ئەزموونەکانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی تاکە پێوەر نەبێت

ئەزموونەکانی پۆلی دوازدەی ئامادەیی تاکە پێوەر نەبێت
یەکەم ھەنگاوی زانست بێ دەنگییە
دووەم ھەنگاو گوێگرتنە
سێ یەم ھەنگاو لەبەر کردنە
چوارەم ھەنگاو کارپێکردنە
پێنجەم ھەنگاو بلاو کردنەوەیەتی
ھەر لە ژێر رۆشنایی ئەو ووتە پڕ مانایە ، ئەوە بوو لە ژمارەی (٢٥٧٢) لە بەرواری ٣١/٧/٢٠٠٧ی رۆژنامەی خەبات وتارێکم وەشان کرد لەسەر ئەزموونەکانی قۆناغی دوازدەی ئامادەیی وە دوو پێشنیارم خستە روو.
یەکیان پۆلی دوازدەی ئامادەیی تەنیا پێوەر نەبێت ، بەڵکو نمرەکان دابەشبکرێت لە نێوان ھەرسێ پۆل کە (٢٠نمرە بۆ پۆڵی دەیەم و ٣٠نمرە یازدەیەم و٥٠نمرەش بۆ پۆڵی دوازدە)بێت کە بەردەوامیەک دەداتە خوێندن، بەڵام ئەوەیان سەری نەگرت و نەتوانرا وەکو پێویست مامەلەیەکی پەروەردەیی و ویژدانی لەگەڵ دا بکرێت.
ئەوەی دووەمیان تاقیکردنەوەی وەزاری نەمینێت و بەڵکو قوتابی لە پۆڵی دوازدە تاقیکردنەوەی قوتابخانە بکات وەکو ھەردوو پۆلی (دەیەم و یازدەیەم) واتە پرسیارەکان و پشکنین لەسەر ئاستی قوتابخانە بێت و قوتابی دەبێتە دەرچووی ئامادەیی و دەتوانرێ بڕوانامەی ئامادەیی وەربگرێ ئەو کات لە وەرزی ھاوین بۆ وەرگرتنی قوتابیان لە زانکۆکان بەشداری بکەن لە تاقیکردنەوەیەکی ھەڵبژاردن بۆ چەند بابەتێک لە یەک رۆژدا کە لە زۆربەی ووڵاتان پەیرەو دەکرێ.
ئەوەی لێرەدا دەمەوێ جەختی لەسەر بکەمەوە ئەوەیە کەوا بە دڵنیایی وەزارەتی پەروەردە کاتی ئەوە ھاتووە کە خۆی لە تاقیکردنەوەکانی وەزاری رزگار بکات.
دوور بکەوێتەوە لەم ھەموو گرفت و کێشەو ئاگایی ونەمانی متمانە و پاراستنی مامۆستایان بەڵکو زانستیانە ھەنگاو بنێ لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژنیەوەی زانستی کەوا قوتابی لای وەزارەتی پەروەردە بێت تا قۆناغی ئامادەیی تەواو دەکات، بەڵام بۆ وەرگرتن لە زانکۆ و پەیمانگاکان ئەرکی وەزارەتی خوێندنی باڵا بێت، چونکە ئەو تاقیکردنەوەیەی کە ئێستا ئەنجام دەدرێت دوو ئامانج دەپێکێ "ھەم دەرچوونی قوتابی لە قۆناغی ئامادەیی ھەمیش وەرگرتنی قوتابی لە زانکۆکان" کە ئەمەش بێگومان ھەم ئەستەمە لەسەر شانی قوتابی و کەس و کاری ئەوا بە درێژایی ساڵ ھەموو ئەندامانی خێزان لە دڵە ڕاوکێ دان ، ھەمیش وەزارەتی پەروەردە بتوانێ پەیامی دەرچوونی قوتابیەکان بە درووستی و بێ خەوش ڕابگەینێ و مامۆستاکان و سەرجەم کایەکانی وەزارەتی پەروەردە ئاسوودەبن.
ھەروەکو لە زۆربەی ھەرە زۆری ووڵاتانی دراوسێ و دەرەوە ھەمان سیستەم پەیرەو دەکرێ کە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا چەندەھا پرسیاری جۆراوجۆر ئامادە دەکرێ لە یەک رۆژدا یان دوو رۆژ دەتوانن وەرگرتنی قوتابیان لە کۆلێژ و پەیمانگاکان ڕابگەینن کە دەکرێ لە ناوەڕاستی وەرزی ھاوین ئەنجام بدرێ وە ئاسایی یە خولی دووەم ھەر لە کۆتایی مانگی ئاب دا ئەنجام بدرێ ، ئەمەش دەبێتە ھەلێکی زێرین بۆ قوتابیە خۆشەویستەکان ئەوانەی دەیانەوێ لە زانکۆکان بخوێنن ئەوکات وەزارەتی خوێندنی باڵا دەتوانن سوود لە ئەزموونی وولاتانی پێشکەوتوو وەربگرن ، وە دەکرێ قوتابیان بۆ ساڵی تریش بەشداری ئەو تاقیکردنەوەیە بکەنەوە بۆ وەرگرتنیان لە کۆلێژی بەرزتر.
کە دڵنیام ھەم وەزارەتی پەروەردە رزگاری دەبێت لەم ھەموو ماندووبوون و ڕا ڕایی و نەمانی متمانە و مامۆستاکانیش ئاسودە تر دەبن و ئەم ھەموو مەسروفی تاقیکردنەوەکانیش دەگەرێتەوە و گرفتی چوون و نەچوونی مامۆستا بۆ ھۆڵەکان و بەرێوەبەری ھۆڵەکان و سەرجەم لێژنەکانی ئەزموونی کە ساڵانە بە دڵنیایی پەروەردە زۆر پێەوە سەرقالە و ئاسودەش نین؟
کە بە دڵنیایی پەروەردە بە ھەموو کایەکانیەوە دەتوانێ زیاتر خۆی لە کۆمەڵگا نزیک بکاتەوە وە ستراتیژیەتیی نوێ پەروەردە کردنی کۆمەڵکا لە رێگەی تاکەکان بگرێتە بەر.
بەکر کەریم حەسەن
بەرێوەبەری گشتی چاڵاکی وەرزشی و ھونەری
Top