بۆ هەندێ لا.. گرنگییان پێ نەدا؟

بۆ هەندێ لا.. گرنگییان پێ نەدا؟
پڕۆتۆكۆلی سەربازیی نێوان حكومەتی كوردستان و ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا كە لە هەولێر بە ئامادەبونی سەرۆك بارزانی لە نێوان وەزیری پێشمەرگە بە وەكالەت و جێگری وەزیری بەرگریی ئەمریكا واژۆكرا، ئەوەش هەنگاوێكی نەوعی بوو لە پێوەندیی نێوان گەورەترین وڵاتی جیهان لە بورای سەربازی و ئابووری لەگەڵ هەرێمی كوردستان، (هەڵبەت من لە هیچ كام لە نووسینەكانم وشەی هەرێمم بەكار نەهێناوە، بەڵام بۆ ئەم وتارە پێویستی كرد).
ئەمریكا بە درێژایی مێژووی خۆی راستەوخۆ لەناو دەوڵەتێكدا كە هاوپەیمانی بووبێ، نەهاتووە ئیمزای لەمجۆرە لەگەڵ هەرێمێكی هەمدیس هاوپەیمانی ئەنجام بدات، لێرەدا سەنگی كوردستان و پێشمەرگە بە ڕێبەرایەتی سەرۆك مسعود بارزانی دەردەكەوێ كە كوردستان چ كاریگەرییەكی جیۆستراتیژی و سەربازی هەیە لە ناوچەیەكدا كە سەرتاپای گڕی گرتووە و داروبەرد بە دوای هاوپەیمانی لەم شێوەیە دەگەڕێ لەگەڵ ئەمریكادا.
هەرێمی كوردستانی باشوور لە ماوەی چەند ساڵی رابردوو بۆ هەمووانی سەلماند چ قورساییەكی هەیە لە هەموو بوارەكان، تەنانەت هێندە بەسە پاپای فاتیكان وتی: نازانم چۆن چاكەی حكومەت و گەلی كوردستان بدەمەوە لەپای لەخۆگرتن و ڕێزگرتنی ئەو هەموو مەسیحییە غەوارانەی روویان تێ كردووە..
قسەكانی سەرۆكی فەرەنسا و دەیان سەرۆك و سەرۆك وەزیر و پلەداری دیكە بە هەمان شێوە لەمەڕ خۆڕاگری و جەربەزەیی و لێبووردەیی كوردستان و خەڵكەكەی چەندبارە بۆتەوە.
بێمەوە سەر ئەسڵی مەتڵەب، ئەم ڕێككەوتنە مەغزا و دووراییەكی لە ڕادەبەدەری هەیە. چۆن؟
وڵاتانی ناوچەكە زیاتر حیساب بۆ پێگەی كوردستان دەكەن و ئیتر لەمەودای دوور و تا ڕادەیەك نزیكیش ناتوانن تەشقەڵەی پێ بكەن و گرفت و ئاریشەی جۆراوجۆری بۆ دروست بكەن، جگە لەوە ئارامی و پێكەوەژیانی هەموو ئایین و ئایینزا و نەتەوەكان وێڕای چوونە سەر نەخشەی جیهانی دەماری پتڕۆڵ فاكتەرێكی ترن كە دەبێ وەكو دیفاكتۆیەكی تازەی نەخشەی نوێی ناوچەكە لە ئێستاوە مامەڵەی لەگەڵدا بكەن.
هەڵبەت زۆر دوورایی تری هەیە كە هەوڵدەدەم لە شوێن و بۆنەیەكی دی لەسەری بئاخڤم، چونكە لەم وتارە كورتە جێی نابێتەوە، بەڵام ئەوەی مەبەستمە لە كۆتا بیڵێم، ئەوەیە كە جگە لە میدیای پارتی دیموكراتی كوردستان لایەنەكانی دیكە بە كەمترین دەربڕین باسی ئەو رووداوە گرنگەیان كرد. ئەمە وەكو ئەوە وایە ڕێككەوتنەكە لە نێوان پارتی و ئەمریكا بێ! لێرەدا دەگەڕێینەوە بۆ ئەو جۆرە بیركردنەوە تەسكەی هەموومان بەدەستیەوە دەناڵێنین. بەڕێزان ئەمە ڕێككەوتنی كوردستانە و هی خوێنی شەهیدان و رابردوو و ئێستای پڕشكۆی هەمووانە، ڕێككەوتنی خەونی ئایندەی نزیكی نەتەوەیی تێكڕامانە، بۆیە گرنگی پێ نەدان و بچووك تەماشاكردنی وەكو ئەوە وایە گرنگی بە ڕابردووی خۆمان و ئاسۆی داهاتوومان نەدەین. بێگومان ئەندازیاری ئەو قۆناغ و سەركەوتنانە سەرۆك بارزانی-یە و ئەوانەشی بیانەوێ خۆیان نابەڵەد و نادیدە بگرن بە فیعلی نابەڵەد و كورتبینن.

Top