منیش خۆم رۆشنبیر ده‌كه‌م

منیش خۆم رۆشنبیر ده‌كه‌م
له‌ كوردستان به‌ گشتی و به‌ تایبه‌تیش له‌ سلێمانی هه‌ر كه‌سێك بڵێ: زه‌مینه‌ بۆ گشتپرسی و راگه‌یاندنی ده‌وڵه‌تی كوردی له‌بار نییه‌، دوای ئه‌وه‌ش چه‌ند هه‌واڵێكی ناڕاست بڵاو بكاته‌وه‌ و به‌ ده‌میه‌وه‌ هه‌ندێ جنێوی بازاڕیش به‌ پارتی بڵێ و سوكایه‌تیش به‌ خوێنی شه‌هیدان و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی كورد بكا و پێشمه‌رگه‌ش به‌ میلیشا ناوبه‌رێ، هه‌م رۆشنبیر و هه‌میش بێلایه‌ن، جا چه‌ندی دژی سه‌ربه‌خۆیی بی و هه‌واڵه‌كان ناڕاستتر بن و جنێوه‌كان بازاڕی تر و سوكایه‌تیه‌كانیش گه‌رموگوڕتر بن، ئه‌وه‌نده‌ش رۆشنبیرتر و بێلایه‌ن تری، منیش به‌م ره‌خنه‌یه‌ له‌ حكومه‌ت و پارتی ریكۆرد ده‌شكێنم و پێش هه‌موو رۆشنبیركان ده‌كه‌ومه‌وه‌، چونكه‌ تا ئێستا هیچ كامێك له‌و رۆشنبیرانه‌ ئه‌قڵیان به‌وه‌ نه‌شكاوه‌ به‌م به‌راورده‌ حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌نده‌ی تر له‌به‌ر چاوی دۆبست و دوژمن نابووت بكه‌ن.
ئه‌مه‌ریكا فرۆكه‌ی (ئێف 35و بی 52)ی هه‌یه‌، به‌شی چه‌ندین جار وێران كردنی هه‌موو دونیا و سڕینه‌وه‌ی ئاسه‌واری ژیان له‌سه‌ری كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی هه‌ن، روسیاش له‌و رووه‌ وه‌ هیچی له‌ ئه‌مه‌ریكا كه‌متر نییه‌، كوڕه‌ له‌وه‌ گه‌ڕێن جوله‌كه‌ به‌ جوله‌كایه‌تی خۆیه‌وه‌ ده‌ڵێن (350) كڵاوه‌ی ئه‌تۆمی هه‌یه‌، ئاخر حكومه‌تی نا هه‌رێمی نا كوردستان (25) ساڵ ته‌مه‌نته‌، ئاخر پارتی دیموكراتی كوردستان (25) ساڵه‌ ده‌ستت به‌سه‌ر حكومه‌تدا گرتووه‌و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستانت له‌ناو حكومه‌ت ده‌رپه‌ڕاندووه‌ و له‌ دووره‌وه‌ كسكه‌ی چاوی دێ و له‌ دانوان ئاویشی به‌ده‌ست نییه‌، كوردستانیش له‌سه‌ر ده‌ریای نه‌وت و زێڕی ره‌شه‌، به‌و ماوه‌ دوور و درێژه‌ نه‌ (شێف 35 و بی 52)ت بۆ درووست كردین و نه‌ كڵاوه‌یه‌كی ئه‌تۆمی، تو ئه‌و خوایه‌ی له‌سه‌ر سه‌رانه‌ حكومه‌ت چۆن له‌ رووت دێ به‌خۆت بڵێێ حكومه‌ت؟؟!!
Top