تا ئێستا دووان بوون.. كه‌چی بوون به‌ سێ

تا ئێستا دووان بوون.. كه‌چی بوون به‌ سێ
بۆ راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان هیچ كاتێك له‌ ئێستا له‌بارتر نییه‌، له‌ كوردستان و له‌ هه‌موو دونیاش هه‌ر وایه‌ بۆ راگه‌یندنی سه‌ربه‌خۆیی و دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت پێویسته‌ هه‌وڵه‌كان به‌ دوو ئاڕاسته‌دا چڕ بكرێنه‌وه‌، یه‌كه‌میان به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و دووه‌میشیان بۆ ئه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی تازه‌ درووستبوو له‌ شه‌ڕ و هه‌را و كێشه‌ به‌ دوور بێ، كار له‌سه‌ر رازی كردنی ده‌وڵه‌ته‌ داگیركاره‌كه‌ بكرێ، ئه‌وه‌ یاسای سیاسی به‌ده‌ستهێنانی ده‌وڵه‌ته‌ و به‌ تایبه‌تی كورد ده‌بێ له‌ناو رووداوه‌كاندا ئه‌و یاسایه‌ په‌یڕه‌و بكات، كه‌چی چۆن هیچ شتێكمان له‌ عاله‌مێ خوای نه‌چووه‌، له‌وه‌شدا هه‌ر وامان كردووه‌.
كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی و چاودێرانی سیاسیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌ گۆڕانكاری گه‌وره‌ به‌دوای خۆیاندا دێنن، كوردیش له‌و گۆڕانكاریه‌دا چاوی بڕیوه‌ته‌ به‌ ده‌وڵه‌تبوون و ئه‌گه‌ر به‌ ده‌وڵه‌تیش نه‌بێ، ئه‌وا ده‌گه‌ڕێینه‌وه‌ خاڵی ده‌ستپێك و ده‌بێ له‌ سفره‌وه‌ ده‌ست پێبكه‌ینه‌وه‌، سه‌ركرده‌ و سیاسیه‌كانی كوردیش له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كۆكن كه‌ ده‌رفه‌تێكی له‌بار بۆ كورد هاتۆته‌ پێشێ و هه‌موو سه‌ركرده‌ و سیاسیه‌كانیش داوا ده‌كه‌ن ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ له‌ ده‌ست نه‌درێ، كه‌چی هێشتا ده‌وڵه‌ت درووست نه‌كراوه‌ هه‌ندێ له‌ سه‌ركرده‌ و سیاسیه‌كان برسی به‌ زیدانی كردنی ده‌وڵه‌ته‌ كوردیه‌كه‌ بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌، ئه‌وه‌ش كوردی به‌سه‌ر دوو به‌ره‌دا دابه‌ش كرووه‌، به‌ره‌ی یه‌كه‌م هه‌وڵه‌كانی له‌سه‌ر سه‌ربه‌خۆیی كوردستان چڕ كردوونه‌وه‌، به‌ره‌كه‌ی تریش ترس و دڵه‌ڕاوكێ له‌سه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ درووست نه‌بووه‌كه‌ی كورد بڵاو ده‌كاته‌وه‌، ئێستا كار گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ی به‌ر له‌وه‌ی هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پشتیوانی نێوده‌وڵه‌تی و رازی كردنی دوژمنان بده‌ین، ده‌بێ كار له‌سه‌ر رازی كردنی به‌ره‌ی دژه‌ ده‌وڵه‌تی ناوخۆ بكرێ كه‌ رازی ببن كورد وه‌ك هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌كی تر ببێته‌ خاوه‌ن كیان و ده‌وڵه‌تی خۆی.
Top