه‌ته‌وه‌كمان هه‌بووه‌ هه‌ر جاره‌و به‌ بیانوێك و شێوازێك له‌ ئه‌نجامی ئه‌م سیاسه‌ته‌ ناره‌وایه‌ش مافه‌ دانپیانراوه‌كان بۆ نه‌ته‌وه‌كه‌مان فه‌راهه‌م نه‌كراوه‌ و نه‌تواندراوه‌ مرۆڤی كورد ژیان و گوزه‌رانی له‌كه‌شێكی ئارام و ته‌ندرووست دا به‌سه‌رببات ،كه‌چی ئه‌وه‌ خاڵه‌ ده‌ست نیشان كراو و گرینگه‌كه‌ نیه‌ هۆكاری هه‌ره‌ دیاری ناجۆری ژیانی سیاسی مرۆڤی كورد خۆی بووه‌ كه‌وای كردووه‌ به‌ره‌و له‌ت بوون و دابه‌ش كاری بچێت ،كاتێ سه‌یری مێژووی كورد ده‌كه‌ین زۆربه‌روونی ئه‌وه‌ ده‌بینین هه‌رله‌سه‌ده‌ی ( 17 و 18 ) ز واته‌ له‌سه‌رده‌می میرنشینه‌كانی كورد دیارده‌ی ناپاكی و نۆكه‌ری و ناكۆكی ناوه‌خۆی به‌شێكی زۆری مێژووه‌كه‌مانی ته‌نیووه‌ تا ئه‌مرۆشی له‌گه‌ڵ بێت یارو یاوه‌ری خۆی هه‌یه‌ بۆیه‌ ده‌كرێت بڵێن گه‌وره‌ترین له‌مپه‌ره‌ له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و ئاشته‌وایی ته‌نانه‌ت گه‌یشتن به‌مافی چاره‌ی خۆ نوسین ،جا لێره‌وه‌ ده‌پرسین ماندوو نه‌بوون له‌و هه‌موو ناكۆكی و ده‌ست بادان و كه‌م بایه‌خ كردنی یه‌كتر و خۆش كردنی دڵی دوژمنانمانی گه‌له‌كه‌مان، ئایا له‌كات به‌فیرۆدان هیچی تری لێ دوورینه‌ بوو ؟ وه‌ڵامه‌كه‌ی روونه‌ نه‌خێر .له‌به‌رامبه‌ردا پێویسته‌ هه‌موو لایه‌نه‌كان كۆشش بكه‌ن بۆ سه‌رخستنی پرۆسه‌ی ئاشته‌وای سیاسی له‌ پێناو خزمه‌ت كردنی نیشتیمان ،بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی تر خوێندنه‌وه‌یه‌كی راست و درووستمان بۆ چه‌مكی ژیانی سیاسی هه‌بێت هه‌روه‌ها ده‌بێت هه‌موولایه‌نه‌كان به‌بیرو هزرێكی تازه‌ و تێگه‌یشتن بۆ لایه‌نی به‌رێوه‌بردن و حوكم داری خۆیان ئاماده‌ بكه‌ن .له‌ ئێستا دا باروودۆخی هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تی گۆرانكاری گه‌وره‌ی به‌خۆوه‌ بینیوه‌ ئه‌مه‌ش له‌به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌كه‌مان دایه‌ هه‌ر بۆیه‌ هه‌ق وایه‌ لایه‌نه‌سیاسیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌گیانێكی له‌خۆ بردوانه‌ ده‌ستی یه‌كبگرن و هه‌وڵ بده‌ن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و بریاردان له‌سه‌ر ئه‌نجام دانی ریفراندۆم و سه‌روه‌ری بۆ كوردستان ،مێژوو سه‌لماندویه‌تی به‌فیرۆ نه‌چونی خۆینی شه‌هیدان و مانه‌وه‌ی ده‌ستكه‌وته‌كان به‌نده‌ به‌برایه‌تی و ئاشته‌وایی ،سه‌ره‌نجام حوكمێكی كوردی خزمه‌ت گوزارو دادپه‌رووه‌ر دێته‌ كایه‌وه‌ .هه‌روه‌ها ده‌بێت لایه‌نه‌ سیاسیه‌ كوردستانیه‌كانیش تێبگه‌ن كه‌ كورد بوون به‌رزتره‌ له‌ حزبی بوون ،ده‌بێت حزبی بونیش له‌ خوار دیدگایه‌كی نیشتیمان په‌روه‌ری بێت له‌به‌ر ئه‌وه‌ی دواجار هه‌موومان له‌كه‌شتێك داین تاكه‌ چاره‌سه‌ر بۆ رزگار بوون له‌و زه‌ریا هه‌رێمی و نێوده‌وڵه‌تیه‌ بێبه‌زه‌یه‌ یه‌كگرتووی و ته‌بایی هه‌موومانه‌ له‌ئاست پرسه‌ نیشتمانیه‌كان به‌پێچه‌وانه‌وه‌ تیا چوونیشی له‌ ئه‌ستۆی هه‌موومانه‌ .
Top